Draw Media

پۆستی سەرۆک کۆمار و مشت و مڕی قورس!

پۆستی سەرۆک کۆمار و مشت و مڕی قورس!

2020-12-24 16:39:49


دڵشاد ئەنوەر

هاوشێوەی پۆستی سەرۆک وەزیران، چاوەڕوان دەکرێت، دوای هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق، چی لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، چی لە ناوخۆی هەرێمیش، مشت و مڕێکی قورس لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دروست ببێت.

ئەمجارە تەنها کورد چاوی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار نیە، بەڵکو سونەکانیش هەوڵی بۆ دەدەن و شیعەش وەکو پێشووتر، مامەڵە لەگەڵ ئەو پۆستەدا ناکات.

سونەکان هەرچەندە چاویان لە پۆستی سەرۆک کۆمارە، بەڵام پەرتەوازە و فڕە لق و پۆپن، گەر نێوماڵی خۆیان یەکنەخەنەوە، ڕەنگە هەوڵەکانیان بێ سود بێ، بەڵام گەر خۆیان یەکبخەنەوە و کاندیدێکی موەحەدیان هەبێ، دەتوانن گرفت بۆ کورد لە دەست گەیشتن بەو  پۆستە دروست بکەن.

لایەنە شیعیەکانیش تەواو نیگەرانن لە دکتۆر بەرهەم ساڵەح،  چیان بەسەر هاتووە، بەشێکی لەنێو چاوی ئەو دەبینن، بۆیە نایانەوێ بۆ داهاتوو، ئەو پۆستە هەمان گرفتی ئێستایان بۆ دووبارە بکاتەوە، دەیانەوێ کاندیدی کورد یان سونە بێ، ئەوان ڕایان لەسەر کاندیدەکە هەبێ.

گەر هەڵبژاردنی داهاتوو، گۆڕانکاری گەورە ڕوونەدات، کە چاوەڕوانی  گۆڕانکاری زۆر گەورەش  ناکرێ، مە حاڵە جارێکی تر، لایەنە شیعەکان ڕێگە بە بوون بە سەرۆک کۆمارەوەی دکتۆر بەرهەم بدەن، نازانم گەر فشاری دەرەکی بیسەپێنێ، ئەمەش قورسە، کە فشاری دەرەکی کەسێک بسەپێنێ، کە لەپەرلەمان دەنگ نەهێنێ.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، جاران پارتی کاری بۆ خۆبەهێزکردن لە ناوخۆی هەرێم و گوێ نەدان بە عێراق دەکرد، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە ، هەرێم لاواز و بێ ڕۆڵە، پارتی پێویستی بە خۆ بەهێزکردنە لە بەغدا، بۆیە هەموو هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمارە.

کاتێک پارتی قوباد تاڵەبانی وەکو سەرۆکی وەفد دەنێرێتە بەغدا و ئەو ڕۆڵەی پێدەدات، هۆکارەکەی تەنها ئەوەیە، کە ئەو حیزبە لە بەغدا دۆستەکانی  لەدەستداوە و هەمووان بوون بە نەیاری، ئێستا حیزب و ڕۆژنامەوان و چالاکوان و شەقامی عێراق،  هەمووان لەسەر دژایەتی  هەرێم هاوڕان، ئەمە پارتی تەواو نیگەران کردووە.

پارتی دەیەوێ خولی داهاتووی هەڵبژاردن، بگاتە وێستگەیەک بۆ خۆبەهێزکردن لە بەغدا، دەیەوێ لە ڕێگەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و ناردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو پۆستە، لەسەر ئاستی عێراق خۆی بەهێز بکاتەوە و مەلەفی عێراق بخاتەوە دەست خۆی.

هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی پارتی دا، پێناچێت یەکێتیش دەستەوەستان بێت، چونکە ئەم حیزبە هەرچەندە لەناوخۆی هەرێم، زۆر ڕۆڵی نیە و دەزگا دبلۆماسیەکان هەمووی لای پارتین، بەڵام بوونی پۆستی سەرۆک کۆمار لای، تا ڕادەیەکی  زۆر پارسەنگی ڕاگرتووە و کەلێنی لاوازیەکەی هەرێمی بۆ پڕ کردووەتەوە، بۆیە بە ئاسانی مل نادات بەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری لە چنگ دەربهێنرێ، ئیلا مەگەر لە ناوخۆی هەرێم، شتی گەورەی بۆ بکرێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand