کێشەی توندوتیژی

Draw Media

2020-11-27 15:17:30



پەیكار عوسمان

مرۆڤ دوو عەقڵی هەیە: عەقڵێکی دەرەکیی و کۆمەڵایەتی، عەقڵێکی خودی و ناوەکی. مرۆڤ بەوەی یەکەمیان بیرناکاتەوە، تەنیا یاسا کۆمەڵایەتی و نەریتییەکان وەرئەگرێ و دووبارەیان ئەکاتەوە، کە ئەمە ئاژەڵیش هەیەتی و ئەکرێ پێ ی بڵێین "عەقڵی ڕاهاتن".
مرۆڤ بەوەی دووەمیان بیرئەکاتەوەو یاساو نەریت و پێدراوە دەرەکییەکان ئەخاتە ژێر ڕەخنەو پرسیارەوەو بە ئاسانی تەسلیمیان نابێت. نەك هەر ئەمە، بەڵکو یاسای تازەش بۆ خۆی دائەهێنێ و ئەکرێ پێ ی بڵێین "عەقڵی داهێنەر".

جا "توندوتیژی" سەر بە عەقڵی کۆمەڵایەتی مرۆڤەو کاتێ باجی کردەیەك، لە نەریتی کۆمەڵگادا کوشتنە، ئیتر ئەو مرۆڤەی کە تەنیا ئەم عەقڵەی هەیەو عەقڵەکەی تری نیە، ئاسایی کوشتنەکە ئەنجام ئەدا. چونکە ئەو کەسە، تەنیا بوونە کۆمەڵایەتییەکەی هەیەو ئەگەر ئەو بوونەی نەمێنێ، ئیتر ئەو نامێنێ و ئەکەوێتە دۆخی نەبوونەوە. ئیتر لەڕێگەی ئەو کوشتنەوە بەرگری لەم بوونە کۆمەڵایەتییەی خۆی ئەکات!

بەڵام ئەوەی کە عەقڵەکەی تری هەیە، بوونی خۆی لەناو خۆیدا ئەدۆزێتەوە نەك لەناو کۆمەڵگاو نەریت و شتی تردا. ئیتر ئەو، ئەگەر لە نەریتیش داببڕێ، هەر هەیەو ناکەوێتە بۆشایی بوونەوە!
ئەوەی عەقڵی خۆی ئیش بکات، ئیتر عەقڵی کۆمەڵگا سوڵتەی لەسەری نامێنێ و ئیرادەی مرۆیی بۆ دروستئەبێ، ئیرادەیەك کە ئەتوانێ بە ئیرادە کۆمەڵایەتییەکە بڵێت ستۆپ. لە عەقڵی مرۆیی و ئیرادەی مرۆییشدا، کوشتنی پشیلەو شکاندنی لقی دارێکیش نیە، چجای کوشتنی ژن. چونکە لەوێدا ئیتر تەنیا چاکبوون حوکم ئەکات. چاکبوون وەکو خۆی، نەك وەکو پێناسە کۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژییەکان! چونکە ئیتر تۆ لەوێدا، تەنیا مرۆڤیت، نەك وەحش و ئالەتێکی کۆمەڵایەتی..

لە عەقڵ و ئیرادەی مرۆییدا، ئیتر "چاکەو خراپە" لە پێناسە ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و دینی و نەریتییەکانەوە ناهێنرێن، بەڵکو لە سەرچاوەوەو لە خودی چاکەو خراپەوە ئەهێنرێن. ئیتر چاکە هەر ئەوەیە کە خۆی چاکە، نەك ئەوەی کە بە چاك ئەزانرێ. خراپەش هەر ئەوەیە کە خۆی خراپە، نەك ئەوەی کە بە خراپ ئەزانرێ. ئیتر تۆش هەر ئەوە ئەکەیت کە خۆی چاکە، نەك ئەوەی کە بە چاك ئەزانرێ.

ئاخر ئەوەی کە بە چاك ئەزانرێ، ئەشێ خراپ بێت. وەك ئەو کوشتنەی کە لە نەریتدا چاکەو لە خودی خۆیدا ئەوپەڕی خراپە. یەعنی ئەوەی کە کۆمەڵگا پێ ی ئەڵێ چاك، ئەشێ خراپ بێت، بەڵام ئەوەی کە خۆی چاکەو عەقڵ و ئیرادەی مرۆیی پێ ی ئەڵێ چاك، ناکرێ خراپ بێت. لێرەدا تۆ کە لەناو خۆتدا ئەمەت زانی، ئیتر خۆت هەڵئەخەڵەتێنی ئەگەر پێچەوانەکەی بکەیت، هەرچەن ئازادیی ئەوەشت هەیە!

یەعنی لەڕاستیدا "ئەخلاق" سەر بە عەقڵی ناوەکی و مرۆییە نەك عەقڵی دەرەکی و کۆمەڵایەتی. کوشتنەکانی شەڕەف، بە عەقڵی خێڵ ئەخلاقە، بەڵام بە "عەقڵ خۆی" ئەوپەڕی نائەخلاقییە. ئێمەش بۆئەوەی بگەین بە "ئەخلاق خۆی"، ئەبێ واز لە عەقڵی کۆمەڵایەتی و دینی و ئایدۆلۆژی و کۆی عەقڵە دەرەکییەکان بهێنین و بگەڕێینەوە بۆ "عەقڵ خۆی".

مرۆڤ دوو عەقڵی هەیە، عەقڵێك کە بەرژەوەندی و مانەوەو ژیانی ڕۆژانە دابین ئەکات، کە ئەمە عەقڵێکی مادییەو خەریکی ململانێ و شەڕی موڵکایەتی و زاڵێتییە. (تا ئێرا ئێمە هەر ئاژەڵین، ئاژەڵێکی دووپێ ی زمانزان). عەقڵێکی ترمان هەیە، کە پێداویستییە ئەخلاقی و مەعنەوییەکانی ئێمە دابین ئەکات، کە ئێمە، ئا لێرەوە مرۆڤین و ئەبین بە خۆمان.

مرۆڤبوونیش تەنیا چاکبوونەو ئەگەر چاکبوون بخوازێ، ئیتر تۆ سەرو ماڵی خۆت دائەنێت بەڵام ناچیتە ناو خراپبوون، بۆ ئەوەی نەکەویتە دەرەوەی مرۆڤبوون و نەبیت بە وەحش. ئاخر تۆ لەوێدا، ئیتر بوونی مرۆیی و ڕاستەقینەت ناسیوەو ناتەوێ بگەڕێیتەوە بۆ بوونی موزەییەف و ئاژەڵیی. پێغەمبەران و حەکیمەکان، گیران و کوژران و دەرکران، بەڵام لە عەقڵی مرۆیی تەنازولیان نەکردو نەگەڕانەوە بۆ عەقڵی کۆمەڵایەتی. بەپێچەوانەوە ژنکوژێك، بوونی مرۆیی خۆی نەناسیوە، بۆیە تا ڕادەی کوشتن و قاتڵیی، دەستئەگرێ بە بوونی کۆمەڵایەتی خۆیەوە!

دواجار ژنکوشتن و کۆی خراپبوون، هیچ نیە جگە لە سەرخستنی عەقڵ و ئیرادەی دەرەکی، بەسەر عەقڵ و ئیرادەی ناوەکیدا. چاکبوونیش هیچ نیە جگە لە پێچەوانەکەی. عەقڵ و ئیرادەی مرۆیی، تۆی لەناو بوونی خۆتدا. عەقڵ و ئیرادەی کۆمەڵایەتی، مرۆڤە لە دەرەوەی مرۆڤبوونی خۆیدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand