Draw Media

ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و كێشه‌ی زینی وه‌رتێ!

ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و كێشه‌ی زینی وه‌رتێ!

2020-11-28 20:03:47



د. كامه‌ران مه‌نتك
 
جێگای داخه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی كه‌لتوورێكی وا هاتۆته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، ئه‌وه‌ی جنێو به‌ پارتی و یه‌كێتی بدات، ده‌كرێته‌ رۆشنبیرو زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی و به‌شخوراو به‌چاوێكی رێزو دڵبه‌ندیه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كات، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك به‌هۆی ناشرین بوون و ریسوابوونی زیاد له‌پێویستی پارتی و یه‌كێتیه‌، له‌لایه‌كی تر ئاستی هوشیاری كۆمه‌ڵگاكه‌ی كوردی‌‌ نیشان ده‌دات!. هه‌رچه‌نده‌ ده‌بێت له‌وه‌ تێبگه‌ین، كه‌ جنێودان و بۆڵه‌بۆڵی بن دیواران له‌مێژووی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌كدا سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی گه‌وره‌و كاركردن بۆ گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌ی تیایدا ده‌ژین، زۆربه‌ی جاریش ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌شۆڕش كۆتایی دێت. به‌ڵام ئه‌و قۆناغه‌ له‌مێژووی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكان زۆر ناخایانه‌نێت، واته‌ ته‌نیا وه‌ك قۆناغێكی كورت ده‌مێنێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ قۆناغێكی نوێ و مێژووێكی نوێ ده‌ستپێده‌كات. به‌رده‌وام بوونی ئه‌و دۆخه‌ واتای چه‌قبه‌ستنی بیری ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه‌، كه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و قۆناغه‌كه‌‌ له‌ قه‌با‌ره‌ سروستیه‌كه‌ی خۆی بپارێزیت و هه‌نگاوی دوای ئه‌وه‌ هه‌ڵێنێت، دیاره‌ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌یه‌، كه‌ كۆمه‌لگای كوردی تیایدا ده‌ژی، له‌لایه‌كی به‌هۆی هه‌ستیاری مه‌سه‌له‌ی كورده‌وه‌یه‌، كه‌ تا ئێستا زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، به‌تایبه‌تی ئه‌و نه‌وانه‌ی سه‌رده‌می رژێمی به‌عسیان بینیوه‌، له‌ گه‌ڕانه‌ دواوه‌ی مێژوو ده‌ترسن و ده‌یانه‌وێت هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و دۆخه‌ بپارێزرێت و له‌ده‌ست نه‌چێت، به‌ڵام ئه‌و نه‌وانه‌ش خه‌ریكه‌ قۆناغه‌كه‌یان به‌سه‌ر ده‌چێت و ورده‌ ورده‌ گۆڕه‌پانی ژیان جێده‌هێڵن، ئینجا كێشه‌كه‌ له‌وێوه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ نه‌وه‌ه‌یه‌كی نوێی دابڕاو له‌و مێژووه‌ ترسناكه‌ دێت و پچڕانێكی مێژووی رووده‌دات، كه‌ ئێستا ئه‌و قۆناغه‌ ده‌ستپێكردووه‌و له‌گه‌شه‌سه‌ندن و پێگه‌یندایه‌، مانه‌وه‌ی ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ به‌ ته‌نیا له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ به‌و پاشخانه‌ مێژووییه‌ دابڕاوه‌و به‌و رق و كینه‌ی ئه‌و حزبانه‌ی كوردستان له‌ یاده‌وه‌ری ئه‌ودا دروستیان كردووه‌، به‌و كه‌لتووره‌ سه‌قه‌ته‌ی ئێستا له‌ كۆمه‌ڵگای كوردی بره‌و ده‌سه‌نێت، ئه‌گه‌رێكی ترسناك له‌خۆوه‌ ده‌گرێت و ترسی ئه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ بۆ تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ له‌و مێژووه‌ چرووك و بێبه‌هایه‌ی ئه‌و حزیبانه‌ دروستیان كردووه‌، سه‌ره‌ڕۆیی به‌ هه‌موو شتێكه‌وه‌ بكات و چاوه‌ڕوانی چاره‌سه‌ر له‌ هه‌موو كه‌سێك بكات ته‌نیا خۆی نه‌بێت! له‌پێناو رۆیشتنی نه‌مانی ئه‌و دۆخه‌ وه‌ك ده‌ڵێن هه‌موو خه‌ونه‌كان بخاته‌وه‌ سه‌به‌ته‌ی دوژمنانی كوردو روو له‌ هه‌موو شوێنیك بكات ته‌نیا خۆی نه‌بێت!. ئه‌وه‌ نیه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ به‌رهه‌ڵستكارو ئۆپۆزسیۆن داده‌نێن، په‌نا بۆ به‌غدا ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست ئه‌وانه‌ رزگاریان بكات!. پاساویشیان بۆ ئه‌م كاره‌یان هه‌یه‌و ره‌نگ بێت پاساوه‌كه زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی ساده‌و ئاسایش قنیات پێبێنێـت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی كوردستان هه‌موو ئه‌و رێگایانه‌یان تاقیكرده‌وه‌و به‌ره‌وایان بینی له‌پێناو گیرفانی خۆیان ئێران و تووران بێننه‌ سه‌رخاكی خۆیان، كه‌واته ئه‌گه‌ر وه‌كو ده‌ڵێن گه‌وره‌كان، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ نه‌ك هه‌ر گه‌وره‌ نه‌بوون به‌ڵكو جێگای شه‌رمه‌زاری بوون ئه‌و ئاوه‌یان رژاندبێت،‌ ئه‌وانه‌ی تر، كه‌ خۆیان به‌ ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی ده‌زانن بۆ وانه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵكی تر ره‌وا بوو بێت بۆچی بۆ ئه‌وان ره‌وا نه‌بێت؟!
جێگای داخه‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاینده‌ی كورد ئه‌وه‌یه‌ مێژووێك له‌سه‌ر ئه‌و مێژووه‌ قێزه‌ونه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی حكومه‌تی ئه‌و دوومناڵه‌ بنیاتبنرێت، له‌جیاتی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئیراده‌ی تاكی كوردی و بونیاتاننه‌وه‌ی مرۆڤی كورد، به‌شێوه‌یه‌ك پاك بكرێته‌وه‌ له قڕێژو پیساییه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌، هه‌وڵبدرێت درێژه‌ به‌و رێچكه‌یه‌ بدرێت و پڕۆسه‌ی هێنانی داگیرگه‌ران و هه‌ڕاجكردنی خاكی كوردستان به‌رده‌وام بێت. ده‌بێت تاكی كورد به‌گه‌شبینی و به‌ تێڕوانینێكی نوێوه‌ سه‌یری خۆی بكات و له‌ مه‌سه‌له‌ی وڵات و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی تێبگات، ده‌بێت له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به‌دوای ئه‌و شه‌پۆڵه‌ سیزیفیه‌ بكه‌وێت، كه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی له‌ مێژووه‌كه‌ی داگیركردووه‌، هه‌وڵ بدات درك به‌ ئاڵۆزی دۆخی خۆی و وڵاته‌كه‌ی بكات، كه‌ نه‌ك هه‌ر سیاسیه‌تمه‌داران بگره‌ نووسه‌رانیش، مه‌به‌ستم ته‌نیا نووسه‌رانی كورد نیه‌، راستگۆیانه‌ نه‌یانویستووه‌ به‌روونی بایه‌خ و گرنگی پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیكی كوردستان دیاربكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و گرنگیه‌ هه‌میشه‌ له‌ دووتوێی گرنگی بایه‌خی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ شاردراوه‌ته‌وه‌، كه‌ كوردستانیان به‌سه‌ر دابه‌شكراوه‌!.
ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی رۆشنبیری جدی و دڵسۆز ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و بۆچوونه ساویلكانه‌ی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا دروست بووه‌‌ پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌و له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵیته‌كێنێت. ئێمه‌ ناتوانین باس له‌ ریكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ناوه‌خۆی كۆمه‌لگای كوردی بكه‌ین، له‌كاتێكدا له‌لایه‌ك سوپایه‌كی ئه‌لیكترۆنی جنێوفرۆش له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانه‌وه‌ ئامه‌دا كرابێت و جنێوو سووكایه‌تی به‌ هه‌موو هزریكی نوێ و ده‌نگێكی ئازاد بده‌ن، كه‌ ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگا له‌و دۆخه‌ رزگار بكات، به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ش سووپایه‌ك له‌ كه‌سانی هه‌ڵوێست فرۆش و به‌ واتا ئاینیه‌كه‌ی ده‌جال هه‌بێت و كاوێژ له‌سه‌ر جنێودان به‌ حیزبه‌كان بكه‌ن و له‌سه‌ره‌وه‌ دژیان بوه‌ستن، له‌ژیره‌وه‌ش به‌ ده‌یان توونێڵی تاریك و ره‌ش په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ دروست بكه‌ن.
كه‌واته‌ كێشه‌ی كورد‌ له‌ باشووری كوردستان به‌ ته‌نیا بوونی ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ و تا ئه‌وپه‌ڕی چرووك بوو نیه‌، به‌لكو كێشه‌ی راسته‌قینه‌ بوونی ئه‌و سوپایه‌ ده‌جاله‌یه‌، كه‌ له‌سه‌ر حیسابی ره‌خنه‌گرتن و جنێودان ده‌یانه‌وێت ئه‌و كۆمه‌لگایه‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌ك ببه‌ن، كه‌ مه‌ترسیه‌كانی هیچ كه‌متر نیه‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌سه‌لاتی كوردی رووبه‌ڕووی خه‌ڵكی كردۆته‌وه‌. بۆیه‌ یه‌كێك له‌خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی سه‌رله‌نوێ رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ناوه‌خۆی كوردی و داڕشتنه‌وه‌ی ئاشته‌واییه‌كی نیشتمانی، كه‌ بتوانێت زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار دابین بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ بیر له‌ دۆخه‌كه‌ بكرێته‌وه‌و چاره‌سه‌ری بۆ دابنرێت، هوشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌، ده‌بێت تاك به‌تاكی كورد فێری ئه‌وه‌ بكرێت، كه‌به‌وردی له‌شته‌كان بكۆڵێته‌وه‌و راستیه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ببینیت، نه‌ك وه‌ك ده‌یان میدیا له‌هه‌ردوو به‌ره‌كه‌دا ده‌یانه‌وێت نیشانی بده‌ن، یاخود راستتر فریوی بده‌ن و ریگای نه‌ده‌ن راستیه‌كان ببینێت. ئیمه‌ له‌سه‌ده‌ ناوه‌ڕاسته‌كانی ئه‌وروپا ناژین تاوه‌كو پێویستیمان به‌ پسووله‌ی لێبوردن هه‌بێت و قه‌شه‌كان، یاخود مه‌لاكان بڕیاربده‌ن له‌چاره‌نووسی ئێمه‌ بده‌ن و خۆیان بخه‌نه‌ شوێنی خوا و پیمان بڵێن كامه‌ كه‌س به‌هه‌شتیه‌و كامه‌ش ده‌چیته‌ ناو ئاگری دۆزه‌خ، ئێمه‌ له‌سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین، كه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی پێشتر ئامڕازی زیاتر كه‌وتۆته‌ به‌رده‌ست مرۆڤه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی تاكیه‌تی خۆیان بپارێزن و بتوانن به‌چاوی خۆی سه‌یری شته‌كان بكه‌ن و به‌ هزری خۆی بیری لێبكه‌نه‌‌وه‌. رزگاربوونی تاكی كورد له‌و په‌تا مه‌ترسیداره‌ی، كه‌ پێی ده‌ڵێن خۆش باوه‌ڕی، هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه‌ بۆ به‌ ئاوه‌زكردنی په‌یوه‌ندیه‌كان، هه‌ركاتێك تاكی كورد توانی خۆی له‌و گێژه‌نه‌ی به‌گه‌مژه‌كردن رزگار بكات، ئه‌و كاته‌ ده‌توانێت راسته‌قینه‌كان وه‌ك خۆی ببینێت، ئه‌و كاته‌ش نه‌میدیاكانی ده‌سه‌ڵات و نه‌ چه‌ند نه‌خوێنده‌وارێكی رۆشنبیری پۆش ده‌توانن فریوی بده‌ن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand