Draw Media

ئه‌ینێرێ، ناینێرێ... ناردی، نه‌ینارد

ئه‌ینێرێ، ناینێرێ... ناردی، نه‌ینارد

2020-11-30 20:24:07


د.سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم
باوه‌ڕناكه‌م هیچ سه‌رده‌م‌و قۆناغێك له‌مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا مرۆڤی كورد هه‌ستی به‌شه‌رمه‌زاری‌و شكانه‌وه‌ كردبێت، هه‌ستی به‌خۆكه‌مزانین، هه‌ستی رقبوونه‌وه‌ له‌ئینتیما، هه‌ستی بێزاری له‌نیشتیمان، له‌كوردایه‌تی ساخته‌، له‌درۆی سیاسییه‌كان، له‌فاشیلی په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتاره‌كان‌و،...تاد، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ خۆشویستنی ئه‌وانه‌ی كراون به‌نه‌یاری سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا به‌شیعه‌‌و سوننه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ناوی به‌های ئه‌و چه‌مكانه‌ بێت نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌شی نه‌یهێشت ئه‌م ژماره‌ له‌سه‌ركرده‌ی شكستخواردووی عه‌قڵ بچوكی ته‌سكی بنه‌ماڵه‌‌و ده‌سته‌‌و گروپێكی ئۆلیگارشی به‌رژه‌وه‌ندیخوازی نێو گرێبه‌ستی نه‌وتی‌و په‌یوه‌ندییه‌ ژێربه‌ژێرییه‌ هه‌رێمییه‌ گوماناوییه‌كانن.
باوادابنێین ئه‌وه‌ به‌غدا‌و شیعه‌‌و سوننه‌یه‌، ئه‌وه‌ كازمی‌و حه‌كیم‌و عه‌لاوی‌و مالیكی‌و سه‌دره‌ رقیان له‌ئێمه‌یه‌‌و رێناكه‌ون له‌گه‌ڵمان‌و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم‌و موچه‌خۆرانی كوردستان نانێرن‌و پابه‌ند‌و ئاماده‌ی رێكه‌وتن نین، ئه‌دی ئیشی ئێوه‌ به‌درێژایی حكومڕانی چیبووه‌؟ كوا ئابوورییه‌كی خۆماڵی به‌هێز؟ كوا بازرگانی ده‌ره‌كی‌و ناوخۆ؟ كوا داهاتی گومرگی مه‌رزه‌كان‌و خاڵه‌ سنوورییه‌كان‌و فه‌رمانگه‌ پڕ داهاته‌كان؟ كوا به‌رهه‌می كشتوكاڵ‌و ده‌شتی شاره‌زور‌و بتوێن‌و هه‌ولێر؟ كوا به‌رهه‌می سامانی ئاویی ده‌ربه‌ندیخان‌و دوكان؟ كوا دامه‌زراندنی گه‌نجانی ده‌رچووی زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان‌و ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ بێكاران؟
له‌مانه‌ش گه‌ڕێ كوا مۆڕاڵ‌و به‌های سیاسیتان؟ كوا بنه‌ما‌و پره‌نسیپی نیشتیمانی‌و نه‌ته‌وه‌ییتان؟ كوا به‌های خوێنی ئه‌نفال‌و شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌؟ كه‌ نرخی خوێنی شه‌هیده‌كان؟ كوا ئاهی جه‌رگ سوتاوی دایك‌و مناڵی شه‌هید؟ كوا درۆ‌و قه‌وانی سه‌رده‌می شاخ‌و پێڵاوی قوڕاوی‌و قه‌یتانی دڕاوتان؟ كوردستانتان پڕكردووه‌ له‌مۆدێله‌وان‌و فاشیۆنه‌وانی بێ ئه‌رزش، له‌قومارخانه‌‌و یانه‌ی شه‌وانه‌ی به‌دڕه‌وشتی، له‌باڕ‌و گازینۆی بێ یاسا‌و رێسا، له‌بازرگانی قاچاخ‌و خواردنی به‌سه‌رچوو، له‌باند‌و گروپی چه‌ته‌‌و چه‌كداری دوور له‌یاسا. كه‌نگێ به‌خه‌به‌ر دێن، كه‌نگێ دێنه‌وه‌ هۆشی خۆتان؟ مناڵی شه‌هید سواڵ ئه‌كا، ژنی شه‌هید بۆ ده‌به‌یه‌ك نه‌وت ده‌پاڕێته‌وه‌، ئیدی به‌س نییه‌ ئه‌م هه‌موو درۆ‌و نمایش‌و كه‌ش‌و فشی سه‌ر شاشه‌‌و قات‌و بۆینباخ‌و خۆراپسكان‌و خۆسوركردنه‌وه‌ی كوردایه‌تی بێناوه‌ڕۆك‌و ساخته‌؟!
ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌رهه‌می شكستی ئیداره‌دانی هه‌رێمێكی بچووكی كوردستانه‌، شكست له‌ئیداره‌دانی داهات‌و سامانی سروشتی، شكست له‌ئیداره‌دانی په‌یوه‌ندی سیاسی‌و دیپلۆماسی‌و به‌شداری سیاسیی.  چه‌ند زه‌لیل‌و سه‌ركزانه‌یه‌ پاڕانه‌وه‌ له‌وه‌ی ناوتان ناوه‌ ده‌وڵه‌تی ئیحتیلالی عێراق بۆناردنی موچه‌‌و داوا ئه‌كه‌ن بینێرێ، یاخود ده‌ڵێن: گه‌ر به‌غدا موچه‌ بنێرێ ئێمه‌ش ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه‌ ده‌كه‌ین. چه‌ند مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌ خاوه‌نی هه‌موو داهات‌و ده‌رامه‌تێكی سه‌رزه‌وی‌و ژێر زه‌وی بیت، به‌ڵام له‌به‌ر دزی‌و فزی‌و فڕو فیشاڵی به‌تاڵی كوردایه‌تی عه‌قڵی ئیداره‌دانی هه‌رێمێكی بچووكت نه‌بێت، چه‌ند مایه‌ی بێحورمه‌تییه‌ ته‌ماح بكه‌یته‌ پاره‌‌و موچه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت‌و هه‌تیوو مناڵه‌ شه‌هید‌و فه‌رمانبه‌ری ماندوو كرێچی‌و به‌ناوی لێبڕین‌و چاكسازییه‌وه‌ بیدزی‌و تاڵانی بكه‌یت. ئاخر ویژدانی ئیحتیلال ئاسوده‌یه‌ یا ئێوه‌؟ ئه‌مه‌ سه‌رسامبوون نییه‌ به‌عێراق‌و دامو ده‌زگا‌و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی، به‌ڵكو خستنه‌ڕووی شكستی ئێوه‌یه‌، كۆڵبه‌ن، بڕۆن، یا یه‌ك تۆزێ پابه‌ندی به‌های سیاسی بن، چونكه‌ حكومڕانی پاك به‌به‌ها ئه‌كرێ، كه‌ئێوه‌ نه‌تان ماوه‌‌و چاوه‌ڕێش ناكرێ له‌داهاتوودا هه‌تان بێ‌و دۆڕانتان به‌داخه‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand