هەڵسەنگاندنێکی کورت بۆ پەیوەندی لایەنەکانی کوردستان لەگەڵ دونیای دەرەوەدا
2020-12-01 12:36:35
جەلال جەوهەر
بەشی ھەشتەم:
بێگومان سەدان ساڵی داگیرکردنی کوردستان لەلایەن ھەردوو ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی، کەلتوری تورکی وفارسی وبڕوای مەزهەبی ھەردولای تاڕادەیەک چەسپاند، و شوێنی زۆریک لەهەست و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردی گرتەوە.
لەبەرئەوە، تا ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی ڕابردووش، لەکوردستان هێزی سیاسی ڕێکخراو، و جوڵانەوەی سیاسی یەکگرتووی کوردستانی نەبووە، میرنشینەکان و کەسایەتی و هێزی کۆمەڵایەتی هەبوو، ئەوانەش بەشێکی زۆریان لە ژێر کاریگەری بیری عەشیرەت و کاریگەری دەسەڵاتداران بووە، ئاراستەی نیشتیمانی و نەتەوەیی لەناو ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانە زۆر لاواز بوو، بۆیە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دونیای دەرەوە، هەم لە ژێر کاریگەری بیروباوڕی ئاین ومەزهەب و عەشیرەتدا بوو، وهەم کاریگەری سیاسەتی داگیرکەرانی عوسمانی و سەفەوی زۆری بەسەرەوە بووە، ئەنجام لەبەر نەبوونی هەڵوێستی یەکگرتووی نیشتیمانی و نەتەوەیی و خیتابی هاوبەش، لە جەنگی جیھانی یەکەم ورێکەوتنی سایکس بیکۆ وکۆنگرەی پاریس لە نێوان ھاوپەیمانان، نەک هەر کورد بێبەش کرا لە مافەکانی خۆی، بەڵکو خاکەکەشی (کوردستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان) پارچە پارچە کرا، و میللەتەکەش دابەش کرا بەسەر سێ دەوڵەتی نوێدا.
کۆنگرەی پاریس ونەبونی نوێنەرایەتی کورد
کۆنگرەی پاریسی ساڵی (1919ز)، کۆنگرەیەکی چارەنوساز بوو بۆ گەلانی بن دەستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەڵام کورد نوێنەری نەبوو لەو کۆنگرە گرنگە، شەریف پاشای خەندان کە نیشتیمان پەروەرێکی گەورە وناسراو ودیاربووە، ئامادەکاری زۆری کردبوو بۆ بەشداری و نوێنەرایەتی کردنی کورد لەو کۆنگرەیە و پەیمانی سیڤەر، بەڵام بەهۆی نەبوونی سازان لە نێوان لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کورد لەو سەردەمەدا، لەبەر کاریگەری پاشماوەی عوسمانیەکان بەسەر بەشێکی ئەو سەرکردانەوە، شەریف پاشا نەیتوانی نوێنەرایەتی کورد بکات لەو کۆنگرەیە، بەم جۆرە کورد گەورەترین دەرفەت وهەلی زێرینی لە دەستدا، بەهۆی بیری عەشیرەتی و ناوچەگەریەتی و کلکایەتی پاشماوەی عوسمانیەکان.
لە کۆتایی چلەکانی سەدەی رابردوو، هێزو لایەنی سیاسی، و ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەری کوردستانی عێراق دروست بوو، بەڵام جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری یەکگرتوو نەبوو، لە نیوەی یەکەمی شەستەکانی (1964ز) سەدەی رابردوو، پارتی دیموکراتی کوردستان بوون بە دوو بەش وشەڕی ناوخۆ ھەڵگرسا لە نێوان ھەردوولا،...، ولە نیوەی یەکەمی حەفتاکانی (1973- 1978ز)سەدەی رابردوو حیزبی شیوعی عێراق، بە باڵی کوردستانیشیانەوە کەوتنە یەک بەرە لەگەڵ حیزبی بەعس، ودژی جولانەوەی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی عێراق، شەڕ وململانێی نێوان لایەنەکانی کوردستان درێژەی کێشا ،تالە ساڵی (1986- 1987ز) بەرەی کوردستانی دروست بوو، بەڵام ئەویش تەمەنی زۆر کورت بوو، بەهۆی دروستبونی دامەزراوەکانی هەرێم (پەرلەمان، حکومەت،...)، وهەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان(1994).
بەو شێوەیە پەیوەندیەکانیش دابەشبون، وبوون بە پەیوەندی حیزب ودەوڵەتان، ئەنجام پەیوەندی لایەنەکانی ناو جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری کورد لەگەڵ دەوڵەتان بە شێوەیەکی گشتی تا ئەمڕۆ یەک پەیوەندی و یەک سیاسیەت و ئاراستە و یەک پەیام نەبووە ونیە. لە بەشێکی باشوری کوردستان ئەگەرچی ھەرێمێکی دەستوری ھەیە، بەڵام تا ئەمڕۆ ناوەندێکی یەکگرتووی پەیوەندیەکان نیە، کە بە تەواوی گوزارشت لە سیاسەتی ئەو قەوارەیە وهەموو کورد وجولانەوەکەشی بکات.
لە کوردستانی عێراقدا بەقەد ژمارەی حیزبەکان ڕایەڵە وکەناڵی پەیوەندی هەیە لەگەڵ دەوڵەتان و دامەزراوەکانیان !؟
بەشی زۆری پەیوەندی لەم جۆرە جگە لەوەی گومان ھەڵدەگرێ، وتەنیاو تەنیاش بۆ بەرژەوەندی ولە پێناو مانەوە وپاراستنی لایەنەکانە.
دیارە ئەم جۆرە پەیوەندیە لە نێوان لایەنەکانی کوردستان و ئەو دەوڵەتانە زۆرترین پاپەندبوونی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی تێدایە بە دەوڵەتان، وهەمیشە بە قازانج و دەسکەوتی دەوڵەتان تەواو بووە، لە بەرامبەر کەمترین دەسکەوتی ڕووکەش بۆ ئەو لایەنانە.
پەیوەندی بەشێک لەو دەوڵەتانە، لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان، تەنیا بۆ وەرگرتن و کێشانەوەی زانیاریە، و هەندێکیان بۆ ئامانج و بەرژەوەندی ئەمنی خۆیان، و هەندێکی تر لەو دەوڵەتانە پەیوەندیەکانیان بۆ قازانج و بەرژەوەندی ئابوریە، هیواشیان هەیە بۆ هەموویەتی (زانیاری، بەرژوەندی ئەمنی، بەرژوەندی ئابوری).
پشت بەستنی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لە شەست و حەفتاو هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە فاکتەری دەرەکی بە ڕەهایی، بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی نیشتیمانی و نەتەوەیی، و گوێنەدان بە فاکتەری ناوخۆیی (یەکڕیزی سیاسی، یەکڕیزی جەماوەری، یەک پەیوەندی نیشتیمانی) کورد و جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری توشی گەورەترین شکستی سیاسی، چەکداری، جەماوەری و دەرونی کرد لە ساڵانی (1975و 1988ز).
دوای ئەو ھەموو ئەزمونە تاڵانەش، پەیوەندیەکانی دەرەوەی لایەنەکانی کوردستان لە ئەمڕۆدا، جیاوازی نیە لەڕووی ناوەڕۆکەوە لەگەڵ هی دوێنێ، پشت بەستن بە فاکتەری دەرەکی تا ئەمڕۆ ئەولەویەتی هەیە لای لایەنەکانی کوردستان، فاکتەری ناوخۆییش (یەکڕیزی سیاسی، یەکڕیزی جەماوەری، یەک پەیوەندی نیشتیمانی، توانای ئابوری) پشتگوێ خراوە وکاری بۆ نەکراوەو ئامادە نیە.
لەبەر ئەوە چارەنوسی ئەمڕۆمان لە دوێنێ باشتر نابێت، گەر پێداچونەوەیەکی ئازایانەو ڕاستگۆیانە نەکرێت بە غەڵەتەکانی دوێنێ و ئەمڕۆدا.
