Draw Media

لە هەولێرێوە لۆ هەڵەبجە

لە هەولێرێوە لۆ هەڵەبجە

2020-12-12 16:43:32


سەهین موفتی

نووسەری دیاری هەڵەبجە، ناسیح عەبدولڕەحیم لە پەیامێکیدا، هەم وەک وەفایێک بۆ چاکەو پیاوەتی خەڵکی هەولێرێ، هەم وەک زەرەرمەندێکی(کەسی، گشتی) ئەم ململانێ سیاسییەی پازدە ساڵی رابردوو، ناوچەکەیانی کردۆتە قوربانی...! دەنووسێت" دەستم دامێنتان هەولێرییەکان، چاو لە ئێمە مەکەن"، زۆر بەباشی هەست بە برینداربوونی ناخی کاکە ناسیح و هەموو دانیشتوانی ناوچەکەیان دەکەین، دەزانین کە ژیان لە ناوچەکەیان ئێجگار تفت و تاڵ بووە، بەهۆی ئەم هەموو (کامپینچی، دمبکچی،  هوتافچی، هتد....).
وەک هەولێرییەک، کە لە (بەستەپیازە)، لێی لەدایک بووم و لە (برایەتی)، ئیدی هەولێرم بە تەواوەتی ناسی، هەق بەخۆم دەدەم، ئاوا لۆ هەڵبجەو هەڵەبجەییەکان بنووسم.

هەڵەبجەو هەڵەبجەییەکان
هەتا پێش، تێکشکاندنی داعش دوو بابەت هەبوون، ناوەندە جیهانییەکان کوردیان پێ دەناسییەوە، یەکێکییان ( کیمیا بارانکردنی ئێوەو شارەکەتان بوو)، لەسەر دەستی رژێمی دیکتاتۆری بەعسی عێڕاق، ئەمی دی ئێستا کاتی نییەو ناینووسم...!
بەواتای، کاتێک کورد بیویستبا( مەبەستم کوردانی هەرچوار بەشەکە)، سۆزی وڵاتانی جیهانی بۆ پرسی کورد را بکێشێت، خێرا هەڵەبجەی وەپێش هەموو بابەتێک دەدا، هەتا بەتەواوەتی بناسرێتەوە...!
هەولێر، دەزانێت و درکیشی پێ دەکات، هەڵەبجە بێ خزمەتە، بێ بایەخ بووەو ململانێی حیزبی لەبری خزمەتکردنی هەڵەبجەییەکان، زێدەتر برینیانی کوڵاندۆتەوەو قوڵتری کردۆتەوە...!
هەولێر، لە راپەڕینەوە(1991) هەمیشە بە ماتەمینییەوە ساڵانە لە شازدەی سێ، یادی ئێوەی دەکردەوه، بەڵام لەوێ رۆژێ بڕیاری بە پارێزگا بوونی شارەکەتان درا، ئیدی جەژنێکی نوێیە لۆ هەولێرو هەولێرییەکان..!
ئێوە، شایستەی رێزن، شایستەی دە بارتەقای خزمەتی شارو ناوچەکانی دیکەی کوردستانن، هەڵەبجە هەقی خۆیەتی دوو هێندەی هەولێر، ئاوەدان و رازاوەتر بکرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا نەیانهێشت....!  ئیدی دەبێت بهێڵدرێت....
عومەری خاوەر، ها لەدڵی هەولێرو هەولێرییەکان.

٭  بەستەپیازەو برایەتی، دوو گەڕەکی دێرینی هەولێرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand