Draw Media

نان و ئازادی ، هەولێر و سلێمانی

نان و ئازادی ، هەولێر و سلێمانی

2020-12-13 20:51:02


ئاسۆ حاجی

ئەو گەنجانەی لە سلێمانی رژابوونە سەر شەقامەکان وایان دەزانی نان و ژیانێکی شایەنتر وەدەست دێنن،بەڵام لەو وەهمەش هشیار بوونەوە کە چەندین ساڵە دەسەڵاتی ئەو شارە بۆ سازاندبوون و بە کۆمەڵێک دەستەواژەی بەتاڵ قانگی دابوون بەوەی کە سلێمانی سەرزەمینی ئازادی و وەدیهێنانی هەموو ئەو خۆزگانەیە لە یەکسانی و دیموکراتی کە لە هیچ شوێنێکی دیکە نیە بە تایبەتی لە هەولێر و دهۆک چونکە لەوێ هەمان حیزب و دونیابینی رەنگاورەنگ و ئازادیخواز حوکم ناکات!
ئیدی هەقە خۆیان لەو وەهمە بتەکێن و روبەڕوی ئەو راستەقینەیە ببنەوە کە یەکێتی حاکمی ئەو شارە بووە و ئێستاش حاکمیەتی،ئەوان چۆن داهات و بودجەی موستەحقی ئەو شارەیان بەسەر گیرفانەکانیان دابەش کردووە بە هەمان شێوەش ئازادیان لە واتا راستەقینەکەی خۆی دابڕاندووە و وەک یەکەیەکی تەواو مامەڵەیان لەگەڵ نەکردووە،تەنها ئەو نیوەیان وەک ئازادی بە خەڵک رەوا بینیوە کە جوێن بە پارتی بدرێ چونکە نەیاری یەکێتیە و دژی حکومەت قسە و کار بکرێ چونکە پارتی پێکهێنەری سەرەکی ئەو حکومەتەیە.
لە مەودوا دەبی خەڵکی سلێمانی ئەوە بزانن،کە زۆرترین قاچاغچیەتی لە سنووری قەڵەمڕەوی یەکێتی دا دەکرێ بە تایبەتی لە هەردوو دەروازەی پەروێزخان و باشماخ کە راپۆرتەکانی پەڕلەمان و حکومەتی فیدڕال و هەرێمی کوردستانیش ئەوانە پشتراست دەکەنەوە،خەڵک دەبێ ئەوەش بزانێ کە داهاتی ئەو دوو دەروازەیە و هەموو دەروازە نیمچە فەرمی و نافەرمیەکان کە ژمارەیان بە دەیانە داهاتی رۆژێکیان بۆ هاوسەرۆکێکی یەکێتیە و داهاتی رۆژەکەی دیکەش بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتیە،لە هەموو ئەو دەروازانە و ئەو داهاتانە مانگانە تەنها 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلار رادەستی وەزارەتی دارایی دەکرێ.
لە کۆی داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان داهاتی سلێمانی و هەلەبجە بە یەکەوە واتا بە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین تەنها 30% پێک دەهێنێ و 70% داهاتی هەولێر و دهۆکە،ئەو ژمارانە ئەو راستیە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی سلێمانی خەڵک و شارەکەیان وەک بارمەتە گرتووە و وەک کارتی فشار هەر کەی و چۆن بیانەوێ بەکاریان دەهێنن،هەندێک جار بۆ سازش کردن لەگەڵ بەغدا و زۆر بەی جاریش لە دژی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش بۆ رێگری کردن لەوەی دەستی حکومەت بە تەواوی بە دەروازە و سەرچاوەکانی دیکەی داهات نەگات و هەمووی نەگەڕێنێتەوە خەزینەی دەوڵەت کە دەبێتە سەرکەوتن و دەرباز بوون بەسەر قەیرانی دارایی.
باڵباڵێن و خۆخۆری یەکێتی چۆن بۆتە بەڵا بۆ خەڵکی سلێمانی بەهەمان شێوە کۆسپێکی گەورەشە لە بەردەم جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم بە تەواوی بە تایبەتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە باشترین دەرچەیە لە بەردەم حکومەت و خەڵکی کوردستان لەو قەیرانەی حکومەتی داگیرکەری بەغدا بە دەستدۆیی خیانەتکاران دروستیان کردووە.
ئەوەی دەیزانم و ئاگادارم سەرۆکی حکومەتی کوردستان لە یەکەمین کۆبوونەوەی کابینەی نۆیەم ئەوەی بە ئەندامانی کابینەکەی راگەیاندووە کە کار بۆ چاکسازیەکی گشتگیر دەکا و ئامادەیە هەرچی گەندەلی و کاری نایاسایی و بندیوار هەیە لە سنووری پارتی کۆتایی پێ بێنێ راشیگەیاندووە کە لەلایەن پارتیەوە ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە،بەڵام ئەو کەسەی کە نوێنەرایەتی یەکێتی دەکا لە کابینەکەدا و پێویستە پاڵپشت و تەواوکاری ئەو کارە بێت ئەوە نەک هەر توانای بڕیاردانی لە ناو حیزبەکەی نیە بەڵکو هاوسەرۆکێک هەر نەگاتە دڵی و بۆ نیشان دانی توانا و دەسەڵاتی خۆی سزای دەدا یان سەرنجی رادەکێشێ و بەبیردەهێنێتەوە کە ئەو بڕیاردەر نیە و جێبەجێکارە،هەندێکجاریش هەر بۆ گچکە کردنەوە و نیشاندانی قەبارەی راستەقینەکەی و رەنگە وەک موجامەلەیەکی سەرۆککۆماریش براکەی دەنێرێ لە یەکێک لە تەلەفزیۆنەکان جێگری سەرۆک وەزیران و کوڕە گچکەی مام جەلال وەک بێدەسەڵات و بێ توانا و جانتاهەڵگر بە خەڵکی دەناسێنێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand