پاراستنى قەوارەی هەرێم..
2021-01-04 18:14:53
حلمی رەسول رەزا
بمانەوێ یان نا.. حاشا بکەین یان نا.. ئەم پارچە خاکەی کورد تیایدا فەرمانڕەوایە.. رێک بەرهەمی پێنج هەزار ساڵ خەبات و ماندوبونی گەلانی زاگرۆس ە.. نەوە لەدوای نەوە تەسلیمی یەکتریان کردوە.. خوریەکان گەیاندیان بەدەستی میتانیەکان .. گوتیەکان گەیاندیانە دەستی کاشیەکان.. لەوانەوە دەست بەدەست هاتە لای میدیەکان..
ئەمە چەند نمونەیەکی فەرمانڕەوایی دیارو زیندوی رۆژهەڵاتی نزیکی کۆنە کە رەگەزی زاگرۆس و باوباپیرانی کورد حوکمڕانییان کردوە..
لە میژووی نوێ و هاوچەرخیشدا دەست بەدەست گەیشتۆتە دەست یەکیتی و پارتی و گۆڕان ... لەم پارچە بچوکەی پێی دەڵێن باشور..
پیشاندانی ئەم نمونەیەی حوکمڕانی کوردی لەماوەی بیست و نۆ ساڵدا، بەداخەوە بەشى زۆرى مایەى نیگەرانى هەڵوێستە لەسەر کردن بووە، ئەوی تری هەموو کیشەکان بەچارەسەر نەکراوى بەسەر یەکدا کەڵەکە کرا.. کار گەیشتۆتە ئاستێک شەیتانی رەجیم حەسودی پێ نابات..
ئەوانەشى ویستیان بەباڵۆنی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کوردی، بەمەرامى خۆیان بگەن و ئێستاش دەیانەوێ بەو ناوەوە بەردەوامی بدەن بەم حوکمرانیە، جگەلەوەى زیانیان بە ناو و ناوبانگى خەباتى راستەقینەى خەڵک گەیاند، لەئیستاشدا ئەوەی لەم جوارچیوەیەدا نەبێت بە ناپاک و خائین وێنای دەکرێت و هەر بە پارەی دزی و تاڵانیش لە سۆسیال میدیاو میدیای بیستراوو بینراو دەیکەنە ئیبلیس و رەجم کردنی حەڵاڵ دەکرێت..
ئەى چارە چیە؟؟
لەم دۆخەدا رێککەوتن لەگەڵ بەغدا یەکێکە لە چارەسەرەکان بۆ ئەهوەن بونەوەی ژیانی خەڵک رزگارکردنى خەڵکى هەژار لەبرسێتى، چونکە پێچەوانەوکەى رەنگە گڕەکەی دارو بەرد، تەرو وشک پێکەوە بسوتێنێ.. خۆ گەر بەڕێوەبەرانی ئەم حوکمڕانییە پرۆفیشناڵەی خۆی وەک رۆستەمی زاڵ دێتە بەرچاو .. رێککەوتن بە نەنگی و تەسلیم بوون دەزانێ بە "عەرەبی پاپەتی" .. دەکرێ بڕیار بدات واز لە دزی و قاچاخچێتی ودەستوەردان لەبازار بێنێ و ئەو داهاتەی هەیە بیدەنەوە بەخەڵک، چونکە جگە لەم دوو رێگایە رێگاى سێهەم بوونى نییە، لەراستیشدا قەوارەکە بە فیعلی لە مەترسیدایە، چارەسەریش ئەوەیە بەراستگۆیانە، یان ئەمیان یان ئەویان ..