کێشەکە لێرەیە.. لەبەغدا نییە
2020-12-09 10:11:57
رێبوار ئەورەحمان
ئەوەى لەخۆپیشاندانەکەى ئەم چەند رۆژەى سلێمانى و دەوروبەرى روویدا، شۆکێکە کە پێویستە تەواوى حزبە سیاسیەکان، حکومەت و کاربەدەستان، بەرپرسانى حزبى و حکومى بیرێکى جددى لێ بکەنەوەو بیکەنە وێستگەیەکى گرنگى گۆڕانکارى لەکارو بیرکردنەوەیاندا.
بەداخەوە وەک هەموو خۆپیشاندانەکانى رابردوو، جارێکى تر بەرپرسانى حکومەت لەئاستى زۆر باڵا و بەرپرسانى حزبى لەئاستى جیاواز، دەستیان کردەوە بە لێدانەوەى قەوانە سواوەکەى (دەستى لەپشتە، خۆپیشاندانى ئاشتیانە مافى خەڵکە)، لەڕاستیدا خۆپیشاندەرانى ئێستا تێگەیشتوون لەوەى کە خۆپیشاندانى ئاشتیانە، لاى حکومەت و کاربەدەستەکانى هیچ نرخێکى نییەو بەپێچەوانەوە وەک چەندین خۆپیشاندانى مامۆستایان و چین و توێژە جیاوازەکانى تر، خێمەکانیان دەسوتێنرێ و چالاکەکانیان دەڕفێندرێن و بەشێکیان لەزیندانەکاندا توند دەکرێن، بۆیە ئێستا خۆپیشاندەران دەستپێشخەرن لە توندوتیژى و بێ منەتن لە هەر هەڵسوکەوتێک کە دەزگا ئەمنیەکان بەرامبەریان دەیکەن، لەناخیشیاندا هیچ بڕوایەکیان بە سیستمى دادوەرى ئەم وڵاتە نەماوەو بێباکن لە هەر لێپێچینەوەیەکى یاسایى کە رووبەروویان بکرێتەوە. ئەوان بە رەهایى متمانەیان بەو حزبە کلاسیکیانە نەماوە کە ساڵانێکە هەریەکەیان لەسەر بنەماى دروشمێک، یەکێک بەدروشمى نەتەوەیى و ئەویترین بەدروشمەکانى سۆسیال دیموکراتیى و یەکێکیش بەدروشمى ئیسلامى، یەکێکیش بەدروشمى وەستانەوە بەڕووى گەندەڵى، سۆزیان دەجوڵێنن و دەنگەکانیان دەکەنە دەستکەوت بۆ کادیر و بەرپرسە باڵاکانى خۆیان، هەر بۆیە بارەگاى حزبەکانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە دەسوتێنن.
لەماوەى ئەم چەند رۆژە کەمەدا، زۆر شتمان لەبەرپرسانى حزبى و حکومى بیست، با یەک یەک لەسەر هەموو تۆمەت بەخشینەوەو لێکدانەوەو قسانە بوەستین کە بەرامبەر خۆپیشاندەرانى ئێستا دەکرێت.
یەکەم: بەشێک لەحزبەکانى ناو حکومەت و بەرپرسەکانیان دەڵێن "خۆپیشاندان دەستى ناوخۆیى و دەرەکى لەپشتەو ئامانجیان تێکدانى ئارامى و زیان گەیاندنە بەقەوارەى هەرێم".
ئەم پڕوپاگەندەو تۆمەتە راماندەکێشێت بۆ ئەوەى بپرسین، لەکوردستان دوو دەزگاى هەواڵگرى (پاراستن و زانیارى) بوونیان هەیە، ئەگەر دەستێکى دەرەکى و ناوخۆیى بتوانێت بەو شێوەیە گەنجى ئەم وڵاتە بجوڵێنێت، کەواتە ئەم دوو دەزگایە دوو فاشلترین دەزگان و پێویستە دەست بەجێ دابخرێن، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم دوو دەزگایە یەک مەتر لەدەرەوەى سنورى هەرێم تواناى هیچ چالاکیەکیان نییە و هەموو توانای خۆیان بۆ ناوخۆ تەرخان کردووەو تەنها سەرقاڵى حزب و کەسایەتیەکانى ناوخۆن.
دووەم: "ئەمانە خۆپیشاندەر نین و تێکدەرن، چونکە دام و دەزگاى حکومى و حزبى دەسوتێنن".
