دزو مافیا ئێوەن نەک خۆپیشاندەران..
2020-12-15 09:43:45
پەری تاهیر
ئەگەر دەسەڵاتدارو بەرپرسانی وڵات هەستیان بەو مەترسیە نەکردووە، پێویستە ئیتر بە ئاگابێن، لەوەی کە ئەمڕۆ شۆڕشێکی جەماوەری خۆڕسک دەستی پێکردووە دژی ئەو ستەم و ناداد پەروەریانەی کە چەندین ساڵە لە دڵی هەر تاکێکی گەلی کورد پەنگی خواردووە.
ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات شۆرشی ئەو گەنجانەیە کە لەداوی راپەرینەوە چاویان بە بەدبەختی گەلی کورد هەڵهێناوە، بەڵام بەرپرس وخاک فرۆشانی جووت بنەماڵە بە یٔیتڵاعات و تاڵانچی و دەستی دەرەکی ناویان دەبەن، رەنگە ئەمەش تا رادەیەک ئاسایی بێت چوونکە سروشتی هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تاک ڕەوە و عەسکەرتاریەتەکان، بەشێک لە کارەکانیان تۆمەت بەخشینەوەیەوە لە پێناو سەرکوتکردن و درێژکردنەوەی رۆژێکی تەمەنی دەسەڵاتەکانیان.
بەڵام ئەوەی بەئاسایی وەرناگیرێت، ئایا دەبێت هەر بەجدی نەفامی و گەمژەیی ئەو دەسەڵاتە، گەیشتبێتە ئەو ئاستەی کە پەنا بۆ ئەم جۆرە سیناریۆییانە ببات و گەنجانی ئازایی ئەو مەمەلەکەتە بە ئیتڵاعات و میت ناو زەند بکەن.
دەکرا دەسەڵات پەنای بۆ هەر جۆرێکی تر لە سیناریۆ و، پاکانە ببات بەڵام ئەمەیان بڤیە، چوونکە کاری سیخوڕی و خاک فرۆشی و غوڵامی داگیرکەران، هەر لەو دەسەڵاتە دەوەشێتەوە و کورد گوتەنی پڕ بە پیستی سەرانی جووت بنەماڵە دووراوە.
هەر بۆیە، ئیتڵاعات و میت ئێوەن، ئەوەتا قاچێکتان لە کوردستان و قاچەکەی ترتان لە تورکیا و ئێرانە، نەک ئەو گەنجانە
دز ئێوەن کە ساڵانێکە مافیا ئاسا قاچاخچێتی بە خێر و بێری ئەو وڵاتەوە دەکەن و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی بەتاڵان دەبەن بۆ ئاغا و سوڵتانەکانتان.
ئەوە ئێوەن لە رێگەی رێکەوتنی ژێر بە ژێرەوە سامانی ئەو وڵاتە دەگوازنەوە بۆ بانقەکانی ئەوروپا، نەک ئەو هەرزەکارانەی کەمانگ دێت و دەڕوات ٢٠ هەزار دینار لەگیرفانیدا نییە.
مافیا، ئێوەن کە لوولەی تفەنگەکانتان بێ بەزەییانە ڕوو لەو گەنجانە کردووە کە بە گیرفانی بەتاڵ و پێڵاوی دڕاوەوە پەڕۆی حزبەکانتان ئەسوتێنێت و پێتان کفری گەورەیە، بەڵام لە بەغدا شار بەدەر دەکرێن لاتان یٔاساییە.
تێکدەر ئێوەن، کەلەرێگەی میدیاکانتانەوە بەو گەنجانەی بە زمانێکی پاراوی کوردی پێتان دەڵێن ئێوە دز و گەندەڵن بەڵام بە عەرەب و تێکدەر ناویان دەهێنن.
ئەوگەنجانە زۆر لە کادرێکی حزبی ئێوە پاکتر و بەئەمەکترن کەدەیان ساڵە دەستەمۆی درۆ و شەق وەشێنتان کردوون.