شاباش بۆ گەمژەیی خۆمان
2020-12-15 10:44:49
سلێمان عەبدوڵا یونس
خەڵک ھەرچی بڵێت مافی خۆیەتی، کورد وتەنی "لە بەرامبەر ھەق ئاو دەوەستێت" نەک خۆپێشاندانی مەدەنی، تەنانەت لەسەر سوتان و تاڵانكردنی بارەگا حزبیەکانیش، من ھەر ھەق بە خەڵک دەدەم، بەڵام بە ڕاستی موزایەدەی کۆمەڵێک بابای دوسەدجار لەمن حزبی تر، بەناوی مافی خەڵکەوە، پەستم دەکات.
تۆ کە لەم 30 ساڵەدا، 30 فرسەتت قۆستۆتەوە و بەناوی نوخبە بونەوە، ھەر پارەی کاش و موچەی تایتڵی قەبەت وەرگرتوە، سەدان شەوت لە داوەتی بەرپرسەکاندا بەسەربردوە و ھەمو شتێکت لە خەڵک جیاوازە، کەچی ئێستاش دەتەوێت بە قسەی قەبە، ھەر فریوی سۆزی خەڵک بدەیت و بڵێیت، من جیاوازم ، نەخێر تا ئێرە و بەس.
ھەر شتێک حزب دروستیکرد، تۆی تیابوی، ھەر شتێک حزب بەخشی تۆ وەرگرت، ھەر شتێک لە دەرەوەی یاسا و ڕێنمایی بو، تۆ بە تەلەفۆنێک بۆت کرا، زۆربەتان گوایە خوێندەوارن کەچی ھەر بەڕاستی نەخوێندەوارن، ئەرێ کوا بڕوانامەتان؟ ئەوانەشتان بڕوانامەتان وەرگرت مەگەر بە نامەی قبوڵ خاسی ئەم و ئەو نەبو؟
دەستانخۆش کوڕانی ھەلپەرست، ئەی ئەوانە ھەرچی پێگەی مەعنەوی و دەسکەوتی ماددیە بەخشکۆڵی وەرتانگرت، بەڕاستی ئێوە زیرەک بون لە دوڕوییدا، داھێنەربون لەسەردان و پەیوەندی ژێربەژێردا، عەبقەری بون لەسیخوڕی و فیتنەیدا، لێزان بون لە دەسگەیشتن بە متمانەی سەرۆک و سەرکردە و ڕێبەرە حزبیەکاندا، ئازایانە توانیتان ھەموان بکەن بەگژیەکدا، توانیشتان ھەرخۆتان نوێنەری ئاشتەوایی و ڕێکخستنەوەی بەدگومانی و برایەتی بن.
دان بەوەدا دەنێم ئێوە مۆدیلی بەھرەمەندنی ناو کوردایەتین، ئاخر توانیتان پاک و پیس، دزو ماڵخۆ، فریشتە و شەیتان، تێکەڵبکەن، توانیتان جوانیەکان ناشیرین و ناشیرینیەکان جوان بکەن. توانیتان لە درزەکانی برسیبون و ھەستی بێدادی خەڵکەوە بێن و لەناو شەقامێکی لە بێدادی خرۆشاودا، خۆتان بکەن بەپاڵەوان. دان بەوەدا دەنێم، زیرکانە توانیوتانە خۆخۆریمان بجوڵێنن، دەرگای دوبەرەکی بخەنەوە سەر گازی پشت، لە کاتژمێری سفری بەرژەوەندی خۆتانەوە، ئازایەتیتان لێرە، لەسەر "خاڵی خۆتان" تاقیبکەنەوە، بەڕاستی سوپاس و ستایشم بۆ ئێوە، شاباش بۆ گەمژەیی خۆمان.