ئەمە یەکێکى ترە لەو پڕوپاگەندانەى دەکرێت، بەڵام بۆ ئەمەش دەبێ بڵێین، لەسەدا ٨٥ تا لەسەدا ٩٥ى ئەوانەى خۆپیشاندان دەکەن دیارە کە تەمەنیان لەنێوان ١٨ تا ٣٠ ساڵدایە، کەواتە ئەم نەوەیە هەمان ئەو نەوەین کە لەسەردەمى حوکمڕانى کوردیدا لەدایکبوون و خوێندویانەو گەورەبوون و ئێستاش هەر لەسەردەمى حکومڕانى ئەواندا بێکار و هەژارن، ئەمەش سەلمێنەرى ئەو راستیەیە کە حزبەکانى دەسەڵات لەماوەى ٣٠ ساڵ حوکمڕانیاندا کەرتى پەروەردەیان وێران کردووەو نەیانتوانیوە نەوەیەکى وا پەروەردە بکەن کە بڕواى بەتوندوتیژى و سوتاندنى دام و دەزگاى حکومى نەبێت.
خاڵێک کە مایەى سەرنجە ئەوەیە، دواى چەند رۆژێک لەخۆپیشاندان، تائێستاش خۆپیشاندانەکان لە قەزاو ناحیەکاندایە و تائێستا سەنتەرى شارە گەورەکان نەجوڵاون، ئەمەش بەڕوونى ماناى فەشەلەى پلانى حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانە، چونکە بەئاشکرا ئەمە ئەو راستیە دەردەخات کە تەواوى کابینەکان قەزاو ناحیەکانیان بەتەواوى پشتگوێ خستووەو هیچ یەکێک لەو قەزاو ناحیانە خزمەتگوزاریەکى ئەوتۆى تیا نەکراوە کە بتوانێت گەنجەکانیان رازى بکات، یان سەرقاڵى کارکردنیان بکات.
لەڕاستیدا ئەو کاتەى بەرپرسان سەرقاڵى بەڕێوەبردنى بزنس و بەرژەوەندیەکانیان بوون، ئەو کاتەى منداڵى بەرپرسان لەسەر حسابى کوڕە هەژارو گەنجى ئەم وڵاتە سەرقاڵى بەسەر بردنى شەوى سور بوون لە باخ و ڤێلا و هەندێک وڵاتى دەرەوە، گەنجى هەژارى ئەم وڵاتە لەبەر بێکارى و بەهۆى نائومێدبوونى لەم وڵاتەو بۆ کات بەسەربردن سەرقاڵى یارى پەبچى بوو، بۆیە ئێستا بەقەد هێزە چەکدارەکانى حزبەکان شارەزایى لەتەکنیکە سەربازیەکاندا هەیە و ئێستاش بۆ بەدیهێنانى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى بەکارى دەهێنێت، ئەو گەیشتۆتە ئەو باوەڕەى هەژارى ئەو، نەبوونى دادى کۆمەڵایەتى، خراپى گوزەرانى ئەو، وێرانى ژێرخانى ئەو شارەى تیایدا دادەنیشێت، لە بارەگاى حزبەکانەوە سەرچاوەى گرتووە، بۆیە پێى وایە بەسوتاندنى ئەو بارەگایانە تۆڵەى خۆى دەکاتەوەو کۆتایى بە کێشەکان دەهێنێت.
بەکورتییەکەى، کێشەکە لەبەغدا نییە و بابەتەکە بڕینى بودجەى هەرێم نییە و تەنها بەدابەشکردنى مووچەش چارەسەر نابێت، کێشەکە لەناو هەرێم خۆیدایە، کێشەکە ئەوەیە منداڵى بەرپرس و وەزیر و کادیرى حزبى و هاوبەرژەوەندەکانى حزب، لەسەر شەقامەکان بە ئۆتۆمبێلى دوا مۆدێلەوە فلتەرى جگەرە فڕێ دەدەنە دەرەوەو گەنجێکى دەرچووى زانکۆش پارەى پاکەتە جگەرەیەکى پێ نییە، کێشەکە ئەوەیە کادیرانى حزب لەخوێندنى باڵا وەردەگیرێن و دەکرێنە بەڕێوەبەر و دادوەر و چى و چى، بەڵام کوڕى هەژارێک دەبێ لەبەر دەرگاکەیان بوەستێ بۆ ئیمزایەک.
دەبێ لەم وێستگەیەوە تێبگەن کە کێشەکە کێشەى کەڵەکەبووى ٣٠ ساڵە، کێشەى چینێکى حوکمڕانى گوێ گران و چینێکى حوکمکراوى بێ نازە کە هیچ شتێکى نییە لەخۆپیشاندان و توندوتیژیدا بیدۆڕێنێت.