رێگەی سه‌ری حوسێن، ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بۆ كورد
2021-01-02 10:36:20
عارف قوربانی
یه‌كێك له‌و كاره‌كته‌ره سیاسییانه‌ی كورد كه لەدوای كه‌وتنی سه‌دام له به‌غدا بوو، بۆی گێڕامه‌وه گوتی رۆژێك له‌گه‌ڵ پۆڵ برێمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نی عێراق له ژووره‌كه‌ی دانیشتبووین باسی ره‌وشی ئه‌منیی عێراقمان ده‌كرد، رۆژی پێشووتر ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له كه‌ربه‌لا رووی‌دابوو و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كوژرابوون. من گوتم ئه‌مڕۆ مه‌راسیمی گه‌وره هه‌یه له كه‌ربه‌لا به‌هیوام باش كۆنترۆڵ كرابێ، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ كرده‌ی تیرۆریستی رووبدات، قوربانیی زۆر زۆری لێده‌كه‌وێته‌وه. كۆنترۆڵی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌شم به‌ده‌سته‌وه بوو به‌نێو كه‌ناڵه‌كاندا ده‌گه‌ڕام، له‌و كاته‌دا چووه سه‌ر دیمه‌نی راسته‌وخۆی مه‌راسیمی شیعه‌كان كه به سه‌تان هه‌زار كه‌س به‌شدارییان كردبوو، له‌سه‌ر ئه‌و كه‌ناڵه رامگرت و گوتم ئه‌وه كه‌ربه‌لایه.
پۆڵ برێمەر وایزانیبوو ئیمامی حوسێن لە تەقینەوەیەکی 2003 لە کەربەلا کوژراوە
له‌ناو دیمه‌نه‌كاندا جارجار زوومی كامێرا ده‌چووه سه‌ر كاره‌كته‌ره سیاسی و سه‌ركرده‌كانی شیعه كه له مه‌راسیمه‌كەدا به‌شداربوون و ئه‌وانیش وه‌ك به‌شداربووانی دیکە شینیان ده‌گێڕا. پۆڵ برێمه‌ر به ده‌موچاو هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی ده‌ناسییه‌وه، لێی پرسیم ئه‌وه بۆ هه‌موویان ده‌گرین، منیش گوتم بۆ ئیمام حوسێن. برێمه‌ر لێی پرسیم: ئایا له ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دوێنێ كوژراوه؟ پێم گوت نه‌خێر، 1400 ساڵ پێشتر كوژراوه، به‌ڵام شیعه‌كان ساڵانه وه‌ك نه‌ریت چه‌ندین بۆنه‌یان هه‌یه بۆ ئه‌م رووداوه، ئیتر كه‌وتمه گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی كوشتنی حوسێن و گوتم ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ش سه‌دام حوكمی كردووه رێگه‌ی نه‌داوه به ئازادی ئه‌م مه‌راسیمانه بگێڕن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مجاره به ئازادی ئه‌و یاده ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه ده‌بینی هه‌ست و سۆزێكی تێكه‌ڵ به ئازادییان هه‌یه له‌گه‌ڵ ماته‌مینییه‌كه‌یاندا، كه من ئه‌م قسانه‌م ده‌كرد، پۆڵ بریمه‌ر چووبووه ناو خه‌یاڵێكی قووڵه‌وه و چاوی له‌سه‌ر شاشه‌كه نه‌ده‌جووڵاند، واهه‌ستم كرد ره‌نگه گوێی نه‌دابێته قسه‌كانم، كه من راوه‌ستام برێمه‌ر گوتی ئه‌وانه‌ی تۆ ده‌یڵێیت هه‌مووی باسی رابردووه، به‌ڵام من بیر له داهاتوو ده‌كه‌مه‌وه، ده‌بێت ئه‌مانه ئاینده‌ی عێراق به‌ره‌و كوێ ببەن؟
ئاوڕدانه‌وه له مێژووی ئه‌م نزیك به هه‌ژده ساڵه‌ی عێراق، پێویستی به‌هیچ توێژینه‌وه و خۆماندووكردنێك نییه تاوەکو ئه‌و ئه‌نجامه به چاوێكی روون ببینیت، کە ئه‌و عه‌قڵه‌یه‌ته عێراقی به‌كوێ گه‌یاندووه. دیمه‌نه‌كانی كوشتنی هه‌زاران كه‌س له مامۆستای زانكۆ و پزیشك و ئه‌ندازیار و ئه‌فسه‌ر و فڕۆكه‌وان و ئه‌كادیمسته‌كانی سووننه ته‌نیا له‌سه‌ر (ناوه‌كانیان)، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌یت عێراق چ خه‌راباتێكه. وێناكردنی داهاتووش هێنده ئه‌ركێكی قورس نییه تاوەکو پێویستی به لێكۆڵینه‌وه‌و شه‌نوكه‌وكردن و تێگه‌یشتن له ئامانج و ستراتیجی شیعه‌كان بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه تێبگه‌یت پاش ده ساڵی دیکە عێراق چی به‌سه‌ر دێت. هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێك هێنده‌ی شیعه‌كان له‌وه‌دا شه‌فاف نه‌بوون، كه به ئاشكرا ده‌یانه‌وێ پێكهاته مه‌زهه‌بی و ئیتنیكییه‌كانی دیکە له‌ناو مه‌زهه‌بی شیعه‌دا بتوێننه‌وه. ئه‌وه‌ی سه‌دام ده‌یویست به پرۆسه‌ی ته‌عریب بیكات و نه‌یتوانی هه‌موو ئامانجه‌كانی بپێكێت، ئێستا ئه‌مان به سیاسه‌تی ته‌شه‌یوع به‌ره‌و لووتكه سه‌رده‌كه‌ون.
