خۆپیشاندانی چەپەكانو دەرخستنی ڕووی ڕاستی دەسەڵات
2020-12-15 10:24:10
ئەبو كاروان
دوای ئەوەی قەیرانەكانی دەسەڵات گەیشتونەتە لوتكە، جاریكی تر ئەم دەسەڵاتە بێمنەتی خۆی دەربارەی كێشەكانی ئەم گەلە زوڵملێكراو و برسییە راگەیاند، درۆیەكی تری خۆیان سەلماند بەرانبەر بە یاساو ئازادییەكان، لەلایەك باسی ئەوە دەكەن كە خۆپێشاندان مافی رەوای خەڵكەو بە یاسا ریكخراوە، كەچی لەلایەكی ترەوە مۆڵەت وەرگرتنیان كردوە بە پاساو بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندان، دەمیكیش لایەنێك یا چەند لایەنێك تێكڕا داوای مۆڵەت بۆ خۆپیشاندانی هێمنانە دەكەن پێیان نادەن. جاریكێش نەبوو خۆپێشاندەران بە ئاژاوەچیو تێكدەرو دەستی دەرەكی نە شوبهێنن.
ئەوەتا سێ حزبی سیاسی ویستیان خۆپێشاندانی ئاشتییانە بكەنو دۆستو لایەنگرانییان بهێننە سەرجادەو سادەترین داخوازی ئاڕاستەی دەسەڵات بكەن.
ئەمانە چەند حیزبێكی ناسراو بوونو كەس گومان لە دڵسوزییان ناكاتو خەمی خەڵكیان لە كۆڵ گرتووە، خۆیان كردوەتە قوربانی بەناو ئەم كیانە، خیتابو هەڵویستەكانیان ئەوەندە نەرمە كە جێی رەزامەندیو بڕوای ئەندامەكانیشیان نیە هەندێ جار. دەمێك گۆێ لە وتەی بەشێك لە سەركردەكانیان دەگیرێت، ئاوی سارد دەرژێننە دڵو دەروونی لایەنگرانی خۆیان، خۆ بە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیان ئەوەندەی تر لایەنگرانو خەڵكیان سارد كردەوە.
كەواتە بۆ دەسەڵات خۆپێشاندانی ئەم حزبانەیان قبوڵ نەكرد؟ خۆ ئەمانیش تابوری پێنج نەبوون؟ ئەی بۆ رێگەیان نەدا چالاكییەكی هێمنانەی بچووك ئەنجام بدەن ؟ دیارە بەرپرسانو دەسەڵاتداران لەهەموو جۆرە چالاكییەك دەترسن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە راستگۆ نین لەگەڵ دروشمو یاساكانی دەزگاو دامەزراوەكانیان.
لە كۆتاییدا دەڵێم ئێوە لەگەڵ خەمی خەڵكدا نین، ئێوە راستگۆنین، ئێوە بەڵێنەكانتان تا بەرپێتان بڕناكات، ئێوە بێ منەتن بەرانبەر بەم گەلە، ئێوە قەڵاتان بە پەیوەندییە نێودەوڵەتیو ئیقلیمییەكان قایمە، بەڵام رۆژێك دێت ئەو پەیوەندیانە چۆن فریای شای ئێران نەكەوت بەهەمان شێوە فریای ئێوەش ناكەوێت. باشترەو تا ترۆسكایەك ماوە بگەڕینەوە بۆ لای خەڵكو داوای لێبوردنیان لێبكەنو بارودۆخو گوزەرانییان چاك بكەن، دەنا گەر كات بەسەرچوو ئەو دەمە پەشیمانی دادتان نادا.