هاتنی (بایدن) هاتنی (دەرفەتێکی زێڕینە) بۆ کورد!
2020-11-27 13:11:52
کارۆخ خۆشناو
(ترهمپ) وەک سەرۆکێکی ناوازە و دیاریدەیەکی شاز لە ناو سیاسەتی ئەمهریکادا، بەم هەموو هاش و هوش و عەجوولیەی خۆیەوە، نەیتوانی بنەماکانی دیموکراسی ئەمهریکا بشڵەژێنێت و یاسا و رێسا دەستوورییەکان تێپەڕێنیت، چونکە (دەستووری ئەمهریکا) قەڵغانی دیموکراسیەتی ئەمهریکایە و زامنکەری هەمیشەیی بەرهەمهێنانەوەی پرۆسەی دیموکراسی ئەمهریکایە بۆ هەموو سەردەمێک و بۆ هەموو حاڵەتێک و بۆ هەموو کەسێک، واتە دەستووری ئەمهریکا (هێڵی سوورە) و لە سۆنگەی ئەم دەستوورەشەوە (رەگ و ریشەی قووڵ) بۆ دەسەڵاتەکانی (جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری) رەنگڕێژ کراون و دام و دەزگای بەهێز بۆ ئەمهریکا بنیاتنراون، بەجۆرێک ئەگەر سەرۆکێکی شێوە دیکتاتۆر وەک ترەمپیش هەڵتۆقێت، ئەوا ناتوانێت ژێرخانی دیموکراسیەتی ئەمهریکا هەڵتەکێنێت، خۆ ئەگەر ترهمپ بیتوانیایە سنووری خۆی ببەزێنێت ئەوا دەستووری ئەمهریکای لە بەرژەوەندی خۆی هەمواردەکردەوە و خۆی وەک (سەرۆک و مەلیک و پاشای هەتا هەتایی) لە کۆشکی سپی دەهێشتەوە، چونکە ترهمپ دنیابینیەکی رۆژهەڵاتی هەیە و دۆڕانی لە یاری دیموکراسیدا قبوڵ نییە، تەنها ئەوکاتە نەبێت کە خۆی براوەی یارییەکە دەبێت.
دوای پەسەندکردنی دەنگەکانی (ویلایەتی میشیگن) لە بەرژەوەندی بایدن، ترهمپ نائومێد بوو لەوەی کە بتوانێت لە رووی سکاڵای یاساییەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی خۆی بشکێنێتەوە، بۆیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانی بە بردنەوەی بایدن دانا، ئەویش لە رێگای کردنەوی دەرگاکانی کۆشکی سپی بۆ تیمەکەی بایدن و ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ هەماهەنگی کردن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، لەگەڵ ئەوەشدا تاکو ئێستا ترهمپ بە روون و راشکاوی دانی بە دۆڕانی خۆیدا نەناوە و پیرۆزبایی لە بایدن نەکردووە، ئەگەرچی ئەم دانپێدانەی ترهمپ (ئەرکێکی یاسایی) نییە، بەڵام نەریتێکی دیموکراسی و پێویستییەکی ئەخلاقیە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین خاتوو (ئیمێڵی مۆرفی) بەرپرسی کارگێڕی (خزمەتگوزارییە گشتییەکان) ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ تیمەکەی بایدن.
بە هاتنی (جۆ بایدن) وەک (46)همین سەرۆکی ئەمهریکا، سەردەمێکی نوێ و دەرفەتێکی نوێ و لاپەڕەیەکی سپی لە (کۆشکی سپی) دەکرێتەوە، ئایا پلان و ستراتیژی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چییە بۆ ئەم سەردەمە نوێیە؟
ئایا نوێنەرایەتی کوردستان لە واشنتن چ پلانێک و میکانیزمێکیان ئامادەکردووە بۆ پرۆسەی (لۆبی)کردن لە سەردەمی بایدندا؟
ئایا رەوەندی کوردی (کە بە نزیکەی 70 هەزار کەس مەزەندە دەکرێن) لە ئەمهریکادا کاریگەرییان لەم سەردەمە نوێیەدا چییە؟
یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئێمەی کورد بریتییە لە نەبوونی دەزگای تایبەتمەند بە داڕشتنی پلانی کورت ماوە (تاکتیکی) و پلانی درێژماوە (ستراتیژی) بۆ رەنگڕێژکردنی سیاسەت و ستراتیژییەکی تۆکمە بە ئامانجی قۆستنەوەی دەرفەتەکان و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان، هۆکاری ئەم خاڵە لاوازەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستوور (وەک لە وتاری پێشوودا ئاماژەمان پێکرد: بۆ خوێندنهوهی وتارهكه كرته لێره بكه)، چونکە لە رێگای چەتری دەستوورەوە دەتوانرێت ئەم جۆرە دەزگایانە بنیاتبنرێن و پلانی ستراتیژی و هێڵی سووری نیشتمانی و رەهەندەکانی ئاسایشی نیشتمانی دیاری بکرێن.
لە کۆتاییدا پێموایە (هاتنی سەردەمی بایدن، واتە هاتنی دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد)، چونکە بایدن شارەزاترین و هاوسۆزترین و نزیکترین کارەکتەری سیاسی ئەمهریکایە بەرامبەر بە دۆزی کورد، بۆیە گرنگە تا زووە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان خۆیان ئامادە بکەن و پلانێکی تۆکمە بۆ ئەم سەردەمە زێڕینە دابڕێژن، تاکو (وەبەرهێنانی دیپلۆماسی) لەم دەرفەتە زێڕینە بکرێت و مامەڵەیهکی تەندروست لەگەڵ ئیدارهی بایدندا بکرێت و بەرچاوڕوونی پێشوەختەمان هەبێت بۆ قۆناغێکی نوێ و سەردەمێکی نوێ، نەک تەنها سیاسەتی (کاردانەوەمان) هەبێت! بۆ گۆڕانکارییە گەورە و گرنگەکانی کۆشکی سپی، کە سەرچاوەی بڕیارە چارەنووسسازەکانی جیهانە.
٭ سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمهریکی-کوردی)