Draw Media

گاڕان لە خڕەوە دەبەن 

گاڕان لە خڕەوە دەبەن 

2021-01-02 16:10:47


دانا رەشید

سلێمانی ئەو شارەی کە لە هەموو کوردستاندا  شارێکە بەدەستی کورد خۆی دروست کراوە ، شارێکە لەسەر هیچ بنەمایەکی تائیفی ، بنەماڵەیی ، خێڵەکی ، دینی و تەریقەتی بنیات نەنراوە ، بەڵکو  شارێک دروست کرا کە مەڵبەندی بیرو هۆشیاری بێت، ببێت بە پایتەخت ، پایتەختی  بە قەولی ئەوکات ( ویلایەتی کوردستان ) کە  وەک هەر ویلایەتیێکی تر لە قەڵەمرەوی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی ، راستەوخۆ بە   قەسری سوڵتانەوە بەسترابێتەوە ، ئیدی لە ژێردەستەیی والی بەغدا رزگاری بێت ،  ئەم  بیرە  لە لایەن  سێ لە فەرمانرەواکانی میرایەتی بابان  هەوڵی بۆ دراوە ، سلێمان پاشا ،  محمود پاشوو ، عبدالرحمان پاشا ،  دیارترینیان سەردەمی عبدالرحمان پاشای بابانە ، چونکە لە هەموو میرەکانی تری بابان زیاتر حوکمی ناوچەکانی کردوە ، واتە مەهامی دروست کردنی شارێک کە پایتەختی ئیمارەتی بابان لە قەڵاچوالانەوە  بهێنتە دەشتی شارەزور و  ببێت بە شاری سلێمانی و خەونی سەربەخۆ بوونی کوردستانی تێدا  بەرجەستە بکرێت ، دەبێت شارێک بێت بۆنی شارە رۆشنبیرو بەهۆشەکانی  دنیای لێ بێت ، هەروەک  بۆ بنیات نانی  لە شارەکانی تەبرێزو  ورمیەو سنەوە  تا  ئەمەد و ئیزمیر وەستای لێوەشاوە هاتون   مزگەوت و حەمامم و  قەڵاکانی دەرباری شاو ، مەدرەسەو  رێگاو شەقام و  زێراب و ئاوەرۆو  چەندین کارێزی ئاو ، چەند پرۆژەی تر  دروست کراون ، شار  بە هەوای شارستانییەتێک هاتە بوون و هەناسەی دا ، هە هەرزوو بوە جێگەی تێرامان و چاو تێبرینی هەرچی داگیرکەرو ناحەزە تا ئەمرۆ ، شار وەک مەڵبەندی  ئیدارەی  میرایەتی بابان  بوو بە مەڵبەندی  کۆکردنەوەی زۆرێک لە عولەماو  زانایانی سەردەمی خۆی ، جگە لە فەرمانرەوایی بابان لەژیر هیچ  مەرقەدو تەریقەت و  مەرجەعێکی دینی  نەبوە ، هەربۆیە هەمیشە و تا ئێستە شاری سلێمانی ، نە خێڵ نە دین نە تەریقەت  نە مەرجەع باڵادەست نی یە ناشبێت ، شار  بە هەواو نەسیمی شارستانیانە  هەناسەی ژیان دەدات و دەشنێتەوە ، شێخ مارفی نۆدێ ڕابەری تەریقەتی قادری و   مەولانە خالیدی نەقشبەندی ڕابەری تەریقەتی نەقشی لە سلێمانی بوون وەلی  حوکمدارو مەرجەعی بریاری سیاسی نەبوون ،  ئەوە  دەسەڵاتی پاشاکانی بابان حوکمڕانیان کردوە ،  خەڵکی سلێمانی  بە خوێندەوارو نەخوێندەواریەوە بە فترەت رۆشنبیرن ، ئەم رۆشنبیریەش لە دروست کردنی شارەوە سەرچاوەی گرتوە ، سلێمانی بۆیەکەم جار پیش ئەوەی پەیمانەکانی سایکسپیکۆ و سیڤەرو  لۆزان بێتە ئاراوە ، لە لایەن ئینگلیز کراوە بە دەوڵەت و حکومەت ، کاتێ مستەفا ئەتاتورک لەدەستی ئینگلیزو فەرەنسا  ئیختیفای کردبوو ، وەلی مەخابن  ناحەزانی کورد  نەیان هێشت سەربگرێ ،  سلێمانی بۆیەکەم جار لە مێژوی عیراق بە دروشم و لافیتەو مونەزەم خۆپیشاندانی کرد دژی  بەغدا ، ساڵی ١٩٣٠  کە هەموو عەرەب نەیان دەزانی خۆپیشاندان چیە ، سلێمانی  پێشرەوی شانۆ و وەرزش و  هونەرو ئەدەب بوە  شارو شوێنانی تر لێرەوە دەستیان پێ کردوە ، سلێمانی پێشرەوی رۆژنامە نوسی و  دەنگی موعارەزە بوە ، سلێمانی  مەڵبەندی دروست بوون و کوانوی هەموو حیزب و رێکخراوەکان بوە ،  سلێمانی وەک  ئەو خوێندکارە عەرەبانەی لە زانکۆی سلێمانی ساڵانی حەفتاکان خوێندویانە  دەیان وت،  پارچەیەک لە فەرەنسایەو کەوتۆتە  ئەو ناوچەیەوە ،  وەلی مەخابن ئەوا ٣٠ ساڵە  دوای ڕاپەرین بە پیلان و  بەدەستی ئەنقەست ، ئەم شارە لە فکرەوە لە ئەدەب و فەرهەنگەوە ، لە  شارستیەتەوە لە  هونەرەوە  لە هەرچی جوانیەوە  هەڵدەتەکێنرێت و  لە  پایتەختی جوانی شۆرش و  رۆشنبیەوە  وەردەگێردرێتە سەر  مەرجەعێکی گەورەی  تەریقەت  ، جا ئیدی  هەر ئەوە ماوە بە رۆشنببیر بوترێ مورید  و بە خەڵکی شاریش بوترێ دەروێش .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand