تەقدیسی سیاسی و وێرانەی ماڵی کورد
2020-12-10 10:43:55
زانا توفیق بەگ
کاتێك جووەکان ، دەوڵەتی یەهودیان بونیادنا کاریان بە دەقێکی تەورات کرد. ئەودەقە لە دەمی موسای پێغەمبەردا (خ ڕ) دەڵێت بەرامبەر دوژمنەکانتا،(چاو بەچاو ددان بە ددان) بن . ئەم دەقە ئاینیە وای لە جووەکان کرد، کاریگەریەکی تەواو لەسەر یەك دەنگی جووەکان دروست ببێت،بۆ کۆکردنەوەی تواناکانی خۆیان لە بەرامبەر عەرەبە فەلەستێنکان ، وە هێزی خۆیان لە بەرامبەر دوژمنە دەرەکیەکانیان ڕێکخستەوەو وازیان لە عینادی سیاسی و کەلەڕەقەی لە بەرامبەر یەکتردا هێنا . تواناکانی بیرکردنەوەی هە موو لایەنە سیاسیەکانی ناو دەڵەتی جوویان خستە خزمەت توڵەسەندنەوە لە دوژمنەکانیان . وە دەوڵەتێکی بەهێزی ئابووری و سیاسیان لەناوچەکەدا دامەزراند . بەم هۆیەشەوە بوونە دەوڵەتێکی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا . ئەم ئەزموونەی دروستبوونی دەوڵەتی جوو بە بەشداری زۆربەی پارتە سیاسیەکانی دەوڵەتی یەهود دامەزرا، کە زیاتر لە ٢٧ پارتی سیاسی بوون ، هەموو بە شێوازێکی شێلگیرانە ململانێ سیاسی یەکتریان دەکرد. بەڵام هەمیشە بۆ بابەتە گشتیەکان و بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی هە موو یەك دەنگ و یەك هەڵویست بوون بەرامبەر دوژمنەکانی دەرەوەیان . دیارە ئەمە پێچەوانەی حاڵی کوردە بەتایبەتی پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەم هەرێمەدا خاوەنی دیدێکی هاوبەش نین هەربۆیە توانای دانانی ستراتیژێکی سیاسیانیە بۆ ڕووداوە نەخوازراوەکانی ، کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە .
سەرئەنجام بۆ باسکردنی هۆکارەکانی پەرتەوازەی ناو خۆی هەرێم پێویستمان، بە شیکردنەوەی درێژ و نمونەی زۆر دوور نیە، چونکە دیمەنەکانی ئێستای کوردستان، باشترین دەلاقەی ئەو هۆکارانەن کە ڕۆژانە بە بەرچاوی کۆمەڵگاوە ڕوودەدەن .ئەمەش وایکردوە نەتوانین لەسەر بچوکترین بابەت یەك هەڵوێست و کۆدەنگ بین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان .
چونکە لاوازی پێگەی تاكی کورد لە پێکهاتە کۆمەڵایەتێکانەوە قسەی لەسەر دەکرێت. بەتایبەتی لەڕووی کولتووری و کۆمەڵایەتیەوە . کاریگەری پرۆسەی سیاسی لە تێکشاندنی تاك، وە بەستنەوەیان بە کۆمەڵی وەهمی ناڕاست و کارکردن بۆ چەپاندنی کەسێتی کورد، لە چوارچێوەی ڕێگەگرتن لە دروست نەبوونی تاکێکی عەقڵ کراوە لەناو سیستەمی سیاسی دا. هەمووئەو سیستەمە سیاسیە چەوتەی لە کوردستان دا پەیڕەو دەکرێت. بۆ لاوازکردنی کەسێتی تاک لە ناو کۆمەڵگاداو تەنانەت ئەندامانی پارتە سیاسیەکانی کوردستان. ئەم برینە وا دەکات کە مرۆڤی ئێمە مل نەدات بۆ لێکۆلینەوەی زانستی و واقیعی ، زیاتر لایەنگیری بۆ دەمارگیری و داخستنی ئەقڵ و سنوردانان بۆ بیرکردنەوەی تاك لە تێپەڕاندنی ئەو ڕایەڵانەی کە بۆتە بەربەست لە بەر دەم بڕوا نە بوون و بێ متمانەی بەرامبەر یەکتری کە ئەمەش وای کردوە و پەرتەوازەی ناخۆ لەسەر هە موو سەکتەرەکان و ژیان ڕەنگبداتەوە.
سیستەمی سیاسی ئێمە کاری لەسەر دابەشکردنی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی توێژێکی ئەریستۆکراتی خراپ کردوە. وە هیچ بەهایەکی بۆ انسانی ئێمە لەناو کۆمەڵگادا نەهێشتۆتەوە . بەجورێك دەسەڵاتی سیاسی تاکی ئێمە قووت داوە، کە ناچار بووە بە بێ هیچ گفتۆگۆیەک ڕوو بکاتە پەرستن و بە پیرۆزکردنی هەندێ فیگەری سیاسی بێ ئەوەی هیچ بنەمایەکی مەعریفی زاتیان هەبێت . پارتە سیاسیەکان کۆمەڵگایان بەرەو دۆخی بێ متمانەی و ڕێزنەگرتن لە بیرۆبۆچوونی جیاواز بردوە . وەڕێگەیان نەداوە دامەزراوەکانی بەڕێوەبردن، لەسەر بنەمای لێهاتووی تاك بوونیاد بنرێت، هەمیشە هەوڵیان داوە لەسەر بنەمای کڕنووش بردن بۆ سیستەمی سیاسی یان فیگەری سیاسی و دامەزراوەکان دروست بکرێت . ئەم دۆخە سیاسیە باوەی کوردستان زیاتر ڕواجی بۆ خەڵکی لەرزۆک و بوودەڵە کە خاوەنی کارێکتەری مەعنەوی خۆیان نین هەمیشە لەناو ئاوی لێلدا دەتوانن بژین وە دەسەڵات وەربگرن. بۆیە لە ئێستادا هەر بیرکردنەوەیەك ، بەئاڕاستەی دروستکردنەوەی متمانە و چاکسازی سیاسی بریتیە لە خەیاڵ پڵاویەکی بێ سنور . چونکە هەتا مەرجەکانی کۆیلە بوون بەپیرۆزکردن لەناو سیستەمی سیاسی ئێمەدا ڕووی لە هەڵکشان بێت مەرجی دڵسۆزی بەو پێوەرانە بێت ،کە کێ زیاتر هێزی ڕۆحی پیرۆزی ببەخشێت بە دەسەڵاتی سەرووی خۆی ئەوا . ئێمە ناتوانین هیچ هەنگاوێکی واقیعی بنێن بۆ دروستکردنی یەکریزی و گۆتاری هاوبەش بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان لە کوردستاندا.
.