شیع له‌وه‌دا شه‌فافن، كه به ئاشكرا ده‌یانه‌وێ پێكهاته مه‌زهه‌بی و ئیتنیكییه‌كانی دیکە له‌ناو مه‌زهه‌بی شیعه‌دا بتوێننه‌وه
ته‌نیا له دوو كرده‌ی پرۆسه‌ی (هێنان و راوه‌دوونانی داعش) كۆتاییان به هه‌ژموون و له‌مپه‌ری سه‌ت ساڵه‌ی سوننه‌كان هێنا. به ده‌ركردنی یاسا بۆ پارێزگاریی له شوێنه پیرۆزه‌كانی شیعه و به‌یاساییكردنی حه‌شدی شه‌عبی كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پێویستییه دروستكرا ئه‌ركی پاراستنی شوێنه پیرۆزه‌كانه، كه‌وتنه سه‌ر راسته‌ڕێی ئه‌و قۆناخه‌ش كه كوردیش به ده‌ردی سوننه‌كان ببه‌ن و زۆر زووتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا، به‌هۆی بیرنه‌كردنه‌وه‌و بێئاگایی كورد له‌وه‌ی چی له چوار‌ده‌وری ده‌گوزه‌رێت، خه‌ریكه له گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ش نزیكده‌بنه‌وه.
له‌م رۆژانه‌ی رابردوو له كه‌ناڵی ئاسمانیی كه‌ربه‌لا راپۆرتێكم بینی كه له تیمێكی پسپۆڕی مێژوویی و جوگرافی و ئاسه‌وارناس پێكهاتبوون ده‌ستیان به گه‌شتێكی كنه‌وپشكنین كردبوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و رێگەیه‌ی مه‌وكیبی سه‌ری حوسێن و سه‌بایه‌كانیان له كووفه‌وه پێدا بردووه بۆ شام. چیرۆكه‌كه به‌و جۆره ده‌گێڕنه‌وه دوای ئه‌وه‌ی حوسێن له کووفه ده‌كوژرێت سه‌ری له‌لاشه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و كچ و ژنانه‌ی ده‌ستگیرده‌كرێن به كاروانێك به‌ڕێده‌كرێن بۆ شام تا وه‌كو دیاری پێشكه‌ش به ركابه‌ره‌كه‌ی بكرێت. تیمه‌كه موژده‌ی ئه‌وه‌یان ده‌دایه شیعه‌كان كه رێگەكه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه و به ئاسکی موسڵ و نزیك ته‌لەعفه‌ر و به‌ناو شنگالدا تێده‌په‌ڕێت.
