Draw Media

پرسی مووچه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا

پرسی مووچه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا

2020-11-21 12:26:59


جیهانگیر سەدیق گوڵپی

ئه‌ركی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدا له‌پرسی دابینكردنی مووچه‌ و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم، پرسی خه‌رجكردنی مووچه‌ی مووچه‌‌خۆرانی هه‌رێم راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، ئه‌و دوو ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییانه‌ن كه‌ له‌م وتاره‌دا به‌كورتی سه‌رنجیان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر:

یه‌كه‌م/ ئه‌ركی هه‌رێم و به‌غدا له‌پرسی  دابینكردنی موچه‌دا:

هه‌رێم به‌بێ وه‌رگرتنی پشك و شایسته‌ داراییه‌كانی له‌ به‌غدا ناتوانێت ‌ئه‌رك و پابه‌ندییه‌  جێبه‌جێ بكات كه‌ سه‌ره‌كیترینیان مووچه‌یه‌، ئه‌مه‌یش شتێكی نامۆ و نائاسایی نییه و‌، هیچ هه‌رێمێك له‌ ناو ده‌وڵه‌تی فیدراڵێدا ناتوانێت له‌رووی داراییه‌وه‌ به‌ته‌واوی بێباك بێت له‌ حكومه‌تی فیدراڵی، به‌تایبه‌تیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دراو و نه‌خت و قه‌رزی گشتی و بازرگانیی ده‌ره‌كی قۆرغی ئه‌و حكومه‌ته‌ن.

عێراق خۆی به‌درێژایی ساڵانی رابردوو هه‌ر به‌ پشتبه‌ستن به‌قه‌رز و یه‌ده‌گی نه‌ختی توانیویه‌تی مووچه‌ و خه‌رجییه‌كانی دابین بكات، چونكه‌ هه‌میشه‌ بودجه‌كه‌ی به‌كورتهێنان ئاماده‌كردوو‌وه‌ و به‌قه‌رزكردن كورتهێنانه‌كه‌ی پڕكردووه‌ته‌وه‌، قه‌رز و یه‌ده‌گیش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی به‌شداریكردنی  نه‌وت و داهات و پشكی بودجه‌ن و پێویسته‌ به‌بێ مه‌رج هه‌رێم لێیان سودمه‌ند بێت، ئێمه‌ ئه‌وه‌مان به‌درێژی له‌وتارێكی تردا روونكردوه‌ته‌وه‌ (بڕوانه‌ وتارێكی پێشووتر).

نه‌ك هه‌ر ته‌نیا هه‌رێم و به‌غدا، به‌ڵكو ته‌واوی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ ده‌وڵه‌مه‌ند و پێشكه‌وتووانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی كورتهێنانی دارایی ده‌بنه‌وه‌ به‌بێ پشت به‌ستن به‌قه‌رزی گشتی و یه‌ده‌گی نه‌ختی ناتوانن كورتهێنانه‌كانیان پڕبكه‌نه‌وه‌و پاره‌ی پێویست بۆ خه‌رجیه‌كانیان دابین بكه‌ن.

هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا و یابان و چین و ده‌یان ده‌وڵه‌تی تریش، هه‌ر له‌رێگه‌ی قه‌رزی گشتی و پشت به‌ستن به‌یه‌ده‌گی نه‌ختیه‌وه‌  كورتهێنانه‌ گه‌وره‌كانیان پڕده‌كه‌نه‌وه‌ و كاشی پێویست بۆ حكومه‌ت و بازاڕ ده‌سته‌به‌رده‌كه‌ن، هیچ یه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمه‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌یش به‌بێ سودمه‌ندبوون له‌ قه‌رزی گشتی و یه‌ده‌گی نه‌ختی ناتوانن ئه‌رك و پابه‌ندییه‌ داراییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانیان خه‌رج بكه‌ن، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌هیچ ده‌وڵه‌تێكدا هه‌رێمه‌كان له‌ سوودی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی قه‌رزه‌گشتییه‌كان و یه‌ده‌گ بێبه‌ش ناكر‌ێن جگه‌ له‌ عێراق، چونكه‌ ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو رێسایه‌كی ده‌وڵه‌تدارییه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ سیسته‌می فیدراڵیدا.

ئه‌ركی راسته‌خۆی دابینكردنی مووچه‌ له‌ هه‌رێم له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمدایه‌، ئه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی فیدراڵیدایه‌ به‌پێی مادده‌ی (121)ی ده‌ستوور بریتیه‌ له‌ ته‌رخانكردنی پشكێكی دادوه‌رانه‌‌ له‌ بودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێم، كه‌ به‌شی پێویستییه‌كانی و ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی بكات، به‌ڕه‌چاوكردنی داهاته‌كانی و پێویستییه‌كانی و ڕێژه‌ی دانیشتوانی، له‌گه‌ڵ به‌شداركردنی هه‌رێم له‌ سوودی به‌كارهێنانی قه‌رز و یه‌ده‌گ.

واته‌ ئه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی فیدراڵیه‌ به‌ر له‌ هه‌رشتێك، ناردنی پشكی بودجه‌ و به‌شداركردنی هه‌رێمه‌ له‌سودی قه‌رزی گشتی و یه‌ده‌گی نه‌ختی‌، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمیشه‌ له‌م رووه‌وه‌ به‌شداریكردنیه‌تی له‌پێكهێنانی داهاتی گشتی عیراق به‌و رێژه‌و رێكارانه‌ی كه‌ رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ده‌ستووردا ده‌گونجێن.

كێشه‌كانی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و به‌شداری له‌ داهاته‌كان هیچ كات به‌بڕینی پشكی بودجه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێن، چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ داهێنراو و هه‌ڵه‌یه‌ی عێراق تاقی ده‌كرێته‌وه‌ و شكسه‌ته‌كه‌ی دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. ده‌وڵه‌تانی فیدراڵی بۆچاره‌سه‌ری كێشه‌ داراییه‌كانیان رێگه و ڕێكاری تر ده‌گرنه‌به‌ر و هیچ كات بڕینی پشكی بودجه‌ به‌چاره‌سه‌ر نازانن.

دووه‌م/ خه‌رجكردنی مووچه‌ی هه‌رێم راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌:

جارێكیتر ختووكه‌دانی جه‌ماوه‌ری ده‌ستیپێكردوه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵمه‌ت و بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ كاربكرێت بۆ گواستنه‌وه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بۆ سه‌ر به‌غدا، ئه‌مه‌ زیاتر له‌ هه‌موو شتێك بانگه‌شه‌یه‌كی ساده‌ و سۆزباو روواڵه‌تیه‌، رووپۆشی گوتارێكی پۆپۆلیستیه‌، چونكه‌ له‌ناواخندا دژه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق و سیسته‌می فیدراڵی و پێگه‌ی ده‌ستووریی قه‌واره‌ی هه‌رێم و خواستی زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی هه‌رێم.

به‌پێ ده‌ستووری عێراق به‌تایبه‌تیش مادده‌كانی 117 و 115 و 121 هه‌رێم قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووریه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تی فیدراڵی عیراق و، حكومه‌تی فیدراڵی مامه‌ڵه‌ی فه‌رمی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانیدا ده‌كات.  ئه‌م ده‌ستووره‌ و پره‌نسیپه‌كانی فیدرالیه‌تی دارایی ڕێگه‌ به‌ ده‌ستێوه‌ردان و هه‌نگاوێكی له‌وجۆره ‌ناده‌ن.

جگه‌ له‌ ڕێگریه‌ ده‌ستوریه‌كان، زه‌مینه‌ی واقیعی و ڕێگریه‌ دارایی و كارگێڕییه‌كانیش هیچ كات ڕێگه‌ به‌كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ ناده‌ن.

 دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پرۆسه‌یه‌كی دینامیكیه‌ و وه‌ك دابه‌شكردنی مینحه ‌و مووچه‌ی نه‌گۆڕی هه‌ندێ چین توێژی تر نییه‌، تاكو بتوانرێت له‌ رێگه‌ی كارتی زیره‌كه‌‌وه‌ ته‌نها به‌ته‌مویلكردنی بانكه‌كان دابه‌ش بكرێت، كاره‌كه‌ ته‌نها به‌كردنه‌وه‌ی هه‌ژمارێكی بانكی بۆ فه‌رمانبه‌ران كۆتایی نایه‌ت وه‌ك هه‌ندێك باسی ده‌كه‌ن.

 بێگومان بانكه‌كان هیچ كات به‌سه‌رمایه‌ و كاشی به‌رده‌ستی خۆیان ئاماده‌ نین مووچه‌ بده‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه‌ پاره‌دار بكرێن، ئایا به‌غدا مانگانه‌ ئاماده‌یه‌ لانی كه‌م هه‌شت سه‌د ملیار دینار له‌وه‌زاره‌تی درایی عیراقه‌وه‌ له رێگه‌ی بانكه‌كانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ سه‌ر هه‌ژماری موچه‌ی موچه‌ خۆرانی هه‌رێم؟ ئایا به‌غدا له‌ڕێگه‌ی گه‌نجینه‌و فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ده‌كات؟ بێگومان نه‌خێر.

گریمان به‌غدا باز به‌سه‌ر به‌ربه‌سته‌ ده‌ستووری و یاسایی و داراییه‌كانی ده‌دات و ویستی كاره‌كه‌ی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی له‌و جۆره‌ بكرێت پێویسته‌ سه‌ره‌تا حكومه‌تی به‌غدا چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و لقێكی گه‌نجینه‌ له‌ شاره‌كانی هه‌رێم بكاته‌وه‌  كه‌ سه‌ر به‌گه‌نجینه‌ی گشتی بن له‌ به‌غدا، له‌ رێگه‌ی تۆڕێكی كارگێڕییه‌وه‌ فه‌رمانگه‌كان و گه‌نجینه‌كان و بانكه‌كان پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بانكانه‌ له‌ رووی كارگێڕییه‌وه‌ سه‌ر به‌ به‌غدابن، ده‌بێت یان بانكه‌كانی هه‌رێم له رووی كارگێڕیشه‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر به‌غدا، یان بانكه‌كانی عێراق چه‌ند لقێكیان له‌هه‌رێم بكه‌نه‌وه‌.

بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌ مانگانه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا ره‌زامه‌ندی بدات، فه‌رمانگه‌كان لیستی مووچه‌كانیان بنێرن بۆ گه‌نجینه‌كان بۆ وردبینی، له‌سه‌ر بنه‌مای لیستی وردبینیكراوی هه‌رفه‌رمانگه‌یه‌ك چه‌ك و نووسراوی ته‌مویل و فه‌رمانی خه‌رجكردنی مووچه‌ بۆ بانكه‌كان بنێردرێت. بێگومان لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران لیستێكی گۆڕاوه‌ و مانگانه‌ گۆڕانكاریی زۆری تێدا ده‌كرێت، ئایا گه‌نجینه‌كان و وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا دان به‌و گۆڕانكارییا‌نه‌دا ده‌نێن كه‌ ‌فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامی ده‌ده‌ن؟ یان ده‌بێت بۆ هه‌موو دامه‌زراندن و گواستنه‌وه ‌و سه‌رمووچه‌و موڵه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌ و گۆڕانكاریی ده‌رماڵه‌ و هه‌رگۆڕانێكی تر بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ره‌زامه‌ندیی به‌غدا وه‌ربگیرێت، ئه‌ی لێره‌دا ڕۆڵ و پێگه‌و بوونی حكومه‌تی هه‌رێم چۆن لێك بدرێته‌وه‌.

ئه‌م جۆره‌ بیرۆكانه‌ له‌ناواخنیاندا ئه‌وه‌نده‌  بێبنه‌ما و هه‌ڵگری‌ ناكۆكیی و نه‌گونجاوی و دیژیه‌كن كه‌ هیچ كات شیاوی ئه‌وه‌ نین بكرێنه‌ بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌و بژارده‌ی كار له‌سه‌ركردن، ئه‌وه‌ند مه‌یلی ناوه‌ندگه‌راییانه‌یان تێدایه‌‌‌ ئه‌وه‌نده‌ كاتیان به‌سه‌رچووه‌ ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌یش شیاو نین له‌ناو یه‌ك پارێزگایشدا بخرێنه‌گه‌ڕ نه‌وه‌ك له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand