Draw Media

چیتر، چەمان مەچەمێنن !!

چیتر، چەمان مەچەمێنن !!

2020-12-15 09:59:26


عەبدولڕەزاق شەریف

 لەدوای ریفراندۆمەوە، ئیتر لێكەوتەو بەركەوتەی پرۆژەی تەسلیمبونی حوكمدارێتی هەرێمی كوردستان‌و حیزبە حوكمڕانەكانی دەركەوت، فشارەكانی دەسەڵاتدارانی عێراق‌و هێزە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكان زیادی كرد، لەبەرانبەردا، دۆخین شلی هەرێم بۆ مانەوەو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی حیزب‌و بنەماڵە حوكمدارەكان ئاشكرا هەستی پێدەكرا، ئەهلی سیاسەت‌و ئەوانەشی كە ماهیەتی (پارتی‌و یەكێتی)یان ئەزانی پێشبینی تەسلیم بون‌و بون بە دو حیزبی كارتۆنی هاوشێوەی دیموكرات‌و شۆڕشگێڕی كوردستانی سەردەمی بەعسیان لێ ئەكردن. لەبنەڕەتدا، پرۆژەی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی لە رەحمی  مەترسی، نا بەرپرسیارێتی‌و بێ گوێیی ئەو دو حیزبە حوكمڕانەوە لە دایك بو. كە زۆر بەلایانەوە ئاسان‌و ئاسایی بو نیوەی خاكی كوردستان بەوشێوەیەی ئۆكتۆبەری ساڵی دوهەزارو هەڤدە رادەستی بەغدا بكەنەوەو بون بە هۆكارو بەشێكی پرۆژەی تەسلیمبونی ئەو نیوەیەی تریش.
ئێستاش خەڵكی كوردستان، بە كەركوك‌و ناوچە دابڕاوەكانی تریشەوە، تەنیا رێگەیەك بۆ رزگاری‌و پاراستنی خاك‌و شكۆو كەرامەتی كوردایەتی لەبەردەستیاندا مابێت، دەستگرتنە بە دەستوری عێراقەوەو جێبەجێكردنی بە هەرێمكردنی پارێزگاكانە، تیایدا ئەوەی هەڤدە ساڵ پێش ئێستا ناویان نا عێراقی نوێ بە مادەی سەدو نۆزدە بە پراكتیك هەم عێراق هەم كوردستانێكی نوێ دروست بكەین. با هەمومان  سلێمانی بكەین بە پێشەنگ‌و سەرەتا لێرەوە دەست پێ بكەین.
ئەمڕۆ لە هەمو رۆژەكانی مێژوی نوێ باشترو زیاتر دەرفەت‌و زەمینە بۆ بە فیدرالیەت‌و كۆنفیدرالیەتی كوردستان‌و پارێزگاكانی كوردستان هەیە، بەڵام ئەم تەجروبە فاشلەی ئێستای هەرێم تازە جگە لە تەسلیم بون هیچی لێ سەوز نابێت، ئێمە خۆزگەمان نەخواستوە وای لێبێت، تكامانكردو دەستەودامێنیان بوین‌و بە قسەیان نەكردین‌و نەیانكرد، بەم شێوازە لە حوكمداری چیتر ناتوانن بەردەوام بن، هاوڵاتی ئاسایی لەشەقامەوە داوایان لێدەكات چیتر لە بەغداو لە بەرچاوی دنیا سوكمان نەكەن، ئەمە سیاسەت نیە دوێنێ بە گەلەكۆمەیەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵێی خەنجەریان لە پشتەوە لێداین‌و بنەمای تەوافوقیان پێشێلكرد، بایكۆتی دانیشتنەكان بكەیت‌و دوای كەمتر لە مانگێ، وەفد بنێری بۆ بەغداو بڵێی بمانبەخشن هاتوین ئەو یاسای خەنجەر ئاسایە جێبەجێ بكەین ! ئەوانیش پێت بڵێن تەڕ تەڕ نەباشی !! ئەمە گەمژەییەكە گەلی كوردستانی تیا شەرمەزار ئەبێت، سەروەرییەكانی كورد هی چەماندن نیە، لەمڕۆ زوتر نیە بنەوبارگەتان لە بەغدا بپێچنەوە چیتر چەمانی خۆتان‌و ئێمەش مەچەمێنن، مەسەلەی گەورەی میلەتەكەمان مەكەن بە دەست پانكردنەوە، هەرێمێكی دەستوری سەربەخۆمان بەنانەسكی ئەوێت، بەڵام رەنجی خەڵك‌و مێژومان‌و شكۆی قوربانیەكانمانی تێدا پارێزراو بێت، دوای بیست‌و هەشت ساڵی چاوەڕوانی لە ئێوە، ئەم هەرێمە بێ دەستورو گەندەڵستانە گوزەشت، هەرێمی پارێزگاكانی كوردستانمان ئەوێت، هەرێمێك بە (دەستورو دادگای سەربەخۆو دیمۆكراسی‌و ئازادی‌و داهات‌و خەرجی رون)ەوە . هەرگیز ئەو هەرێمەی پارتی‌و یەكێتی دروستیانكردوە، هەرێمی شەهیدەكان‌و پێشمەرگەو شۆڕشەكانی ئێمە نین، حوكمدارێتیەكەشیان هەرگیز لە مەجلیسی تەشریعی‌و تەنفیزی بەعس چاكترنین‌و نابن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand