(گروپی37)ی پەرلەمان بەهێز بكەن، شایانی پشتیوانین !
2020-12-01 07:15:53
فریاد هیرانی
دوای ماوەیەكی زۆر بێ هیوایی لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ 30/11/2020 لە كۆبونەوەی فەرمی پەرلەمانی كوردستان 37 پەرلەمانتاری بەڕێز رازی نەبوون كۆبونەوەی پەرلەمان بەڕێوە بچێ، ئەگەر بەرنامەی كۆبونەوەكە تایبەت نەبێ بەخراپی بژێوی خەڵك و نەبوونی مووچە و ئەو (قەیرانە تایبەتەی هەرێم)، ئەوەبوو پەرلەمانتارانی ناڕازی و بەرگریكاری بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی خەڵك راگەیەنراوێكیشیان بڵاوكردەوە و پەرلەمانیش بڕیاریدا كۆبونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بابەتەكە بكرێ بە بانگكردن و ئامادەبوونی نوێنەرانی حكومەت .
تا ئێرە ئەوەی روویدا وەك كاری پەرلەمان و كاری پەرلەمانتاری پەرلەمانتاران ئاسایی و یاسایی یە، ئەوەی كە لەمەوپێش روویدەدا ئاسایی نەبوو، كە بێدەنگ بون بەرامبەر ناهەقی و ناعەدالەتی دەرهەق بە خەڵك، بەرامبەر غەدری ئاشكرا و حاشاهەڵنەگر بەرامبەر خەڵك و بەرژەوەندی گشتی گەلی كوردستان.
ئەم خولەی پەرلەمان لەمڕۆوە وەك پەرلەمانێك نوێنەرایەتی خەڵكی تیا بینرا، بۆیە ئەم شەڕە مەدەنی و شارستانیە پێویستیە بەردەوامی هەبێ و گروپی پەرلەمانتارانی بەرژەوەندی خەڵك، كە من ناویان دەنێم (گروپی 37 ) پێویستە بەهێزتر بكرێ و خۆشیان زیاتر بە رێكخراو بكەن بۆ ئەو ئامانجانەی دیاریان كردووە، هیوادارم پەرلەمانتارانیتریش بچنە ناو ئەو بەرەیە و رێز لە دەنگدەران و ئیرادەی دەنگدەرانی خۆیان بگرن و بەڵێن و پەیمانەكانیان ببەنەسەر. بە راستی كاری پەرلەمانتاری ئەوە نیە چاكەت و پانتۆڵێكی جوان و بۆینباخێكی جوان بكەنەبەر و (عاقڵ!) و بێدەنگ دانیشن! كە ئەمە كەلتورێكی كۆن و باو و كلاسیكی حزبی كلاسیكیە كە نزیكەی 30 ساڵە ئەم كەلتور و دیاردەیە وەك ئاسنی سارد دەكوترێتەوە!
ئیتر پێویستە ئەم كەلتورە وەلابنرێ و كەلتوری نوێ كە زیندوویی پەرلەمانتار و پەرلەمانتارانە جێگەی بگرێتەوە. پەرلەمانتار لە جیاتی وا بیربكاتەوە كە بە هۆی حزب یان قەوارەیەكی سیاسی بۆتە پەرلەمانتار، ئەوە ئێستا پێویستە وا بیربكاتەوە، كە ئەو بە كەسایەتی خۆی و ماندووبونی خۆی لە ناو خەڵك دەنگی بۆ حزبەكەی كۆكردۆتەوە و بە هۆی بەلێن و ئەو بەرنامانەی لە ناو خەڵك بانگەشەی پێكردووە و ئێستاش نابێ پشت بكاتە خەڵك! بە تایبەتیش دەنگدەر بەر لەوەی دەنگ بە حزبێك یان قەوارەیەكی سیاسی دابێ ئەوا بڕیایداوە دەنگ بە شەخسەكە بدا، دەنگدانیش بە خودی پەرلەمانتارەكە دەیخاتە بەردەم ئیلتیزامی راستگۆیی وئەخلاقی!
ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆی (گروپی 37) هەنگاوێكی گرنگ و چۆنایەتیە كەلەناو پەرلەمان روویدا، بۆیە لەگەڵ ئەوەی پێویستە پەرلەمانتاری تریش بچنە ناو ئەم بەرەیە، هاوكات دەبێ خەڵكیش و رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە بەرژەوەندی خەڵك و چین و توێژە غەدرلێكراوەكان بە چالاكیی و دەنگ هەڵبڕین بە شێوازی خۆیان پاڵپشتی (گروپی 37) بكەن!
دیارە لێرە و لەوێ لە كەناڵەكان و سۆسیال میدیا قسە زۆر دەكرێ، كۆمێنت و تیروتوانجی زۆر هەیە، هەندێك لەو قسانە گوزارشتن لە بێ متمانەیی و ناهەقیش نین !
هەندێكیتر لە بۆچوون و تیروتوانجەكانیان ئەوانەن كە دەخوازن هیچ ناڕەزایەتیەك بوونی نەبێ و بێدەنگی و خامۆشی كۆمەڵگا زیاتر بەردەوامی بكێشێ !!
من بەش بە حاڵی خۆم نە مولتەزیمم بە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی، نە لایەنگیر و هاوسۆزی هیچ فڕاكسیۆنێكی پەرلەمانیم، بەڵام پشتیوانی ئەو دەستپێك و هەنگاوەی ئەم 37 پەرلەمانتارە دەكەم ، كە لەنێویاندا چەپ و راست و ئیسلامی و عەلمانی تێدایە لە پێناو بەرگریكردن لە خەڵك و بە دیهێنانی دادپەروەری !