چەپی نەتەوەییو سرودی ئەی رەقیب
2020-12-01 14:08:21
ئەبو كاروان
ئەوەی هانیدام دەربارەی ئەم بابەتە بنوسم، هەڵویستو مامەڵەكردنی هەندێ لایەنی كوردستانیە، بەحزبمان حزبی شیوعی كوردستان لەگەڵ ئەم سرودەدا.
لەدوای كۆنگرەی شەشی حزبمان، لەیادو بۆنە حزبییەكانمان بە سرودی (ئەی رەقیب) دەست پێدەكەینو بەمەش سرودی نێونەتەوەیی (ئێنتر ناسیۆناڵ)مان بەلاوە ناوە، خۆ ئەگەر پێداگیری هەندێ هاوڕێ نەبوایە ئەوا بە یەكجاری بەلاوە دەنرا، چونكە لەچەند بۆنەیەكدا ئەو سرودە بەلاوە نرابو.
لە رۆژی 21/11/2020 دووهەمین كۆنفرانسی كۆڕبەندی چەپەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بە ئۆنلاین گرێدرا، سەرەتا بە سرودی ئەی رەقیب دەستیپێكردو دواتریش سرودی ئێنتەر ناسیوناڵ، ئەمەیش زیاتر هانیدام كە وتەكەم لە كۆنفرانسەكدا لە سەر سرودی ئەی رەقیب بێت.
سرودی ئەی رەقیب لە رابردووەوە تاوەكو هەنوكەش جێگای ئیعجابو شانازیمان بووە، ئەم سرودە بارگاوییە بە مێژووی پڕ لە قوربانیو سەركەتنو تراژیدیاكانمان، لێ ئەمانە ناكاتە ئەوەی بە دیدێكی رەخنەیی تەماشای نەكەینو كەلێنەكانی نەبینین.
ئەم سرودە تەنها سرودی نەتەوەی كوردەو بگرە سرودێكی كوردستانیش نییە، كوردستان وڵاتی گەلێك نەتەوەو ئەتنیكو پێكهاتەی هەمەجۆرە، زۆرینەی زۆریشیان لە كۆڕ خەباتدا رۆڵی جوامێرانەیان گێڕاوە، كەچی ئەو سرودە بەتەنها تەعبیر لە نەتەوەی كورد دەكاتو ئەوانی تێدا پشتگوێ خراوە كە ئەمەش كەلێنەكەیە لەو سرودەدا.
سرود دەبێت هی نیشتیمان بێت، گوزارشت لە كۆی پێكهاتە نەتەوەیو ئتنییەكان بكات، نابێت مارشێك هی نیشتیمان بێتو لەنێو ئەو نیشتیمانە سەروەرییو قوربانییو جوامێرییەكان تەنها لەسەر یەك پێكهاتە تاپۆ بكات، زۆرینەبوونی كورد لەم نیشتیمانە مافی مۆنۆپۆڵكردنی سرودێكی نیشتیمانی پێنابەخشێت، ئێمەی كورد خۆمان قوربانی ئەم عەقڵیەتەین. بۆیە بێ دودڵی دەڵێم: ئەم سرودە جێگەو پێگەی لەنێو دڵو هزری ئێمەدا چی بێت نایكاتە كارێكی هونەری، نیشتیمانی نەگۆڕو قابیلی دەستكاری نەكردن.
ئەم سرودە پێشتر لە بۆنەو یادە نەتەوەییەكاندا پەخش دەكراو پارتی دیموكراتی كوردستانیش لەیادە حزبیەكانیاندا پەخشیان دەكرد. لە خولی چوارەمی پەرلەماندا، ئەم سرودە بووە جێی نیقاشو چەند پروژەیاسایەكیش لەوبارەیەوە پێشكەشكراو خۆیندنەوەی یەكەمیشی بۆكرا، فراكسیونە ئیسلامییەكانو پەرلەمانتارە ئیسلامییەكانی نێو بزوتنەوەی گوڕانو پارتیو یەكیتی پشتگیرییان لێدەكرد، بەتایبەتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە هەموویان ئیخوانیو رابوردو ئیخوانی بوون. ئەم بابەتە وایكرد كە كۆچكردو د. فرسەت یادی بەخێر تێكستێكی موزیك ئامادە بكاتو لەنێو هوڵی پەرلەمان تاقیكرایەوە، كاتێك بینرا ئەم بابەتە ئاڕاستەی ئیسلامیو عیلمانی گرتەوەو لە بەرژەوەندی ئیسلامییەكان بوو لەژێر ناوی دوابخرێ بۆ كاتێكی تر، بەردی لەسەر دانرا.
چەپی راستەقینە چەپێكی ئینتەرناسیۆناڵە، شیوعیو چەپەكان خەباتی نیشتمانیان گرێداوە بەخەباتی چینایەتییەوە، كاتێك ئەم دروشمە بەتەواوەتی جێبەجێناكرێ، زیاتر وەك لایەنێكی نەتەوەیی دەردەكەوینو دەبێنە چەپێكی نەتەوەیی.
لەمێژوودا چەپی نەتەوەیی سەرەتا لە سوپای نیشتمانیی هیندیەوە دەستیپێكرد بەسەرۆكایەتی شوبهاش شاندرا بوز، ئەڵقەی ناوەندی خەباتیان بۆ سەربەخۆیی هیند بوو لە داگیركەرە بەریتانییەكان، هەروەها حزبەكانی شین فین ئایرلندی كۆماری، حزبی بەلشفی نەتەوەیی روسیا، بزوتنەوەی سەربەخۆیی كتالونیا، كۆمەڵەی شیوعیەكانی یوغسلافیا... هتد لە خەباتیاندا وەك چەپێكی نەتەوەیی دەركەوتن. سەرەڕای ئەوەی ئامانجو دروشمی ئەم لایەنانە، دادپەروەری كۆمەڵایەتیو مافی چارەنوسو سیادەی گەلان بوو، بەڵام ماركسییەكان كۆك بوون لەسەر ئەوەی خەباتی ئەم جۆرە حزبە نەتەوەییانەو چەپی نەتەوەیی دەچنە خانەی ئەحزابی بورجوازییەوەو وەك دیاردەییەكی بۆرجوازی دەردەكەون.
ئەمانە نەیانتوانی راستگۆییانە داكۆكی لە مافە چینایەتیەكان بكەن، ئەوە راستە ماركسییەكان لە قوناغێك لە قوناغەكان پشتگیرییان لە بزوتنەوە نەتەوەییەكان كردووە، بەڵام ئەوە لەكاتێكدا بووە كە ئەو بزوتنەوە گرێدرابوون بە خەباتی چینایەتییەوە، شوناسی چینایەتیان لەنێو نەتەوەیدا نەتواندۆتەوە.
لە كۆتاییدا دەمەوێ بڵێم ئەم بابەتانە پێویستی بەدیراسەتو لێكدانەوە هەیەو ناكرێت پێناسەی فیكریو دروشمو سرودی حزب بەبێ بڕیارو ئیقراركردنی لە كونگرەكاندا بەمەیلو ئارەزو جێگوڕكێو دەستكاری بكرێت.