شاراوه نییه شیعە چاویان بڕیوه‌ته سه‌ر كورد و كوردستان و نه‌یان شاردووەته‌وه كورد وه‌ك مه‌ترسی به‌رده‌م خۆیان وێنا ده‌كه‌ن
هه‌رچه‌نده ئه‌م چیرۆكه كۆنه و شیعه‌كان زۆر له مێژه سێ وێنایان وه‌ك ئه‌گه‌ری رێگەی گه‌یشتن له كووفه شوێنی كوشتنی ئیمام حوسێنه‌وه بۆ دیمه‌شق شوێنی نیشته‌جێی یه‌زدی كوڕی مه‌عاوییه كێشاوه‌و زۆر توێژنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌یان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌چاوكردنی هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئه‌وكات رێگەكه بدۆزنه‌وه. ئه‌مه پرسێكه هێشتا به شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شاراوه نییه ئه‌وه‌یه كه شیعه زۆر به باشی توانیویەتی وه‌به‌رهێنان له ئایین و مه‌زهه‌ب و ئه‌و چیرۆكانه بكه‌ن كه له مێژووی ئیسلامدا روویانداوه. ئێستاش شاراوه نییه كه چاویان بڕیوه‌ته سه‌ر كورد و كوردستان و نه‌یانشاردووەته‌وه كورد وه‌ك مه‌ترسی به‌رده‌م خۆیان وێنا ده‌كه‌ن. بۆیه زۆر به ئاسانی ده‌توانن سه‌رنجی شیعه بگوازنه‌وه بۆ هه‌ر جوگرافیایه‌ك كه پێویستیان پێیه‌تی. دوای كه‌وتنی سه‌دام له ناوچه‌كانی دوزخورماتوو چیرۆكێكیان دروستكرد به‌وه‌ی ئه‌سپه‌كه‌ی ئیمام عه‌لی له‌سه‌ر ئه‌و كێوه راوه‌ستاوه كه ده‌ڕوانێته سه‌ر خورماتوو و ناوچه‌كانی بناری گلدا، ئیدی به‌زۆری زۆرداری كردیانه زیاره‌تگایه‌ك و هێزیان بۆ پاراستنی دروستكرد و ئه‌نجامی رووداوه‌كانیشمان بینی ئه‌و ناوچه‌یه چی به‌سه‌رهات.
كه‌م نه‌بوون ئه‌وانه‌شی له سه‌ره‌تای هاتنی داعش و گۆڕینی ئاراسته‌كه‌یان له ده‌روازه‌كانی به‌غدا و سامه‌ڕاوه بۆ گرتنی شنگال به‌وه لێكده‌دایه‌وه كه شنگال ئه‌گه‌ر له رابردوودا قوربانیی ئایین و نه‌ته‌وه بووبن، ئه‌مجاره بوونه قوربانیی جوگرافیاكه‌یان و گرتنی شنگال بۆ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌به‌ستنی هیلالی شیعی بوو، رێگەی گه‌یشتنی ئێران به شام. ئه‌گه‌ر ئه‌وكات باوه‌ڕ به‌و راستییه نه‌ده‌كرا، ئیدی ده‌بێت كورد به‌ئاگابێته‌وه‌و ورووژاندنی ئه‌م چیرۆكه تازه‌یه كه سه‌ری حوسێن به خاكی كوردستاندا گوازراوه‌ته‌وه بۆ دیمه‌شق، ئاماژه‌ی روون و ئاشكران بۆ پلانی داهاتووی شیعه كه ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌دا ده‌گرێت.
هه‌موومان ده‌زانین كاریگه‌ریی ئه‌و هه‌ست و سۆزه دروستكراوه تاوەکو چ ئه‌ندازه‌یه‌ك بۆ ناو قووڵایی دڵ و ده‌روونی تاك به‌تاك و ناو كۆمه‌ڵگه‌ی شیعی شۆڕبووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه چه‌ند به‌ند و بڕگه‌ی ده‌ستووری و یاساییان سه‌پاندووه به‌ناو بۆ پارێزگاریی له شوێنه پیرۆزه‌كانی شیعه. سبه‌ینێ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی مه‌رجه‌عێكیان داوایكرد پێویسته پیرۆزیی ئه‌و رێگەیه بپارێزین، به‌دڵنیاییه‌وه جێپێی هه‌ر ژن و كچێكی لایه‌نگری حوسێن كه وه‌ك سه‌بایا گوازراونه‌ته‌وه، به سریه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی پڕده‌كه‌نه‌وه. پێویسته كورد ئه‌مه وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیدار و راگه‌یاندنی سیناریۆیه‌ك بۆ ئاماده‌كردنی رای گشتی شیعی بۆ په‌لاماردانی كوردستان ببینێت.
دەبێت کورد سیناریۆی شیعەکان وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ په‌لاماردانی كوردستان ببینێت
خێره 1400 ساڵه په‌ییان به‌و نهێنییه نه‌بردووه كه له كام رێگەوه سه‌ری حوسێنیان بردووه بۆ شام، ئێستا لەم کاتەدا موژده‌ی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌كه ده‌ده‌ن به‌گوێی رای گشتی شیعه‌دا، كه ئه‌و رێگه‌یه كوردستانه؟
rudaw