Draw Media

ھاوپەیمانە بێدەستنوێژەکان

ھاوپەیمانە بێدەستنوێژەکان

2020-12-12 20:02:15


رێبوار کەریم وەلی
گرفتی سەرەکیی ئەم حکومەتەی ئێستا پتر لەوەی قەیرانی دارایی بێت، قەیرانی متمانەی سیاسییە لە نێوان لایەنە پێکھێنەرەکان و، بەتایبەتیش لەنێوان پارتی و یەکێتی. 
*
کیشەکانی نێوان ئەم دوو حزبە لە ماوەی دووساڵی رابردوودا، بەقەدەر ھەموو رابردوویان کەڵەکە بووە، چونکە ھەر ھەوڵی پینەو پەڕۆکردنیان داون.
*
جەوھەری ئەسڵیی ئەم قەیرانە ئەوەیە کە پارتی پێیوابێت دەتوانێ ھەمان مامەڵەی شاسوار عەبدولواحید لەگەڵ ھاوسەرۆکێکی یەکێتی بکات و ئاوتی بکات و، لەبەرامبەر ئەوشدا ھاوسەرۆک ھەوڵ بدات سەرۆکوەزیرانی زۆرینە لە کورسیی دەسەڵات بێنێتە خوار. 
*
باقییەکەی دیکە ھەمووی شیعارە و لەو دوو جوملەیەی سەرەوە وەرپێچراوە.
*
کێشەکە نە لەپەرلەمانە و نەلەسەر جادە. بۆیە چارەش لەوێ نییە. فەرقی دەسەڵات و تواناکانی ھاووڵاتییەکی ئاسایی و ئەندام پەرلەمانێک نییە. خۆ ئەوەی ھەشیەتی بەھۆی ئەندامیەتیی پەرلەمانەوە نییە. بۆیە ئەو دامەزراوە ناتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات. جاددەش ھەر پێی  تێبنێی سوور دەبێ. راپەڕینێک سوپا، دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی لەگەڵدا نەبێت، یان لانیکەم بێلایەن نەبن نە لە کوردستان و نە لە ھیچ شوێنێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەر ناگرێت.
*
خەڵک برسییە، بەڵام لە برسییەتی خراپتر نائومێدییە. ئەوەی خەریکە ھەموو ئومێد و ھیواکان لەناو دەبات، پارتی و یەکێتی و دەسەڵات نییە، بگرە ململانێی ناو دەسەڵاتە کە خەڵک وەکو کەرستەی ئەو ئاگرە دەکەنە سوتماک. ئەوان قەت لەخەڵک بەمانا راستەقینەکەی ناترسێن، چونکە خەڵکیان وا دابەشکردووە کە دەزانن چۆن بەرزەفتیشی بکەن
*
رێککەوتننامەی واشنتۆن ئاوی بە ئاگرێکدا کرد کە جەرگی ھەزارانی سوتاند. رێککەوتنێکی دیکەی لەو چەشنە پێویستە تا چیدیکە خەڵک باجی بێدەستنوێژیی ھاوپەیمانیەتییەکان نەدات.
*
دانیشتنێکی ھاوسەرۆک و سەرۆکوەزیران و رێککەوتنێکی راستگۆیانەیان، پتر لە نیوەی کێشەکانی ئەمڕۆی کوردستان چارە دەکات. ئەو کاتە با ئەوەندە خەڵکەیش کە بۆ قوتی ژیانیان دێنە سەرجادە ببن بە موڵکی ئۆپۆزیسیۆن!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand