رێککەوتنەکان قورسن
2020-11-25 18:37:50
ئادەم ئاودەل
لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە عێراق ، بەغداد سەرچاوەی داھاتی ئابوری ھەرێمی کوردستان بوو ، ئەویش ئەو بەشە بودجەیە بوو کە مانگانە لەلایەن بەغداوە بۆ ھەرێم دەنێردراو و حکومەتی ھەرێمیش تەحکومی پێوەدەکرد. ئەگەرچی لە سەرەتادا و لە ساڵی (٢٠٠٤) نوێنەرانی کورد کە لە ھەر یەک لە (عیماد احمد و ئازاد بەرواری پێکھاتبون) لەسەر پشکی ./.١٢ لەگەڵ حکومەتی ناوەند رێککەوتبون ، بەڵام بە ھەوڵی چەند سەرکردەیەکی ئەوکاتی کورد و لە رێگەی (عادل عبدالمھدی)یەوە ، پشکەکە بۆ (./.١٧) زیادکرا . لەوکاتەوە تا سەرەتایی ساڵی ٢٠١٤ ھەموو (١٠) رۆژ جارێک برەپارەیەکی زۆر لە بەغداوە نێردراوە و تاکۆتایی ھەموو مانگێک بەشە بودجەی رێککەوتن لەسەر کراو گەیشتووە ، کە ئاستی ئابوری ھەرێمی کوردستان و داھاتی تاکی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە . دواتر لەگەڵ دروست بونی ناکۆکی سیاسی لە سەرەتای (٢٠١٤) لە لایەن (نوری مالکی) سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق ،بودجەکە بڕدرا و بو بە دەستپێکی قەیرانێکی قوڵی ئابوری ،کە دوای تێپەربونی (٦) ساڵ بەردەوامی ھەیە.
ھەموو ئەو قەیرانە قوڵە داراییەش لە یەک دێردا کۆ بۆتەوە ئەویش (رادەست نەکردنی نەوتی ھەرێمە بە بەغدا) ئەگەرچی حکومەتی ھەرێم چەندینجار بەشێوەی فەرمی و نافەرمی رایگەیاندوە کە ئامادەیە سەرجەم نەوتەکە رادەست کات و رێککەتن ئەنجام بدات ، بەڵام غروری ئەوکاتی سیاسەتی کورد بەتایبەتی لە سەروبەندی ئەنجامدانی ریفراندۆم و ملنەدانی ھەرێم بۆ داواکارییەکانی بەغدا دۆخەکەی بەرە و ئالۆزی زیاتر برد. ئەگەرچی لە سالی (٢٠١٨ ) وە حیدەر عبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق بەشێک لە بودجەی بۆ ھەرێم نارد و تا ئاستێک جوڵەیەکی بە دۆخی ئابوریدا و پاشەکەوتی موچەی کەم کردەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەرێم ھیچ برە نەوتێکی رادەستی بەغدا نەکرد. دواتر و لەسەردەمی عادل عبدالمھدیدا وەک ھاکارییەک حکومەتی عێراق برە بوجەیەکی زیاتر لە حکومەتی پێش خۆی نارد و بۆ ماوەی سالێک چاوپۆشی لە رادەستکردنی نەوت کرد ، بە ئامانجی سوک کردنی قەرزەکانی ھەرێم ، بەڵام پشتکردنی کورد لە عبدالمھدی و رادەست نەکردنی ھیچ برە نەوتێک دیسان کێشەکە سەریھەڵدایەوە و قەیرانەکە قوڵتر بوو ، ئەگەرچی کازمی بەھەمان شێوەی سەرۆک وەزیرانی پێش خۆی بەردەوام بوو لە ناردنی بەشێک لە بودجە بەڵام دیسانەوە ھەرێم ھیچ برە نەوتێکی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرد . واتا تا ئێستا لەـدوای برینی بەشە بودجەی ھەرێم سێ سەرۆک وەزیران لە سێ کابینەی جیاجیادا برێک لە بودجەیان بەشێوەی جیاجیا ناردوە بەڵام لە ھیچ کامیاندا ھەرێم رازی نەبوە ھیچ برە نەوتێک رادەست بکات .
ئەگەرچی ئێستا عێراق خۆیشی لە بەردەم قەرانێکی ئابوری ئالۆزدایە و بۆ موچەی فەرمانبەران ناچارکراوە قەرزبکات و بودجەی ٢٠٢١ تەنھا ئیدارەدانی کارەکانی پێشوبێت واتا نە دامەزراندنی تێدایە و نە پرۆژە و خزمەتگوزاری نوێ ، بەڵام لەھەمان کاتدا بەغدا نایشارێتەوە کە ئامادەیی رێککەتنی لەگەڵ ھەرێم ھەیە بە مەرجی رادەستکردنی داھات . ئەگەرچی پێشتر بەغدا تەنھا داوای داھاتی نەوتی دەکرد بەڵام لە ئێستادا سەقفی داواکارییەکانی بەغدا سەری کێشاوە بۆ داھاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و فرۆکەخانەکانیش . کەئەمەش رێککەتنەکەی زیاتر قورستر و ئەستەمتر کردوە .
ھەموو ئەو کێشانەی کە رویانداوە دەگەرێتەوە بۆ نەبونی متمانەی بەغدا بە بەرپرسانی ھەرێم چونکە لە ھیچ کام لە رێککەوتنەکان حکومەتی ھەرێم داھاتی نەوتی رادەست نەکردووە و ھەربۆیەش بەشێک لە پەرلەمانتارە شیعە و سوننەکان ، لە ژێر فشاری شەقامدا مەرج و داواکارییەکانیان لە دژی کورد تا دێ قورسترە . کە ئەمەش جگە لە نەبونی متمانە بە حوکومەتی ھەرێم ، بابەتی نەتەوە پەرستی و ختوکەدانی نەتەوایەتی بوتە بەشێکی تر لە بەربەست لەبەردەم رێککەوتنەکان . ئێستا شەقامی عرەبی عێراقی کورد وەک دۆست و برا نابینێ ، بەلکە لای ئەوان کورد دوژمنێکی سەرسەخت و نەیارێکی گەورەی عرەب و عێراقە . ئەم خوێندنەوەیە لە دەرئەنجامی ئەو خیتابە ناسۆنالیستە نارێکەی بەشێک لە سیاسیەکانی ھەرێمە کە ماوەیەکی زۆرە گرتویانەتە بەر و ھاوڵاتی و فەرمانبەرانی ھەرێمیش باجی ئەو خیتابە نا سەردەمییە دەدەن . بەم پێودانگانە بێت تا ئەم جۆرە سیاسەتە لەم ھەرێمە بەردەوام بێت ، رێککەوتن و لێک تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا قورسە و بگرە رەنگە ئەستەمیش بێت ، لە ئەگەری رێککەوتنیش ھەڵوەشاندنەوەی لەھەموو کاتێکدا واردە.