پەنچا ساڵ خەبات و کارکردن بۆ ئامادەکاری سیاسی، جەماوەری،...، ناوخۆیی بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکان، و بە سود وەرگرتن لە فاکتەری دەرەکی، وقۆزتنەوەی دەرفەت وھەلەکان لە کات وشوێنی خۆیدا، زۆر تەندروست و مسۆگەرترە، لەوەی چارەنوسی میللەت و وڵات ڕادەستی دەوڵەتان و فاکتەری دەرەکی بکرێت، بۆ ئەوەی لە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی، سەربازی و جەنگێکی نێودەوڵەتی و لە ماوەیەکی کورتدا بگەی بە ئامانجە باڵاکان، بەبێ ئەوەی هیچ ئامادەکارییەکی ناوخۆیی (سیاسی، جەماوەر، ئابوری، پەیوەندیەکان) کرابێت، دواتریش کە دۆخەکە گۆڕاو پشتیان تێکردین، بەبێ بەرگری، ولە چاو تروکاندنێکدا دەسکەوتەکان لەباردەچێت، وداری بەسەر بەردیەوە نەمێنێت.
ئەزمونی دروستکردنی دەوڵەتان لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، ئەوەی سەلماندووە:
ئەو نەتەوانەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا کران بە دەوڵەت، بە پشت بەستن بە زلهێزەکانی دونیا، بەبێ ئامادەکاری ناوخۆیی (یەکڕیزی سیاسی، یەکڕیزی جەماوەری، ...) تا ئەمڕۆش نەبوون بە دەوڵەتی تەواو، ونەیانتوانیوە لەسەر پێی خۆیان بوستن، و بە تەواوی پشت بە میللەتی خۆیان ببەستن لە ڕووی ئەمنی و سەربازی، ئابوری،...
ڕاو بۆچونی من مانای ئەوە نیە، من لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەت نیم، وفاکتەری دەرەکی وپەیوەندیەکانی دەرەوە کاری لەسەر نەکرێت و پشتگوێ بخرێت، نەخێر، دەڵەتی کوردستان ئامانجی میللەتەکەمانە، بەڵام بەئامادەکاری ناو خۆیی (یەکریزی ھێز ولایەنە سیاسیەکان، یەکریزی جەماوەری، یەک پەیوەندی نیشتیمانی، ئامادەکاریی ئابوری، ھتد) وئامادەکاری دروست وتەندروستی دەرەکی. هەرگیز نابێت دەستبەرداری پەیوەندیەکانی دەرەوە بین، بەڵام پەیوەندیەکان تا ئەو شوێنە ڕاستە و پەسەندە، کە لایەنەکان ئیستغلال نەکرێن، و دەوڵەتان بەکاریان بێنن بۆ ئامانج و مەرامی خۆیان.
تێبینی:
جگە لەو دەقانەی لەم بابەتەدا وەک خۆی دامگرتوە، ولە شوێنی خۆی ئاماژەم بە ناوی سەرچاوەکان داوە، بۆ نوسینی ھەموو بەشەکانی ئەم بابەتە، سودی گشتی زۆرم لەم سەرچاوانەش وەرگرتوە :
١ـ کورد وکوردستان، لەبەڵگەنامە نھێنیەکانی حوکمەتی بریتانیادا، بەرگی یەکەم، کەمال مەزھەر، ئامادەکردنی : عبداللە زەنگەنە وشەھلا تاھیر حەیدەری.
٢ـ کورد وکوردستان، لە بەڵگەنامە نھێنیەکانی ئەمریکادا ( کوردستانی عێراق )، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە : وریا رەحمانی.
٣ـ کورد وکوردستان، لە بەڵگەنامە نھێنیەکانی ئەمریکادا (کوردستانی ئێران وتورکیا)، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە : وریا رەحمانی.
٤ـ کورد وسیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتوەکان. ماریانا خاروداکی، وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : مامکاک.
٥ـ الدور الکردی فی لعبە القوە الروسیە فی الشرق الاوسط، آنا بورشفسکایا، ٢٩/تموز/٢٠٢٠، معهد واشنطن لسیاسە الشرق الاوسط.
٦ـ اتفاق سایکس بیکو، المعرفە، www.marefa.org
٧ـ سایکس بیکو سازونوف...حلم روسیا القیصریە للسیطرە على میراث العثمانیة، عماد عنان.نون پوست noonpost.com، ، ٢٠٢٠/٣/١١.
٨ ـ RT Arabic ـ کیف سقط اسرار اتفاقات"سازونوف - سایکس - بیکو. تاریخ النشر٢٠٢٠/٠٢/٢٧ .