بەراوردێک لە نێوان ئەو ڤاکسینانەی کۆرۆنا کە لە قۆناخی پێشکەوتووی بەدەستهێنانی مۆڵەتدان

Draw Media

2020-11-26 20:12:11



د. ئامانج عەبدوڵڵا سەعید


ئێستا نزیکەی (١٣) هەوڵی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا (SARS-CoV-2) گەیشتونەتە قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ، کە بریتییە لە قۆناغی بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینانە لەسەر هەزاران کەس و لەگروپی تەمەن و وڵاتانی. جیاجیا.

هەوڵەکانی (کۆمپانیای فایزەر/ بایۆنتێک، کۆمپانیای مۆدێرنا، و زانکۆی ئۆکسفۆرد/ ئەسترازێنیکا) لە پێشەنگی ئەو هەوڵانەدان کە بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژی پەتای کۆرۆنا (COVID-19) لە ئارادان.

بەرپرسانی هەردوو کۆمپانیای فایزەر/ بایۆنتێک لە ڕۆژی ١٨/١١/٢٠٢٠ ڕایانگەیاند کە لە دوای بەکارهێنانی لە قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ ڤاکسینەکەین بەڕێژەی ٩٥٪ کارایی هەیە.

هاوکات هەفتەی ڕابردوو کۆمپانیای مۆدێرنا ڕایگەیاند کە ئەو ڤاکسینەی ئەوان کاری لەسەر دەکەن لە قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ توانیویەتی لە ڕووی کاراییەوە ٩٤.٥٪ سەرکەوتن بەدەست بهێنیت.

دواجاریش زانایانی زانکۆی ئۆکسفۆرد ڕایانگەیاند کە ڤاکسینەکەی ئەوانیش بەڕێژەی ٩٠٪ کارابووە.

کارایی ڤاکسینی نوێ بە ڕێژەی (٩٠-٩٥٪) ئەنجامێکی پۆزەتیڤ و مژدەبەخشە مانای وایە بەکارهینانی ئەم ڤاکسینانە بوونەتە هۆی جوڵاندنی پیکهاتە جیاجیاکانی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ و دروستکردنی دژەتەنی هاوتاکەر لە دژی پرۆتینی (S)ی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، کە دواجار دەبێتە هۆکاری ڕێگری لە توشبوون بە پەتای کۆرۆنا لەو ئەوکەسانەی کە ڤاکسینەکەیان بەکار هێناوە.

هەردوو ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر/بایۆنتێک لەگەڵ کۆمپانیای مۆدێرنا پشت بە تەکنۆلۆجیای (mRNA)دەبەستن، (mRNA) بریتیە لەو ترشە ناوکیانەی هەڵگری کۆدە بۆماوەییەکانی دروستکردنی پرۆتینی (S)ی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، دوای ئەوەی دەنێردرێتە ناو لەشی مرۆڤ، خانەکانی لەشی مرۆڤ ئەم کۆدانە دەگۆڕن بۆ پرۆتینی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دواجار دروستبوونی ئەو پرۆتینە نامۆیانەش دەبنە هۆی جوڵاندنی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ بەبێ ئەوەی مرۆڤ تووشی نەخۆشییەکە بکەن، لەگەڵ ئەوەی ئەم تەکنۆلۆجیایە یەکەمین جارە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسیندا بەکار دەهێنرێت، بەڵام بە پێی داتاکانی قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ ئەنجامی دڵخۆشکەری لێکەوتۆتەوە.

ڤاکسینی زانکۆی ئۆکسفۆرد/ ئەسترازێنیکا پشت بە تەکنۆلۆجیای ڤایرۆسی گوێزەرەوە (Viralvector) دەبەستێت، لە ڕێگای بەستنی جینی پرۆتینی (S) ی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڤایرۆسێکی دیکە کە ناسراوە بە (Adenovirus)ی چیمپانزی.

بە پێی ئەو داتایانەی لەبەردەستن، ئەم ڤاکسینانە دەبێت بۆ هەر کەسێک دووجار بەکار بهێنرێت، ماوەی نێوان بەکارهێنانی جاری یەکەم و دووەم لە ڤاکسینی فایزەر/ بایۆنتێک بریتییە لە سێ هەفتە، باڵام لە ڤاکسینی مۆدێرنا و زانکۆی ئۆکسفۆردا ئەوماوەیە چوار هەفتەیە.

یەکێک لە دیارترین جیاوازییەکانی ئەم ڤاکسینانە شێوازی هەڵگرتن و گواستنەوە و گەیاندنیانە بە سێنتەرەکانی کوتان لەسەرتاسەری دونیا، بۆ نمونە هەڵگرتن و گواستنەوە ڤاکسینی ئۆکسفۆرد لە هەردوو ڤاکسینەکەی دیکە ئاسانترە، هەروەها ڤاکسینی مۆدێرنا لە ڤاکسینی فایزەر/بایۆنتێک ئاسانترە.

ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر/بایۆنتێک لە کاتی هەڵگرتن و گواستنەوەدادەبێت لە پلەی گەرمی (-٧٠) پلەی سەدیدا بپارێزرێت، هەروەها دەبێت پێش بەکارهێنانی لەگەڵ گیراوەیەکی دیکەدا تێکەڵ بکرێت ، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیای فایزەر پاکێجێکی تایبەتی بەرهەم هێناوە بۆ ئەوەی ڤاکسینەکە لەناو بەفری تایبەت (Dry ice) دا بپارێزرێت تا دەگاتە شوێنی بەکارهێنانی. ئەم پاکێجە لە توانایدایە بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ ڤاکسینەکە بە جێگیری بهێڵێتەوە، بەڵام دواتر دەبێت لە ناو بەفرگرەی تایبەتدا بپارێزرێت کە پلەی گەرمییەکی لە (-٧٠) پلەی سەدی دا بێت.

لە کاتێکدا ڤاکسینی کۆمپانیای مۆدێرنا دەتوانرێت بۆ ماوەی (٣٠ ڕۆژ) لە ناو بەفرگرەی ئاسایی ماڵاندا بپارێزرێت، هەروەها لە پلەی گەرمی ژووردا هەتا ١٢ کاتژمێر پارێزراو دەبیت و لە پلەی گەرمی (-٢٠) پلەی سەدیدا دەتوانرێت بۆ ماوەی شەش مانگ بپارێزرێت.

بەڵام ڤاکسینی زانکۆی ئۆکسفۆرد پاراستن و گواستنەوەی لە هەردوو ڤاکسینەکەی دیکە ئاسانترە بە جۆرێک لە نێوان (٢-٨) پلەی سەدیدا پارێزراو دەبێت بە مەرجێک لە تیشکی ڕوناکی بەدووور بێت.

لە ڕووی نرخەوە، ڤاکسینی کۆمپانیای مۆدێرنا لە هەردوو ڤاکسینەکەی دیکە گرانترە بە جۆرێک نرخی هەر ڤاکسینێک نزیکەی (٣٨) دۆلارە لە کاتێکدا ڤاکسینی کۆمپانیای فایزەر نرخەکەی (٢٠) دۆلارە.

نرخی ڤاکسینی زانکۆی ئۆکسفۆر لە هەدوو ڤاکسینەکەی دیکە هەرزانترە بە جۆرێک کە لە (٣) پاوەند تێپەڕ ناکات (بەرهەمهێنەران دەڵێن نرخی ڤاکسینەکەیان لە ئاستی نرخی کۆپێک قاوەدایە).

هەردوو کۆمپانیای ئەسترازێنیکا و فایزەر لەسەر بنەماو پرانسیپی قازانج نەویست ڤاکسینەکە بەرهەم دەهێنن، هەروەها پلانیان وایە بە بێ ڕەچاوکردنی قەبارەی ئابوری، بەرهەمەکەیان بە هەموو وڵاتێک بفرۆشن، بەڵام کۆمپانیای مۆدێرنا قازانج لەسەر بەرهەمەکەیان دادەنێن.

پێشبینی دەکرێت هەر سێ ڤاکسینەکە پێش کۆتایی ساڵی (٢٠٢٠) ئامادە بن بۆ بەکارهێنان، بەڵام ڤاکسینی کۆمپانیای مۆدێرنا زیاتر بۆ ناوخۆی ئەمەریکایە و پێشبینی دەکرێت لە بەهاری (٢٠٢١) دا بگاتە وڵاتانی دیکە.

ئەو ڤاکسینانەی کە مۆڵەتیان پێدراوە
کۆمپانیای (CanSinoBio)ی کۆماری میللی چین بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای زانستی پزیشکی سەربازی کاریان لەسەر بەرهەمهێنانی ڤاکسینێک کردووە بە سودوەرگرتن لە تەکنۆلۆجیای ڤایرۆسی گوێزەرەوە (Viral vector) ، لە ڕێگای بەستنی جینی پرۆتینی (S) ی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڤایرۆسێکی دیکە کە ناسراوە بە (Adenovirus5)، لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا و لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠٢٠ ئەم ڤاکسینە لەلایەن دامەزراوەکانی سوپای کۆماری میللی چینەوە مۆڵەتی کاتی بەکارهێنانی پێبەخشرا بۆ ماوەی یەک ساڵ. هاوکات لە مانگی ٨/٢٠٢٠ دا قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ لە هەندێ وڵاتی دیکە دەستی پێکرد بە تایبەت لە وڵاتانی (شانشینی عەرەبی سعودی و پاکستان و کۆماری ڕوسیای فیدراڵ.

لە هەوڵێکی دیکەدا (Gamaleya Research Institute) کە سەر بە وەزارەتی تەندروستی کۆماری ڕوسیای فیدراڵە، بە پشتبەستن بە بە تەکنۆلۆجیای ڤایرۆسی گوێزەرەوە (Viral vector) ڤاکسینێکیان بەرهەم هێناوە کە دواتر ناونرا (Sputnik V)، لە مانگی نۆڤەمبەری (٢٠٢٠) دا بەرهەمهێنەرانی ئەم ڤاکسینە ڕایانگەیاند کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ کارایی و سەلامەتی ڤاکسینەکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە. پێشتریش هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا لە ڕێکەوتی ١١/٨/٢٠٢٠ سەرۆک کۆماری ڕوسیای فیدڕاڵ ڕایگەیاند کە ئەم ڤاکسینە لەلایەن دەزگاکانی مۆڵەتپێدانی ڤاکسینەوە پەسەند کراوە تەنانەت پێش ئەوەی قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ دەستپێبکات، شارەزایان و پسپۆڕان پێیان وابوو ئەم هەنگاوە جێگای مەترسییە، هەر بۆیە دواتر کاربەدەستانی حکومەت ڕایانگەیاند لە تەنها لە چوارچێوەی (ڕێگەپێدانی تۆمارکردنی مەرجدار) دا مامەڵە لەگەڵ ئەم ڤاکسینە دەکەن.

ئەنجامە بەراییەکانی قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ بۆ ئەم ڤاکسینەی کۆماری ڕوسیای فیدراڵ ئاماژە بە کارایی (٩٢-٩٥٪) دەکەن.

هەر چەندە لە ڕووی زانستییەوە هێشتا پێداجوونەوەی هاوەڵانە بۆ داتاکانی قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ بۆ هیچ کام لەو ڤاکسینانە ئەنجام نەدراوە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، بەڵام ئەنجامە بەراییەکان هیوابەخشن، دەتوانین بڵێین کە گەشەکردنی تەکنۆلۆجی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنای خێراتر کردووە، بەجۆرێک ئەو هەنگاوانەی کە جاران چەندین ساڵی دەخایاند ئێستا لە ماوەی چەند مانگێکدا ئەنجامەکانی دەبینین.

لە کۆتاییدا ئەو پرسیارەی لە هزری هەموماندایە بریتییە لەوەی کە ئایا مرۆڤایەتی دەتوانێت دادپەروەری و یەکسانی لەگەیشتن بەم ڤاکسینانە جێبەجێ بکات و بە زووترین کات کۆتایی بەم پەتا جیهانیە بهێنرێت، ئایا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانێت بە یەک دەنگ ڕێگر بێت لە دەرکەوتنی دیاردەی ناسیۆنالیزمی ڤاکسین (Vaccine Nationalism)؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاماژەی دڵخۆشکەر هەیە، لە مانگی(٤/٢٠٢٠) دا رێکخراوی تەندروستی جیهانی و کۆمسیۆنی ئەوروپا و فەرەنسا دەستپێشخەری (Access to COVID-19 Tools “ACT) یان ڕاگەیاند. بە پێی ئەم دەستپیشخەرییە توانای حکومەتەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بواری تەندروستی و بەرهەمهێنەران و زانایان و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوە خێرخوازییەکان پێکەوە یەکدەخرێن بۆ مەبەستی بەرقەرارکردنی یەکسانی بۆ گەیشتن بە هۆکارەکانی (دەستنیشانکردن، چارەسەر، ڤاکسین) ی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا.

یەکێک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی ئەم دەستپێشخەرییە ناسراوە بە (COVAX)، کە تەنها هەنگاوی نێودەوڵەتییە بۆ زامنکردنی یەکسانی و دادپەروەری لەگەیشتن بە ڤاکسینی تایبەت بە پەتای کۆرۆنا، بە جۆرێک کە هەموو هاوڵاتییەک لەو وڵاتانەی بەشدارن لەم دەستپێشخەرییە بتوانن دەستیان بە ڤاکسینە نوێیەکان بگات بە بێ ڕەچاوکردنی ئاست و توانای ئابوری وڵاتەکەیان. خۆشبەختانە عیراق و هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە مانگی سێپتێمبەری (٢٠٢٠) ەوە بە شێوەیەکی فەرمی چونەتە نێو دەستپێشخەری (COVAX) ەوە.

(COVAX) وەک پلاتفۆرمێکی نیودەوڵەتی کار دەکات بۆ پشتیوانیکردنی توێژینەوە و پەرەپیدان و بەرهەمهێنانی ژمارەیەکی بەرفراوان لە کاندیدی ڤاکسینی کۆرۆنا و زامنکردنی دادپەروەری و یەکسانی لەگەیشتن بەم ڤاکسینانە.

قۆناغی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی بتوانن دادپەروەری لەم پرسە گرنگ و هەستیارەدا بەرقەرار بکەن.

پسپۆری بواری ڤایرۆسناسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand