Draw Media

قه‌یرانی شوناسی جێنده‌ری له‌ سیاسه‌تدا

قه‌یرانی شوناسی جێنده‌ری له‌ سیاسه‌تدا

2021-01-07 08:10:52


د. ڤیان فه‌ره‌ج
 به‌شی یه‌كه‌م


ماوه‌ی پتر له‌ شه‌ش ساڵ ده‌بێت، لێره‌و له‌وێ، جار جار له‌ رۆژنامه‌ ئه‌له‌كترۆنییه‌كان و جار جاری تر له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیم له‌ سۆشیال مێدیا وتارێك له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ده‌نوسم، چه‌ند جارێكی كه‌میش به‌ زمانی ئینگلیزی له‌ پلاتفۆرمه‌ كوردیه‌كانی هاوشێوه‌ی كوردش تربیون له‌م باسه‌ دواوم، به‌ڵام ماوه‌ی ئه‌م ساڵی رابردوو، كه‌ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ بوو بۆ به‌خۆداچونه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی پلانه‌كان، هانده‌ربوو بۆ ئه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌كانم رێك بخه‌مه‌وه‌، له‌گه‌ڵیشیدا ئه‌و نوسینه‌ كورت و درێژانه‌ش كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ساڵه‌دا نوسیومن و بڵاوم نه‌كردونه‌ته‌وه‌ جارێكی تر بخوێنمه‌وه‌و دوای رێكخستنه‌وه‌و كه‌م و زیادكردنیان به‌ زنجیره‌یه‌ك له‌ژێر ئه‌م ناونیشانه‌دا بڵاویان بكه‌مه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ هه‌وێنی كتێبێكی زانستی ده‌بێت، كه‌ به‌ده‌گمه‌ن به‌زمانی شیرینی كوردی توانراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئه‌كادیمی بنوسرێت. پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بنوسم، له‌هه‌ر به‌شێكدا ناوی ئه‌و نوسه‌رو بیریارانه‌ ده‌نوسم كه‌ سه‌رچاوه‌ی هانده‌ری نوسینه‌كانم ده‌بن، بۆ ئه‌م به‌شه‌ سودم له‌ نوسینێكی (جانێت سالی) وه‌رگرتووه‌ له‌ژێر ناوی  (زمان و جێنده‌ر).

له‌راستیدا ئێمه‌ به‌ مه‌عریفه‌ی جێنده‌ری ده‌وردراوین، زانین یاخود مه‌عریفه‌ی جێنده‌ری له‌ گفتوگۆكانمان، شۆخیه‌كانمان، ئازارو دڵخۆشیه‌كانمان ته‌نانه‌ت له‌ململانێكانیشماندایه‌. جێنده‌ر به‌قووڵی  خۆی خزاندووه‌ته‌ ناو هه‌موو پێكهاته‌یه‌كی ژیانمانه‌وه‌، له‌ داموده‌زگاكانماندایه‌، له‌ كرده‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌‌كانماندا، له‌ بیروبڕواكانمان و حه‌زوئاره‌زووه‌كانماندایه‌و كه‌چی به‌ ئاسایی هه‌موو ئه‌و بوونانه‌ وه‌رده‌گرین، وه‌ك ئه‌وه‌ی سروشتی و ئه‌زه‌لی بن. زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌پرسین له‌ كوێوه‌ هاتوون و بۆ وا هاتوون؟ له‌هه‌موو كایه‌یه‌كی ژیاندا ته‌نراوین به‌و سه‌دان و هه‌زاران بیرو تێگه‌یشتنانه‌ی ره‌هه‌نده‌ جیاوازه‌كانی ژیان، به‌جۆرێك، وه‌ك راستی زانستییان لێهاتووه‌و ده‌شێ ده‌یان به‌ڵگه‌ی تێگه‌یشتنی گشتی بۆ سه‌لماندنیان بهێنرێته‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ترادسیۆناڵدا ده‌كه‌وینه‌ گفتوگۆ ده‌رباره‌ی، ته‌نانه‌ت ده‌شێ ئه‌م كه‌سه‌ ترادسیۆناڵه‌ ئاستێكی به‌رزی ئه‌كادیمیشی هه‌بێت، به‌ڵام مه‌عریفه‌ی جێنده‌ری به‌و جۆره‌ی كه‌ باوه‌، ئه‌وه‌نده‌ ره‌گداكوتراوه‌ له‌ هه‌ست و نه‌ستیشماندا، پێویستی به‌ ڕاچه‌نینێكی فریكوێنسی به‌رز هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پرسیار له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئه‌تمۆسفێره‌ ترادسیۆناڵه‌ی پێی راهاتوین دروست ببێت. بۆیه‌، ئه‌وه‌ ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ گشتییه‌وه‌ له‌وه‌ بكۆڵینه‌وه كه‌ به‌تێگه‌یشتنی گشتی ده‌ناسرێت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌، ئه‌مه‌ش بۆ خاتری ئه‌وه‌نا له‌ راست و دروستی زانستییان دڵنیابین، چونكه‌ راستودروستییه‌كان زیاتر قیل و قاله‌و به‌ڵگه‌ی ئاینی و ویژدانی و سایكۆلۆجی به‌هێزیش هه‌ن بۆ سه‌لماندنیان، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ره‌داوانه‌ دیاریبكه‌ین كه‌ كردونیه‌ته‌ تێگه‌یشتنی گشتی، چونكه‌ گرفته‌كه‌ لێره‌دایه‌. چونكه‌ جێنده‌ر به‌شتێكی سروشتی ده‌زانرێ به‌و واتایه‌ی ژنبوون و پیاوبوون رۆڵی تایبه‌ت ده‌گێڕن له‌ ژیاندا، كه‌واته‌ بیروبڕواكانی ده‌رباره‌ی جێنده‌ریش به‌ راستی زانستی ده‌بینرێن كه‌ پویستیان به‌ به‌ڵگه‌و سه‌لماندن نییه‌.

مرۆڤه‌كان زۆرینه‌ی جاره‌كان چه‌ندباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌خۆشیان نازانن ره‌فتاری جێنده‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌داوه‌كان دیاریبكه‌ین پێویسته‌ خوێندنه‌وه‌یه‌كی تر بۆ جێنده‌ر بكه‌ین، به‌جۆرێك له‌وێدا ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ گشتیانه‌ی له‌سه‌ری راهاتوین بوه‌ستێنین بۆشاییه‌كی مه‌عریفی دروستبكه‌ین تاوه‌كو رێگه‌ له‌به‌رده‌م دروستكردنی پرسیاردا خۆش بكه‌ین و بكه‌وینه‌ پرسیاركردن له‌سه‌ر ئه‌و بیروبۆچونه‌ بنه‌ڕه‌تییانه‌ی هه‌مانه‌ ده‌رباره‌ی. ژنێك بۆ ده‌بێ به‌ ئه‌ندامێكی نێرینه‌، كه‌ نیه‌تی، جنێو به‌ ژنێكی تر بدات! پیاوێك بۆ ده‌بێت هاوجێنده‌رێكی خۆی به‌ كراسێكی په‌مه‌ییه‌وه‌ وه‌ك ژن و كچۆڵه‌ ببینێت؟ ژنێك بۆ ده‌بێت كچه‌كه‌ی بكاته‌وه‌ به‌ كۆپی خۆی؟ پیاوێك بۆ ده‌بێت كوڕه‌كه‌ی بۆ هه‌موو جێگه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌رێ و چاوه‌ڕوانی بردنه‌وه‌ی شه‌ڕێكی لێ بكات كه‌ له‌گه‌ڵ مناڵێكی كوڕی هاوته‌مه‌نیدا ئه‌نجامی ده‌دات؟   

هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ ئاسان نابێت، چونكه‌  جێنده‌ر كرۆكی تێگه‌یشتنه‌كانمانه ‌ده‌رباره‌ی خۆمان و ئه‌و گه‌ردونه‌ش تیایدا گوزه‌ر ده‌كه‌ین به‌شێوه‌یه‌ك ئاسان نییه‌ له‌ دیدێكی تره‌وه‌ تێی بڕوانین. دروستكردنی دیدێكی تر پویستی به‌ جۆرێكی تر له‌ مه‌عریفه‌یه‌، كه‌ به‌ ئاسانی دروستنابێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، خودی توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ئاڵه‌نگارییه‌ بۆ ده‌رخستنی پرۆسه‌ی دروستكردنی تێگه‌یشتنێك كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دورودرێژ بڕوامان له‌سه‌ر بونیادنابوو سروشتی و بێره‌حمه بۆ به‌دواداچون و بنكۆڵكردنی جێنده‌ر. به‌و جۆره‌ش نا كه‌ وێناكراوه‌، به‌ڵكو وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی به‌ده‌ستهاتوو، به‌و واتایه‌ی وه‌ك هۆكار نا، به‌ڵكو وه‌ك ئه‌نجام، وه‌ك تاكه‌كه‌سیش نا، به‌ڵكو وه‌ك كۆمه‌ڵ. ده‌ره‌نجامی شكست له‌ داننان به‌م ئاڵه‌نگارییه‌دا ته‌نها له‌ مێدیا گشتی و به‌رچاوه‌كاندا نابینرێت، به‌ڵكو له‌ بواری ئه‌كادیمی زمان  و جێنده‌ریشدا به‌ زه‌قی ده‌بینرێن. بۆیه‌ ئه‌م ئاله‌نگارییه‌ هه‌وڵێكی زیاتری ده‌وێ له‌وه‌ی مرۆڤێك –ناڵێم ژن یان پیاوێك- وێنای ده‌كا، چونكه‌ بێئاگایانه‌ رۆژانه‌ وه‌ك ئه‌و كۆمه‌نسته‌ی بۆ دروستكردنی بڕوا لای به‌رامبه‌ره‌كه‌ی سوێند به‌ خودا ده‌خوات، جێنده‌ردۆستانیش به‌ دیوه‌ مه‌عریفیه‌ زانستییه‌كه‌دا رۆژانه‌ دوچاری رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌شیاندا ده‌بنه‌وه‌ له‌وه‌ی ململانێی مه‌عریفی جێنده‌ری لایان دروستده‌بێ هه‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی ستایڵی قژو نینۆكیانه‌وه‌، یاخود ره‌نگی كراسه‌كه‌و پاژنه‌ی پێڵاوه‌كانیان، تا ده‌گاته‌ گفتوگۆو ئه‌رگیومێنتی به‌هێزی زانستی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ چونكه‌ دواجار به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان خواستی قبوڵكردنی یه‌كسانی لای خۆیان و تێگه‌یشتنی گشتی له‌سه‌ر پرسی جێنده‌ر لای ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی ساده‌ی ئه‌و ململانێیانه‌. له‌ئه‌نجامدا ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵی وه‌لانانی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ گشتییه‌ ده‌ده‌ن له‌ ویژدانی گشتیدا، خۆشیان ده‌بنه‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی هاندان و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ گشتییانه‌.

به‌نمونه‌، كۆرپه‌یه‌كی ژێر ته‌مه‌نی ٢٠ هه‌فته‌ له‌مناڵدانی دایكیدا، ته‌نها كۆرپه‌یه‌كه‌و دایكوباوك به‌په‌رۆشه‌وه‌ پێشوازی له‌هاتنی ده‌كه‌ن، به‌ڵام ته‌نها هه‌فته‌یه‌ك یان دوان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی پێشبینی به‌كچكردن یان كوڕكردنی ئه‌و كۆرپه‌یه‌ ده‌ستپێبكات له‌لایه‌ن خودی دایك و باوكه‌كه‌و داپیره‌و باپیره‌و پورو خاڵ و مامه‌كانییه‌وه‌، به‌جۆرێك هه‌موان‌ بێ ئاگا به‌دوای ناوی ناسك و نه‌رمونیاندا ده‌گه‌ڕێن بۆی، ئه‌گه‌ر كچ بوو، ره‌نگی په‌مه‌ی بۆ جل و به‌رگه‌كانی هه‌ڵده‌بژێرن، ئه‌گه‌ر كوڕ بوو شین و نیلی و قاوه‌ی. ئیتر لێره‌ به‌دواوه‌ له‌ (كۆرپه‌كه‌م) و (مناڵه‌كه‌ی سكم)ه‌وه‌ زمانی گفتوگۆ ده‌گۆڕدرت بۆ كچه‌كه‌م و كوڕه‌كه‌م. له‌رابردوویه‌كی نزیكدا ته‌نها (كۆرپه‌كه‌م‌) زمانی ئاخاوتنی نێوان دایكه‌كه‌و ئه‌و بونه‌وه‌ره‌ی ناویه‌تی، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا به‌هه‌مان شێوه‌. به‌ڵام ئیتر ئه‌مه‌ له‌ دوای بیسته‌م هه‌فته‌وه‌ گۆڕدرا. بۆ كوڕێك ناوی شاخ و باڵنده‌ی به‌رزه‌فڕو پاڵه‌وانێتی هه‌ڵده‌بژێردرێ و بۆ كچیش هه‌ناسه‌و په‌پوله‌و تارو ئاواز! لێره‌وه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاوه‌كانی مه‌عریفه‌ی جێنده‌ری ده‌ستپێده‌كات و هێواش هێواش تا ئه‌و دوو بوونه‌وه‌ره‌ گه‌وره‌ ده‌بن و ده‌مرن، هه‌زاران جیاوازی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ نێوانیاندا دروست ده‌بێ، له‌ كاتێكدا تا بیسته‌م هه‌فته‌ی ته‌مه‌نیان له‌ناو سكی دایكیاندا هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوانیاندا نه‌بوو!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand