Draw Media

خەیاڵپڵاویی لەسەر خەون و هێزی ئەم نەوەیە!

خەیاڵپڵاویی لەسەر خەون و هێزی ئەم نەوەیە!

2020-12-12 21:54:19


هادی حەمەرەشید 

توڕەییەکانی خەڵك بە گرتن و تەنانەت ئەشکەنجەش سەرکوت ناکرێت، دەسەڵاتی کوردیی فێری هیچ نەبووە لە مێژوو، خەنیی و خۆشحاڵیش نەبن کە توانیبێتیان دەنگی خەڵکیان بە زەبروزەنگ کپ کردبێتەوە!
بەڵکو هێزی ناڕەزایەتیی و دژ بە دەسەڵات بەو سەدان تەحلیل و ڕوئیا پڕ لە بوغزە سیاسییە لاواز بووە و ئەبێت و لە ئاسۆیەکی دووریشدا ناتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە، کە بەناو ئازادیخوازان و دژبەرانی دەسەڵات دەریئەبڕن و وەك دوژمنی باوك کوشتە بەربوونەتە گیانی یەکتریی و وەك مۆرانە جەستەی بەرەکەیان داڕزاندووە!
ئەوە ڕاستە کە بە داخەوە لە دەیەی ڕابردوودا خۆپیشاندانەکان بە سیاسییکراوە و ئێستاش تیایدا ئەژین کە گەنجێك ئازایانە لە شەقامدایە خۆی هیچ ناڵێت، کەچی سەدان کەس بەناوی ئەوانەوە تەخوین خەڵکی باش ئەکەن!
مامۆستایەك، فەرمانبەرێك، نووسەرێك کە پێشتر لە شەقامدا بووە و پێ بەپێ و قۆناغ دوای قۆناغ تێگەیشتووە کە جادەکانی کوردستان بەو ڕیتمە نەك جێگای گۆڕانکاریی نین بگرە بووە بە سەکۆیەکی ناشیرین بۆ کەسانێك کە بازرگانیی پێوە ئەکەن، مافی خۆیەتی سەرنجەکانی بخاتەڕوو، بە یەقینەوە نەیەتە شەقام، بەڵام خۆ ئەوەی ئەو بینیویەتی و ئەیڵێ هەموو وێنەکە نییە، بەڵکو چوونە ماڵەوە و جێهێشتنی گەنجانیشە بۆ بەردەم شمشێری بێ ڕەحمی دەسەڵاتێکی خۆفرۆش!
زۆرێك لەو جۆرە مرۆڤە جوانانە ئەناسم کە ڕۆژگاری ناشیرین( بە دەسەڵاتی دزێو و چالاکوانی مەدەنی هەلپەرستەوە، بە حیزبی سیاسیی بە دوکانکراوی ئۆپۆزسیۆنەوە.... تاد) هاڕیونی، بەم حاڵەش ناتوانین ئەو متمانەیەیان بۆ بگێڕینەوە.
بەڵام دیسان ئایا ئەمە چارەسەرە هەموومان دوور بگرین و بەقەولی باو «جارێ لێیگەڕێین زەمەن چارەسەری ئەکات»؟!
کۆمەڵگا بە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانیەوە ئەبێت بە کۆمەڵگایەکی تەواو، بەرپرسیارێتییەکان بەرپرسیارێتی تەکامولیی و تەزامونیین،
ساڵانێکە لەگەڵ کۆمەڵێك دۆست هەوڵی فەرهادیی ئەدەین کە ئەم دیاردە ناشیرینە ڕاگرین، فۆکەس بخەینە سەر دەسەڵاتی نالەبار، لێگەڕێین هەر کەس و لایەنە و بەسروشتی خۆیەوە لە گۆڕەپانەکەدا بێت، گرنگە تەوزیفی ئەم پێکهاتە ناڕازییانە بکەین، کەچی چ پێکهاتەکان بێ ڕەحمانە شەقامەکەیان تەسەیوس کرد و چ کۆمەڵێك موحەلیل و ڕووناکبیریش گوتارێکیان سەرپێ خست کە تەڕ و وشکیان پێکەوە سووتاند و لە جێگایدا بینای گوتارێکی ڕۆمانسییان کرد، کە پێیان وایە؛ نەوەیەك لە دایك بووە و وا بەرپرسیارە و وا توانای لەسەر پێ وەستانی هەیە و پێویست ناکات کەس بچێتە تەنیشتیان!
دۆستێك لە ئوسترالیاوە، ئازیزێك لە کەنەداوە، بەڕێزێك لە بەریتانیاوە، لە دوورەوە «ئەم نانە بەو ڕۆنە» جوهدی هەمووان نەك سفر ئەکەنەوە بگرە بە دەستی دەسەڵاتیشی ئەزانن!
نەك نایەوێت کەس بچێتە تەنیشتیان بەڵکو لەو دوورەوە تەخوینی هەموومان ئەکەن!
ئیشکال ئەوە نییە کە گەنجێك هەست بە تەنیایی ئەکات و سەیری خۆی ئەکات کە بەجێهێڵراوە، بۆیە جنێو بە هەموومان ئەدات، بەڵکو بۆ نووسەرێك زۆر نەنگییە کە دێت و لە ئینشایەکدا تەرجەمەی ئەمەمان بۆ ئەکات و ئەڵێ بە ئێوەیەتی فڵانە خێڵ و گرووپ«ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە» کۆمەڵێك لە حەز و مەزاجی خۆیانی پێوە ئەشێلن و وەك دیدی پڕ لە ئارگیۆمێنت دەرخواردمانی ئەدەن!
بۆ خۆم لە کاتێکدا کە ئەم دێڕانە ئەنووسم، خاڵییم لە ڕق و بوغز لەوانەی بە هەر گوتارێکەوە لە گۆڕەپانەکەدا وەك ڕەخنەگر و ناڕازیی بوونیان هەیە، هاوکات پڕم لە ڕقی پیرۆز لەو کەسانەی کە بەتەنیشت دەسەڵاتەوە دژ بە کۆمەڵگان، هێشتاش بە ڕەوای نازانم نووسەر و فیگەری ڕۆشنبیریی بچنە سەنگەرەوە لەیەکتر، گوێ لە تەفسیری سەیروسەمەرەی کەسیان ناگرم دژ بەویتریان، ئێ فیعلەن فووش بەو کەڕەنایەدا ناکەم کە ئەم دژبەرییە تۆخ ئەکاتەوە.
لێ نوقم بوون لە ڕۆمانسییەتێکدا کە پێی وایە ئەو تیلماسکە شەقامەی کە بە دەست گەنجە ئازاکانمانەوەیە بەس بێت بۆ گۆڕانکاریی، ئەوە دیدێکی ئەوەندە تەنکە کە بەرگەی هیچ پیاکێشانێك ناگرێت، دوورە لە خوێندنەوەی گۆڕەپانەکەوە!
تەنانەت گەنجی یاخییش هەڵگری یەك شوناس نییە تا تۆ بتوانیت لەو دوورەوە و وەك ماددەیەکی نووسین لەژێر یەك ناودا بیخەیتەڕوو، لە کۆی شەقامەکەدا کۆمەڵێك گەنج ئەبینرێن، لە ڕۆژانی یەکەم و دووەم و سێیەمدا بەهێزتر بوون، دەسەڵات بە ترسی (دەستی دەرەکیی) و (بوونی پەکەکە) لەناویاندا ڕووداوەکەی بەرەو جێگایەکیتر برد، هاوکات ئەو حیزبانەی کە بارەگایان سووتێنراوە، تەنانەت ئۆپۆزسیۆنەکانیش، پەیوەندییان بە تەڤگەری ئازادییەوە کردووە و گلەییان لێکردوون کە لە کۆمەڵێك شار بارەگاکانتان سووتاندووین، لەمانەی کە ماون ئێوە بەرپرسیارن!
هەر خودی عەلی باپیریش بەجۆرێك دەستەواژەکەی دەسەڵاتی دووبارە کردەوە، ترسی تەڤگەری و پەکەکەش لەوەی کە بە قەولی خۆیان(هێڵی خیانەت) لە موئامەرەدان تا وەك بادینان چەندین بنکەی تورکیا بهێننە ئەم سنوورەش، شەقامەکە بێ پشت و پەناتر کراو، هەمووان ئەیانوت: کوان ئەوانەی کە پێشتر خۆپیشاندانیان کرد، بۆچی نایەن پشتی شەقام بگرن؟
گلەییەکەش زۆر تەواو بوو، بەڵام پاشتر وتنی پێچەوانەی ئەمە پێی ئەوترێت حەکایەتی مێش!
 لەبەردەم لقی نۆزدەی پارتیی لە چەمچەماڵ، یەکێك لە گرفتەکانی گەنجان( کە کەمتر لە بیست گەنج ئەبوون لە یەکێك لە لایڤەکانیان) نەبوونی بەرد بوو بەرد! سەر شەقامەکە بەردی لێنەبوو، دەی فیعلەن لە حاڵەتی تەسعیدی زیاتردا بەرد چی پێئەکرێت لە بەرامبەر باجەر و هامەر و ئەبرامز و چەکی جاشایەتیی دەسەڵات؟!
گەنجی ئێمە بەهێزن، دەسەڵاتیش ئەوە بوون کە لە بن پێی حەسەن پلایسدا پلیشانەوە، بەڵام جێهێشتنیان لەو شەقامەدا و بەو ناهاوسەنگیی چەك و بەردە، تاوانێکە قەرەبوو ناکرێتەوە.
من لەدیدی تۆدا خراپم و ناتوانم ڕێکیان بخەم، وەرە تۆ بیکە، بەڵام نابێت تەنیا بمێنن!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand