شاری گەشت و گوزار یا شیر و تیر وەشاندن
2020-12-24 08:43:08
شیلان دەرگەڵەیی
چەندی هەوڵ ئەدەم خۆم لە پۆستی سیاسی لادەم، کەسێک یا ڕوداوێک هەر ڕاماندەکێشێتەوە ناو سیاسەت.
ساڵی پار، وەک ئەو ڕۆژانە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بوو لە سلێمانی، من ئەندام کۆنگرەش نەبووم بەڵام بۆ ڕۆژانی کۆنگرە چوومەوە، لەگەڵ کەس و کار و چەندین هاوڕێی تریش کە وەک من ئەندام کۆنگرەش نەبوون بەڵام شەو و ڕۆژ بەردەم هۆڵی کۆنگرەمان جێ نەدەهێشت.
ئومێدی زۆرمان بە(نوێبوونەوە)ی یەکێتی هەبوو، وەک (بەقسەی خۆیان) بەنیازبوون نوێی بکەنەوە، خۆزگە هەر وەک خۆی بوایە نەک وێرانتریان ئەکرد.
بێ زێدەڕۆیی، لەو 124 کەسەی کە بەشێکی کەمیان بە دەنگی خۆیان و سێ بەشیشی بەساختەکاری دانران، 24 کەسی شایستەی تێدا نابینیەوە، نە ئاستی ڕۆشنبیری و سیاسیان هی ئەو پۆستەیە نە خۆشیان بڕوایان ئەکرد ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕێکەوت و واستە و ماستاوچێتی و کوتلەبازی و خۆبردنەپێش و شتی تر (کە تەنها خۆیان ئەزانن)، ئەیانگەیەنێتە ئەو پۆستە.
ئەوانەی لەناو حزبن زۆر لەمن باشتر ئەو ڕاستیە ئەزانن بەڵام هەریەکە و لەبەر هۆیەک ناوێرێ ئەو ڕاستیە بڵێ.
بەهەرحاڵ، لەو سەردانەی ئەوڕۆی کۆمەڵێک ژن بۆلای نەهرۆی کوڕی شێخ محەمەد کەسنەزانی؛ باشتر دڵنیابووم کە سێبەشی ئەو سەرکردایەتیەی یەکێتی نە ئەزانن سۆشیال دیموکرات مانای چیە نە
ئەوەی لەناو ئەو یەکێتیە سۆشیال عەشایەرەشدا هەیە، لەناو هیچ حزبێکی تری سۆشیال دیموکرات لە هەموو جیهاندا هەیە!
ماڵی وێرانم، ژنیش لەناو حزب فێری ماستاوکردن و بەشان و باڵ هەڵدان بوون...ئەوە کارەساتە بەتایبەتی بۆ ژن...
ئاخر لەمەودوا دەبێ لەجیاتی ئەو تەشتەقوڕانەی شیعە بۆ عاشوورا ئامادەی ئەکەن، ئەبێ یەکێتیش بۆ یادی کۆچی دوایی شێخ محەمەد کەسنەزانی شیر و تیر ئامادەبکا.
بە حزب و بزووتنەوەکان و حکومەتێک نەتوانرا شار بکرێتە شاری گەشت و گوزاری، بە شێخ و پرچ ڕاوەشاندن و شیر و تیر وەشاندن و خوێنڕشتن خەڵک لەخۆیان کۆبکەنەوە، ئەوە ناوئەنێن گەشت و گوزار؟!
تێبینی:
وێنەکە ئێوارەیەکی بەر ئاگردانی بەردەم هۆڵی کۆنگرەیە..
چیرۆکی بەرئاگردانی حزب ئەگێڕینەوە بۆ نەوەی ئێستا، باس لە حزبێکی سۆشال - دیموکراتی دەستی شەهید ئارام و شەهاب و ئەنوەر و جەعفەر ئەکەین کە ئێستا بەدەست کۆمەڵێک پیاو و ژنە دەڕوێشەوە ئەناڵێنێ..