Draw Media

زیندوکوژی موردوکوژ

زیندوکوژی موردوکوژ

2020-11-19 14:53:58


پەیكار عوسمان

حەقیقەت شتێکی ئەوسەرییە. بڕیاری پێشوەختەو مەنتقی ڕەشوسپی و حەزو ڕق و بەرژەوەندیش شتانێکی ئەمسەریین. ئەمسەرییەکان نەك حەقیقەتت نادەنێ، بەڵکو خودی بەربەستەکەی بەردەم حەقیقەتن و تۆ ئەبێ ئەم پەردانە لادەیت، ئینجا حەقیقەتی شتێکت لێ دەرئەکەوێ.

حەقیقەت لەوێدا دەرناکەوێ کە بەرژەوەندی حاکمی تۆبێت. تۆ ئەبێ لەمسەرەوە، لە ژێر حاکمییەتی بەرژەوەندی دەرچیت، ئینجا لەوسەرەوە ئەبیتە حەکەم لە حەقیقەتدا.
حەقیقەت لە حەزو ڕقدا دەرناکەوێ. ئەبێ پێ بە دڵتا بنێت، ئینجا دەستت ئەگاتە حەقیقەت.
حەقیقەت لە ڕەش و سپی و فریشتەو شەیتاندا دەرناکەوێ. ڕەش و سپی، هەمان پەردەن و بەسەر حەقیقەتدا دراون. فریشتەو شەیتان هەمان بەردن و لەسەر ڕێگای زانینی حەقیقەتدا دانراون.
ئەمانە شتانێکی ئایدۆلۆژی و سایکۆلۆژین و لەمسەرەوە ئەتکەن بە حاکم و حوکمت پێ ئەدەن. لەکاتێکا حەقیقەت حاکم و حوکمی ئەمسەری ناوێ، تەحقیق و حەکەمی ئەوسەری ئەوێ. حەقیقەت چێشتیکی عەقڵی و ڕۆحییە، کە خۆت ئەبێ بچیتە ناو پرۆسەی لێنانییەوە، نەك فاستفودی ئامادەی ئایدۆلۆژی و سایکۆلۆژی غەریزی.

مرۆڤ لە غەریزەدا خۆپەرستەو بەرژەوەندی خۆی ئەوێ. لە سایکۆلۆژیاو دەرووندا، کاردانەوەو عوقدەو عاتیفەو حەزو ڕق حوکمی ئەکات. لە ئایدۆلۆژیادا دنیاکەی بۆ دوولەتکراوەو ئیتر شەڕو زاڵێتی و بردنەوەو دۆڕان حوکمی ئەکات. بەجۆرێك کە ئیتر لە لەتەکەی خۆیدا خەڵوزیش سپییەو لە لەتەکەی ئەودا ماستیش ڕەشە. بەڵام لە عەقڵ و ڕۆحدا، مرۆڤ چۆتە سەرو ئەم شتانەو حەقیقەتیش تەنیا لەوێوە ئەبینرێ. حەقیقەت تەنیا لەوێدا دەرئەکەوێ، کە ئیتر حەزو ڕق و بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیا حوکمت ناکەن و تۆ ئیتر ئازادیت لەمانە. یەعنی کۆیلە قەت حەقیقەت نابینێ، چونکە حەقیقەت تەنیا لە ئازادیدا دەرئەکەوێ!

شەڕەکە لەسەر ئەوەیە، کێ فریشتەیەو کێ شەیتان، لەکاتێکا ئێمە مرۆڤین و هەریەکەمان بەقەت خۆمان باش و خراپین، نەك بەقەت فریشتەکەی لای یارو شەیتانەکەی لای نەیار. مرۆڤ لە حەقیقەتدا شتێكەو لەناو هاوکێشەی لەگەڵ و دژدا شتێکی ترە. حەقیقەت لەوسەرو لە عەقڵدا شتێکەو لەمسەرو لە شەڕدا شتێکی ترە. ئێمەش ئەبێ لە عەقڵی شەڕەوە بچین بۆ عەقڵی حەقیقەت، بۆ ئەوەی بگەین بە ڕاستەقینەی شتەکان. ئاخر لە عەقڵی شەڕدا، هەموو شتێك هەیە، بەڵام موزەییەفە!

"هەڵوێست" ئەو دەنگەدەنگ و چەلەحانێ یە نیە، کە لە عەقڵی شەڕو لەمسەرەوە دێت. هەڵوێست ئەوەیە کە بڕۆینە ناو عەقڵی حەقیقەت و دواتر لەوێوە شتێك دەرچێت. ئازایەتی پەلاماردانی ئەو نیە، ئازایەتی گەڕانەوەیە بۆ خۆت. "عەقڵی حەقیقەت" عەقڵی خۆتە لە بیرکردنەوەدا. "عەقڵی شەڕ" عەقڵی گروپ و ئایدۆلۆژیایە لە دژایەتی ئەودا.

حەقیقەت بینینی شتەکە نیە وەکو خۆی، چونکە یەکەم، تۆ کامێرە نیت ڕەسمی شتەکان بگریت و تۆ تەنیا چاوت نیە، بەڵکو دیدگاشت هەیەو وێنەکە دائەڕێژیتەوە. دووەمیش شتەکان تەنیا ڕووکەش و دیوی دەرەکیی نین، تا وێنەکەیان حەقەیقەتەکەیان بێت، بەڵکو دیوی نادیارو پەنهانیشیان هەیە، کە بەدواداچوون و بیرکردنەوەو شیکردنەوەی تۆی ئەوێت. بڕیاری پێشوەختیش ئیشەکەی هەر ئەوەیە کە نایەڵی تۆ ئەوە بکەیت و تەفسیرێکی ئامادەی هەیە بۆ ئەو وێنەیەی کە تۆ ئەیبینیت. ئیتر تۆ ئەبینیت و ناشبینیت. ئەبینیت بە مانا چاوییەکە. نابینیت بە مانا عەقڵییەکە. لەبری بینینە ناوەکییە ئەوسەرییەکەی خۆت، بینینێکی ئامادەی دەرەکی هەیە، کە تەفسیری وێنەکەت بۆ ئەکاو تۆش لە مرۆڤبوون ئەکەویت و ئەبیت بە کامێرەو ڕەسم بۆ ئەو تەفسیرە ئەگریت!

مرۆڤ ناتوانێ بێ حەقیقەت بژی.کاتێ حەقیقەت خۆی فەرامۆشئەکرێ، ئیتر درۆو وەهم و حەقیقەتی موزەییەف دروستئەکرێ و پیرۆزیش ئەکرێ، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی حەقیقەت. کاتێ تۆ ناچیتە ناو ماڵی عەقڵی خۆت، ئیتر لە عەقڵی شەڕدا، ئەکەویتە ناو سەنگەر. (سەنگەری پاراستنی بتێکی سپی لە بتێکی ڕەش.) ئیتر تۆ لەبری بتێت دووان ئەپەرستی و لە دەرەوەی عەقڵدا ئەکەویتە ناو کۆیلەیی، لەکاتێکا ئازادی تۆ، وا لەناو ماڵەکەی ناوەوەی خۆتدا.

بەڵێ ئایدۆلۆژیاو عەقڵی دەرەکی، تەنیا بتپەرستی نیە، بەڵکو دووبتپەرستییە. ئاخر هیچ ئایدۆلۆژیایەك هەر بەوە لێتناگەڕێ، کە تەنیا خەریکی پیاهەڵدانی بتە سپییەکە بیت، بەڵکو ئەبێ خەریکی ڕشانەوەش بیت بە بتە ڕەشەکەدا. ئەسڵەن بتی دووەم، بتە گەورەکەیەو بتی یەکەم، سپێتی خۆی، لە ڕەشیی ئەوەی دووەمەوە ئەهێنێ. لێرەشدا کاری دووەمی تۆ، گرنگترە لە کارەکەی یەکەمت و ئیتر ئەبێ هەر خەریکی شەڕو پەلاماردان بیت!

لەم شەڕەشداو لە هاوکێشەی دووانەیی لەگەڵ و دژدا، گرنگ نیە تۆ لەگەڵ بیت یان دژ، گرنگ ئەوەیە یەکێکیان بیت و لە هاوکێشەکەدابیت. چونکە ئەم دووانە، هەردوکیان پێکەوە یارییەکە تەواوئەکەن و تۆ کە "دژ"بیت، نیوەکەی تری یارییەکەیت و ڕێك بەقەت "لەگەڵ" پێویستیت و تا ئێرا خەتەر نیە. ئەوە خەتەرە، کە تۆ هیچیان نەبیت و خودی یارییەکە بخەیتە ژێر پرسیارەوە!
لێرەدا ئیتر هەردوکیان یەکئەگرن و دژت ئەوەستنەوە، چونکە ئەوان بوونیان لەسەر ئەو یارییەیە، کە تۆ تێكی ئەدەیت.

مەسەلەن تێگەیشتنێکی جیاواز بۆ دین و خودا تەرحکە، مولحیدێك و ئیسلامییەك، هەردوکیان وەکو یەك دژت ئەوەستنەوە. چونکە یارییەکەی ئەوان و بوونی ئەوان و نانەکەی ئەوان، لەسەر تێگەیشتنە تەقلیدییەکەیە. یان پارتی و دژەپارتی، پێكەوە هەمان یاری ئەکەن و کاتێك یارییەکە بخەیتە ژێر پرسیارەوە، هەردوکیان و "لەڕاستیدا دژەپارتییەکە تۆزێ توندتریش" ڕووبەڕووت ئەبنەوە. چونکە تۆ لێرەدا سیحری یارییەك بەتاڵئەکەیتەوە کە هەردوکیان نانی لەسەر ئەخۆن و بەوە هەن!

ئەم بە پیاهەڵدانی پارتی و شیعاراتی قەومی، ئەو بە دژایەتی پارتی و مەیلی عێراقچێتی، هەردوکیان ئەبن بە پەرلەمانتارو لەو بەغدایە مانگانە یەکی تورەکەیەك پارە وەرئەگرن. دەنگدەری هەردوکیشیان دینارێك لە گیرفانیدا نیە. دەی لێرەدا هەردو دەنگدەر، هەمان فێڵیان لێکراوەو هەردو پەرلەمانتاریش هەمان یارییان کردوە لە دوو ڕۆڵی جیادا!

یان فڵان، ئەگەر باشیشبووبێ، هەر ئەبێ خراپبێ، چونکە ئەگەر باشبێ، وێنە ڕەشەکەی زیهنی تۆ تێکئەچێ! تۆش بەرگریکاری ئەم وێنەیەیت نەك بەرگریکاری حەقیقەت. یەعنی بۆ تۆ، کابرا دزبێ کێشەنیە، کێشەکە لەوێدایە کە دزنەبێت! ئیتر تۆ لە هەر بەرەیەکدابیت وا سەیری دنیاکە ئەکەیت و سەیرکردنەکەشت ئەچێتەوە خزمەت وەهم و خراپبوون، لەکاتێکا کاری عەقڵیی و ڕاستەقینەی ئێمە، حەقیقەت و چاکبوونە!

بۆ هەر شتێك بڕێك بێدەنگ بین و کەمێك بچینەوە ناو ماڵێ عەقڵی خۆمان، باشترە لەوەی یەکسەر خۆمان فڕێدەینە ناو دەنگەدەنگی شەڕو سەنگەرەکانی ئەوان. سەنگەرێك کە لەمبەربیت و لەوبەربیت، هەر خەریکی هەمان یارییت، کە حەقیقەتی زیاتر تیا ون ئەبێت!

ئێمە لە ڕاستییەوە ئەگەین بە چارەسەر، چونکە لە ڕاستییەوە تێئەگەین. هیچ کێشەیەك چارەسەر ناکرێ بەبێ تێگەیشتن لێ ی. ئەو شەڕەشی کە ئێمە خەریکین پێوەی، خودی بەربەستەکەیەو نایەڵێ تێبگەین. ئێمە لەمسەرەوە خۆمان تەسلیمی ئەم شەڕە بێتامە کردوە، بۆئەوەی لەوسەرەوە تەسلیمی حەقیقەت نەبین. لەکاتێکا تەسلیمبوون بە حەقیقەت، خودی نەجات و ئازادییە!

(زیندوکوژی مردوکوژ) مەبەستم ئەوەیە، ئێمە بە موردویی و بە زیندویی، هەر خەریکی فریشتاندن و شەیتاندنی کەسەکانین. لە هەردو حاڵیشدا هەر ئەیانکوژین. چونکە هەموو ئینسانێك حەقیقەتێکی مرۆیی هەیە، ئێمەش بە فریشتاندن و شەیتاندن، ئەو حەقیقەتە مرۆییەی ئەو ئەکوژین و حەقیقەتێکی موزەییەفی بۆ دروستئەکەین. بەمەش هەر ئەوان ناکوژین، بەڵکو حەقیقەتیش ئەکوژین، چونکە حەقیقەت لە موزەییەفدا دەرناکەوێت. ئەمەش خۆکوژییەو ئێمە لە ڕاستیدا خۆمان ئەکوژین، چونکە ژیان لە حەقیقەتدایەو ئێمەش نایەڵین دەرکەوێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand