حوکمی قەرەقوش
2020-11-29 10:44:37
ساری ئەبوبەکر زەڵمی
دەگێرنەوە کۆمەڵێک جوتیار لە میسر سکاڵای خۆیان دێنن بۆ لای قەرەقوش، کە ناوی تەواوی (أبو سعيد قراقوش بن عبد الله الأسدي)یەو بە (بهاءالدين قرقوش) ناسراوە. کاربەدەستێکی دەوڵەتی ئەیوبیەکان بوو لە سەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبیدا، جوتیارەکان داوای کەمکردنەوەی باج دەکەن لەسەریان، لەبەرئەوەی بەهۆی سەرماوسۆڵەوە بەرهەمی پەمووی ئەو ساڵەیان لەناودەچێت، قەرەقوش تورە دەبێتو دەڵێ ئەدەم لەملتان ئەگەر جارێکی تر بێنەوە، کەمتەرخەم مەبن و برۆن خوری لەتەنیشت پەموو بچێنن تاوەکو پەموەکەتان نەفەوتێت.
ئێستا ئێمەی میلەتی کورد لەو بارودۆخەداین کە سەدان ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، سەدان جار حوکمی قەرەقوشمان بەسەردا سەپێندراوە بە بێ گوێدانە هیچ یاساو ڕێسایەک،
فەرمانبەران سەدان جار ناڕەزاییان دەربڕی کە مووچەو مافیان بدرێت، بەڵام حوکمی قەرەقوشیان بەسەردا سەپێندرا کە ئەگەر کەمتەرخەم بن سزا دەدرێن، وەک چارەسەرەکەی قەرەقوش چارەسەریشیان بۆ دانراو جارێک پێیان وترا هێندە چڵێس مەبن دەست بگرن بە پارەکانتانەوە، جارێکی تر پێیان وترا قاسە دابنێن و پارە کۆ بکەنەوە، جارێکی تریش پێیان وترا پێویستە چاوتان لە مووچە نەبێت، هەوڵ بدەن بۆ خۆتان ئیش بکەن و پارە پەیدا بکەن!
دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەم جۆرە حوکمداریە لە زۆرێک ووڵاتانی دواکەوتووی جیهاندا بوونی هەیە، کە بێگومان سیاسەتی هەڵەی بەڕێوەبردنی ووڵات ئەم جۆرە حوکمە دروست دەکات و چەندین ئاسەواری خراپ و کوشندە لەگەڵ خۆیدا پەلکێش دەکات و کاتێک حوکمداری لە ژێر ڕۆشنایی زانستی ئیدارەدان و تەجروبەی باش و خەم خۆرانە نەبوو، ئەوا لە هەموو بەشەکان شکست ئەهێنیت وەک (ئابوری، سیاسی، ئیداری، ئەمنی و خزمەت گوزاری... هتد). ئەگەر بە وردی سەیری بنەماو رێساکانی حوکمداری باش بکەین، زۆر جیاوازە لەم سیاسەتەی کە لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، «ئەرستۆ» و «ئیبن خەلدون» لەم بارەیەوە دەڵێن: سیاسەتی باش چاکەی گشتیەو فەزیلەتە، سیاسەت بریتی یە لە چاکەی گشتی و پاسەوانێتی کۆمەڵگە و خزمەتکردنیان بە باشترین شێواز. (ئایا لە کوردستان ئەم جۆرە سیاسەتە بوونی هەیە؟)، هەروەها کانت سەبارەت بە مرۆڤی سیاسی دەڵێت: سیاسی باش ژەسێکە کە ئەوەی بۆ خۆت رەوا دەبینێ بە خەڵکیش رەوا دەبینێت، وە یەکێک لە کردەوەکانی مرۆڤێکی سیاسی باش ئەوەیە کە دان بە هەڵەکانی خۆێدا بنێت.
ئەگەر بە ووردی سەرنجێک بدەین لە بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆجی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، بە ڕوونی هەست دەكەین كە تارماییەکی ڕەشی پڕ لە بێ هیوایی ڕوخساری ئەم خەڵکی كوردستانەی پۆشیوە بە شێوەیەك كە هەموو هیوایەکی لەناوبردووەو و خەڵكی خستۆتە بارێكی دەروونی قورس كە بێگومان پاش گەڕانەوەی ژیانی ئاساییش(ئەگەر ژیان ئاسایی ببێتەوە), ئاسەواری نەرێنی خۆی دەبێت و ئاسەوارەکانی تا ماوەیەکی دوورودرێژ دەمێننەوە. لەبەرئەوەی لە كوردستاندا سیاسەت لە ڕێگا ڕاستەکەی خۆی دورخراوەتەوەو سیاسەت و حیزبایەتی گرێدراون بە یەکەوە، وە سەرجەم جومگەکانی دەوڵەت و یاسای وڵات خراونەتە خزمەتی حیزبەوە، وە دەوڵەتداری دەکرێت لە سەر بنچینەی پەیوەندیەكانی ئینتمای تایبەتی (خزم و كەس وكار و بنەماكانی ڕەچەڵەك و بنەچە, هتد.), بە شێوەیەك کە هیچ بوارێكی نەهێشتۆتەوە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی پرینسیپە سەرەتاییەكانی دیموكراسی و دادپەروەری و حوكمڕانی تەندروست و گونجاو، لە جیاتی هەوڵدان بۆ پەروەردەكردنی میللەت لەسەر بنەمای هاوكاری و ئاشتی و پێكەوە ژیان و بەدەستهێنان و چەسپاندنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، رۆحی ڕق و كینەیان كردوە بە بناغەی كاری سیاسی، بە جۆرێک كە هەر ئەندامی حیزبێك بۆ ئەوەی سەرووی خۆی ڕازی بكات و هەروەها بەرزبێتەوە و بڕواتە پێشەوە و پۆستی ئیداری و سیاسی وەربگرێت دەبێت لە هەڵسوكەوتی ڕۆژانەیدا ڕق و كینە بەدی بکرێت بەرامبەر ئەوانەی بەشداری دیدو بیرو بۆچونی ئایدیۆلۆجی حیزبەكەی ناكەن یاخود سەردانانوێنن بۆ ویست و هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج و ئارەزووی بەرپرسانی ووڵات. بەهۆی ئەم پەروەردە سەقەتەوە وای لێهاتوە کە لە ناو ماڵێکداو لە چوارچێوەی چوار دیواردا کوڕو باوک یان براو برا، یان ژنو مێرد، قسە پێکەوە ناکەن تەنها لەبەر ئەوەی هاو فکرو هاو حیزب نین!
هەر بە هۆی ئەم جۆرە حکومڕانی و سیاسەتەوە سەدان حوکمی تری قەرەقوش بەسەر میلەتدا سەپێندراوە کە وای کردووە ئینتیمای نشتیمانیشمانی لە نێوان تاکەکاندا لاواز ببێت.
ئاخر چۆن دەكرێ و بە چ یاسایەک حکومەت و کاربەدەستە حیزبیەکانی بڕیار بدەن لە سەر قووتی خەڵكی و خۆشیان لە ڤێلاو خانوە هەزار مەترییەکانیاندا بژین و خاوەنی ملیۆنەها دۆلار بن لە ووڵاتانی دونیا و پارەی یەک ساڵی خوێندنی منداڵەکانیان یەکسان بێت بە مووچەی دە ساڵی فەرمانبەرێک و بیست ساڵی خانەنشینێک؟ بە چ حەقێك ماف دەدەن بە خۆیان خەڵكی بێ بەش بكەن لە ژیانێكی ئاسایی و بە ئارەزووی خۆیان ڕێژەی سەدیی دابنێن بۆ پێدانی مووچەکانیان؟
لە کوێی دونیادا هەیە کە بیر لە خۆپیشاندان بکەیتەوەو سزا بدرێیت لەسەری؟
لە کوێی دونیادا هەبوە ئەرک ببینیت و مافت نەبێت؟
لە کوێی دونیادا هەبووە مانگ ٦٠ ڕۆژ بێت؟
لە کوێی دونیادا هەبوە سەرچاوەکانی داهات بونیان هەبێت، بەڵام داهاتەکەی بوونی نەبێت؟
بێگومان ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ئەم پرسیارانەو هەزاران پرسیاری تر بدەینەوە و ئەگەر بمانەوێت بە کورتی هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخانەی باسمان کرد بخەینە ڕوو، وە ئەگەر هەڵسەنگاندنێكی خێرا بۆ پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا بكەین، ئەوا بە ڕاشکاوی بۆمان دەردەكەوێت كە لە پرۆسەی دەوڵەتداریی كوردستاندا هۆکاری سەرەکی ئەم کێشانە ئەوەیە کە نەتوانراوە جیاوازیی نێوان ئایدیۆلۆژیەتی حزبە سیاسییەكان رێكبخرێت و هەموو ئایدیۆلۆژیەتە جیاوازەكان وەرچەرخێن بۆ ئایدیۆلۆژیەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، بێگومان لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە كە جیاوازی لە نێوان ئایدیۆلۆژیەتە جیاوازەكان نەمێنێت، بەڵكو ئایدیۆلۆژیەتەكان چەند جیاواز بن، دەبێت لە یەك بازنەدا هەماهەنگییەکی سیاسی بسازێنن بۆ ئەوەی بتوانن پێكەوە حوكمڕانێكی باشی نەتەوەیی و نیشتمانی پێشكەش بكەن و بوێرانە ئەو خاڵە دەستنیشان بكەین، كە هەموو خاڵە لاوازەكانی حوكمڕانی لە كوردستاندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو وەرچەرخانە لە ئایدیۆلۆژیەتی حزبە سیاسیەكانی ناو پرۆسە سیاسییەكە دروست نەبووە، چونکە بێگومان ئەم خاڵە هۆكاری ئەوە بووە كە یەکگرتویی و هەماهەنگیی سیاسی لە نێوان حزبە سیاسیەكاندا دروست نەبێت و زەمینە خۆش بکرێت بۆ دزی و گەندەڵی و ناشەفافی لە ناو جومگەکانی دەسەڵاتدا.
ئەگەر سەرنجێکی دەوڵەتانی هاوچەرخی باکوری ئەمریکا و ئەوروپای رۆژئاوا بکەین، دەبینین یەكێك لە فاكتەرە هەرە گرنگەكانی سەركەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ لە باكووری ئەمریكا و ئەوروپای رۆژئاوا، دەگەڕێتەوە بۆ وەرچەرخانی ئایدیۆلۆژیەتی جیاوازی حزبە سیاسییەكان لە ئایدیۆلۆژیەتی نێونەتەوەیی و ئایینییەوە بۆ ئایدیۆلۆژیەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، لەچوارچێوەی ئەم وەرچەرخانەدا، حزبە سیاسییەكان لە چوارچێوەی ناوێكی لێكدراوی تازەدا پۆلێن كراونەتەوە. وە بڕیاریان داوە لەسەر شكۆی دەوڵەت و حوكمڕانیی نیشتمانی جیاوازییان نەمێنێت و لە ناو پەرلەمانەكانی خۆیانەوە هەنگاوی پێویست بۆ یەكسانی و دادپەروەری و حوكمڕانییەكی باش هەڵبگرن و بەم هۆیەشەوە حوکمڕانییەکی باش بنیاد بنێن کە مافەکانی میلەت تیایدا پارێزراو بن.
جا بۆ ئەوەی لەم بارودۆخەی ئێستای هەرێم تێپەڕین، پێویستە حیزبەکانی هەرێم بە بێ گوێدانە جیاوازی ئایدۆلۆژیای خۆیان و حیزب و ئاینیان، هەوڵ بدەن لە جیاتی دژایەتی کردن و سوککردنی یەکتر لە کەناڵە زمانحاڵەکانیانەوە، بە هەموویانەوە ئامانجەکانیان یەک بخەن بۆ ئەوەی حوکمدارییەکی باش بەرهەم بهێنن لەسەر هەردوو بنەمای سەرەکی، ئەمەت لە کوێ هێنا(من این لک هذا)، کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو). بۆ ئەوەی میلەت ڕزگار بکەن لەم بارودۆخە خراپەی ئێستا کە لەسەردەمی قەرەقوش خراپترە