ترەمپ کابوسی ئێرانە!

Draw Media

2020-11-21 13:42:40



کارۆخ خۆشناو

ئەگەرچی تڕەمپ تەنها دوو مانگی ماوە لە کۆشکی سپی، بەڵام هێشتا خۆی وەک (کابوسێک) لە بەرامبەر ئێران نمایش دەکات، چونکە: 

1- لەلایەک بەردەوامە لە شەڕی ئابووری و جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی (ئەوپەڕی فشار-Maximum Pressure) لە بەرامبەر ئێران، لەم چوارچێوەیەشدا دوێنێ  وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای ئابووری بەسەر چەندین کەسایەتی و کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند، سزاکان بە جۆرێک گشتگیرن، لە لوتکەی دەستەڵاتی ئێرانەوە بگرە (ئایەتوڵا خامەنائی) تاکو جەنەڕاڵەکانی خوارەوەی سوپای پاسدارانی گرتۆتەوە.

2- لەلایەکی تر هەندێک هەواڵ و زانیاری هەستیار دزیان پێکراوە سەبارەت بە هاندانی ئیسڕائیل بۆ تڕەمپ بە مەبەستی وەشاندنی گورزێکی سەربازی لە ئێران پێش بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، لەم چوارچێوەیەدا هەندێک زانیاری و پلان و بژاردە لە بەردەم تڕەمپدا هەن بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی بۆ سەر پێگە و بنکە موشەکی و ناوەکیەکانی ئێران، بۆ ئەم مەبەستەش تڕەمپ کۆمەڵێک جێگۆڕکێی لە ناو جەنەڕاڵەکاندا ئەنجام داوە و هەندێک سەرکردەی سەربازی دژ بە ئێرانی هێناوەتە پێش، ئەمەش مەترسی وەشاندنی گورزی سەربازی دژی ئێران زیاتر کردووە. 

لەبەرامبەریشدا ئێران دەستەوەستان نەبووە، بەڵکو:

1- ئێران لە ڕێگای پڕۆکسیەکانی لە عێڕاق (بەتایبەت حەشدی شەعبی) هەندێک پەیام بۆ تڕەمپ دەنێرێت، وەک ئەو هێرشەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگای (7) موشەکەوە کرایە سەر ناوچەی سەوز و باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئەم هێرشە موشەکیانە (پەیام)ی ئێران بوون بۆ تڕەمپ، ناوەڕۆکی پەیامەکەش بریتی بوو لە:
"ئەگەر گورزمان لێ بوەشێنن، گورزتان لێ دەوەشێنین!".

2- ئیران دەتوانێت لە ڕێگای پڕۆکسیەکانی لە (یەمەن و سوریا و لوبنان) لەمپەر لەبەردەم هەوڵ و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا دروست بکات، بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لە تڕەمپ و (ڕەشکردنی ئەو دوو مانگەی کە لە کۆشکی سپی ماویەتی) بۆ ئەوەی تڕەمپ لە کۆتا ڕۆژەکانیدا وەک (سەرۆکێکی ئاخیر شەڕ) وێنا بکات. لەم چوارچێوەیەشدا لیوا (حەسەن سەلامی) سەرکردەی حەرس سەوری ئیرانی گوتی:
"ئێران پەیوست نیە بە جوگرافیایەکی دیاریکراو بۆ بەرگریکرن لە بەرژەوەندیەکانی".

ئاماژەکان نیشان دەدەن کەوا لە دوو مانگی داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت ئەم پەیامانەی (تڕەمپ بۆ ئێران) و (ئێران بۆ تڕەمپ) دۆخێکی مەترسیدار و نەخوازراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکەن.

ئەگەرچی تڕەمپ تاکو ئێستا خۆی بە براوەی هەڵبژاردنەکان لەقەڵەم دەدات، بەڵام لە کۆتاییدا تڕەمپ بە هەر شێوەیەک بێت، دان بە دۆڕاندنی خۆیدا دەنێت لە بەرامبەر بایدن، چونکە سکاڵاکانی تڕەمپ لە دادگا و بەڵگەکانی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەوەندە بەهێز نین، ببنە فریادڕەس بۆ کورسیەکەی لە کۆشکی سپی، لەگەڵ ئەوەشدا تڕەمپ لەم ماوەیەی کەوا لە کۆشکی سپی ماویەتی هەوڵدەدات بە هەر نرخێک بێت، مانگی هەنگوینی بایدن لە کۆشکی سپی تاڵ بکات و نەهێڵێت ئەجینداکانی لەگەڵ ئێراندا جێبەجێ بکات و بە ئاسانی ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی (5+1) زیندوو بکاتەوە، چونکە تڕەمپ ساڵی (2016) ئەم ڕێکەوتنەی بە خراپترین ڕێکەوتن لە مێژووی ئەمریکادا ناوزەد کرد، هەر بۆیە لە ئایاری (2018)دا تاک لایەنە لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە.

* سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand