پەکەکە دەستوەردان لە باشوردا دەکات؟
2020-11-29 12:35:23
بێریڤان محەمەد
وەزیری دەوەی دەولەتی تورکی داگیرکەر گوتی پەکەکە ھەندێک ناوچەی ھەرێمی داگیرکردوە، دواتریش مەسعود بارزانی سەرۆکی پدک، ھەمان قسەی دوبارە کردەوە، ئێستا خەریکە حزبۆچکە و موچەخۆرەکانی تریش هەمان قەوان لێدەدەنەوە.
لێرەدا باس لە ھەموو ھەوڵە پۆزەتیڤەکانی پەکەکە ناکەم لە پاراستنی دەسکەوتەکانی باشوور و ئەو شەھیدانەی بۆ بەرگری لە باشوور داویەتی و لە چەندین کاتی جیاواز و مەترسیداردا فریای باشور کەوتووە.
پەکەکە هەمیشە ڕێزی لە دەستکەوت و یاساکانی ھەرێمی کوردستان و دەزگاکانی گرتوە بەڵام خودی پارتی و حکومەتەکەی لە ھەموو لایەک زیاتر بێرێزی بە ئەزموونی هەرێم و دامودەزگاکانی کردووە و دەیکات.
ئایا لە حکومەت و پەرلەمانەوە تا هەموو دەسەڵاتەکانی ھەرێم کامەیان لەژێر دەست و فەرمانی پەکەکەدایە؟ یان لە ئەنجامی دەستوەردانەکانی پەکەکە کامیان بریارێکیان لە بەرژەوەندی پەکەکە تا ئێستا داوە؟
بەپێچەوانەوە کۆی ئەو دەسەڵاتانە و ژێرخان و سەرخانی ئابووری هەرێم لە ژێر ھەژمونی تورکیایە و ئەنقەرە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و دەیانی تری لە خۆرا تەعین نەکردوە.
باشوری لە سەرجەم ڕوەکانەوە خستۆتە ژێر داگیرکاری خۆیەوە، جا ئەگەر نیازێک و رزگارکردنی باشور و پاراستنی دەسکەوتەکان ھەبێت دەبێت ئاراستەکان بگۆڕدرێن.
لە جێی ئەوەی ڕوی دەمتان لە تەڤگەری ئازادیخوازی پەکەکە بێت کە مافی تێکۆشانی لە باشوری کورستان لە زۆرینەتان زیاترە چونکە لە ڕاپەڕینی ١٩٩١ هەتا شەڕی داعش و هێرشی حەفتەنینی تورکیا لە ئەمساڵدا باشووری لە داگیرکاری پاراستووە و گەل ئەم ڕێکخستنەی قبوڵ کردوە، بەڵکو دەبێت روی دەمی ھەموو لایەک لە دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا و ئەو دەیان بارەگای سەربازی و سەدان بنکەی سیخوڕییەی تورکیا و تیرۆر و هاوکارییەکان پارتی و ھێزە وابەستەکانی بێت بۆ تورکیا کە بەئاشکرا گەورەترین ھەرەشە و مەترسیان لەسەر خەڵک و خاکی کوردستان دروست کردووە.