یاریە نوێیەكەی ئەردۆغان و هەڵوێستی كورد
2020-11-19 07:00:11
هێمن خۆشناو
كاتێك رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا لە هەڵبژاردنی 7 حوزەیرانی 2015 دا، تووشی شكست بوو، تێگەیشت هیچی دیكە بەتەنیا ناتوانێ یاریەكە بكات و پێویستی بە هاوپەیمانێكە. نیگای كەوتە سەر دەوڵەتی باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی (MHP)، ئەردۆغان لەمەدا سەركەوتوو بوو، چونكە بەهەمان شێوەی ئەردۆغان باخچەلیش پێویستی بە هاوپەیمانێك هەبوو، بۆ ئەوەی بتوانێ لە ناڕەزاییە ناوخۆیەكانی ناو پارتەكەی رزگاری بێت.
بەڵام تاكە هۆكار بۆ بەستنی هاوپەیمانیەتی ناڕەزاییە ناوخۆیەكانی ناو (MHP) نەبوو، بەڵكو پێداویستی دەوڵەتی شاراوەش بوو، كە فشاریان لە باخچەلی كرد بۆ ئەوەی ببێتە هاوپەیمانی ئەردۆغان.
تا ساڵی 2018 ئەم هاوپەیمانیەتیە بە شێوەیەكی زمنی درێژەی كێشا، بەڵام لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا لەدوای هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا و گۆڕینی سیستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتی، ئەم هاوپەیمانیەتیە فۆڕمێكی رەسمی پێدرا و بە هاوپەیمانیەتی (كۆمار) بەناو كرا. بەمەش ئەردۆغان دەستكراوەكرا لەلایەن دەوڵەتی شاراوە، تا بۆ پاراستنی دەسەڵات و سەڵتەنەكەی هەموو رێگایەك بگرێتەبەر.
ئەوەی زیاتریش هاوكاری ئەردۆغانی كرد بۆ درێژەدان بەسیاسەتی گرتن، كوشتن، داگیركاری و دروستكردنی قەیران هەبوونی دۆناڵد ترەمپ بوو لەسەر كورسی سەرۆكایەتی ئەمریكا، كە بەسیاسەت و هەڵوێستە نا باوەكانی هیچ نرخ و بەهایەكی بۆ یاسای نێودەوڵەتی نەهێشت، بەمەش دەرفەتی زێڕینی بۆ ئەردۆغان دروستكرد تا دووجار لەشكركێشی بۆ سەر خاكی كورد لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجام بدات.
بەم هاوپەیمانیەتیە، دەرفەتی چارەسەری كێشەی كورد، دیموكراتیزەبوونی توركیا و بەرفراوانبوونی ئازادی رۆژنامەوانی و تاكەكەسی لە توركیا بۆ نزمترین ئاستی بەرتەسك كرایەوە، هەنگاو بەهەنگاو توركیا بووە زیندانیەكی گەورە، بۆ رەخنەگرانی دەسەڵاتی سیاسی لەم وڵاتەدا. ئابووری توركیاش گەورەترین گورزی پێكەوت، هەزاران كۆمپانیا مایەپووچ بوون، رێژەی بێكاری گەیشتە ئاستێكی مەترسیدار. سەرمایەی بیانی كە كۆڵەكەی جوڵەی ئابووری توركیا پێكدێنێت لەم وڵاتەدا بەڕێژەیەكی زۆر كشایەوە.
ئەو بارودۆخەی توركیا تێیكەوتووە، ئەردۆغانی گەیاندە ئەو باوەڕەی كە هیچی دیكە ناتوانێ بەم سیاسەتەی ئێستا درێژە بە دەسەڵاتەكەی بدات. بەتایبەتی دوای بنكەوتنی (دۆناڵد ترەمپ) لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا، رێگاكانی بەردەمی بەرتەسكتر دەبنەوە.
بۆیە ئەردۆغان هەوڵ دەدات بە هەنگاوی پراگماتیستیانە جارێكی دیكە پێگەی خۆی قایم بكاتەوە و مەترسیەكان بڕەوێنێتەوە. دوو رۆژ دوای سەركەوتنی (جۆن بایدن) لە هەڵبژاردنی ئەمریكا، میدیاكانی توركیا و جیهان، بە دەست لەكاركێشانەوەی (بەرەت ئەلبەیراك) زاوا و وەزیری ئابووری و دارایی توركیا تووشی شۆك بوون، كە پێدەچێت ئلبەیراك كرابێتە قۆچی قوربانی بۆ زەمینە خۆشكردن بۆ بادانەوەی ئەردۆغان.
بەڵام بە تەنیا، دەست لەكاركێشانەوەی ئەلبەیراك بەشی زەمینەخۆشكردن بۆ بادانەوەی ئەردۆغان ناكات، بەڵكو دەبێت هەنگاوی یەكەمینی زەمینە خۆشكردن جاڕی دانی هەڵمەتی راگەیاندن بێ، پەیوەست بە پێویستی توركیا بە ریفۆڕم و گۆڕانكاری كە چەند رۆژێكە لە میدیاكانی سەر بە ئەردۆغان دەستپێكراوە. ئەم هەڵمەتەش هیچ رەنگدانەوەی نابێت لەسەر گەڕانەوەی متمانەی خەڵكی توركیا بە ئەردۆغان، ئەگەر بێت و هاوپەیمانی كۆمار لە نێوان ئەردۆغان و باخچەلیدا هەڵنەوەشێتەوە، كە لەلایەن دەوڵەتی شاراوە پشتگیری لێدەكرێت. چونكە باخچەلی و پارتەكەی گەورەترین ئاستەنگن لە بەردەم ئەنجامدانی گۆڕانكاری ئەگەر بۆ لەخشتەبردن و مانەوەش بێت لەسەر دەسەڵات.
لەئێستادا لەناو توركیادا باس لە هەوڵی ئەردۆغان دەكرێت بۆ هەڵگەڕانەوە لە باخچەلی و پارتەكەی. پەیوەست بەم مەسەلەیەشەوە، لەم چەند رۆژەی دواییدا بەگوێرەی ئەم كولیسانەی لەناوەندە سیاسیەكانی توركیا دزە دەكەن، گوایە لەیەك كاتدا ئەردۆغان و باخچەلی بەدوو فڕۆكەی جیاواز بۆ بەشداربوون لە ساڵیادی دامەزراندنی قوبڕسی باكوور سەردانی ئەم وڵاتەیان كردووە. بەڵام یەكتریان نەبینیووە و باخچەلیش بەشداری لە مەڕاسیمی دامەزراندنەكە نەكردووە. لە كاتێكدا ئەم كولیسانە بڵاودەكرێنەوە، كە بەكارهێنانی دەستەواژەی (ئەنجامدانی چاكسازی) لەناو یاران و هەوادارانی دەسەڵاتی ئاكەپەدا زیاتر بڵاودەكرێنەوە.
ئاماژەیەكی دیكە كە ئەگەری بادانەوەی ئەردۆغان و هەڵگەڕانەوەی لە باخچەلی بەهێزتر دەكات، هەڕەشەی ناڕاستەوخۆی كادیرانی دەوڵەتی شاراوەیە. بەر لەچەند رۆژێك هەریەك لە (عەلائەدین چاكجی، محەمەد ئاغار، ئەنگین ئاڵان و كۆكورت ئەكەن) وێنەیەكی چوار قۆڵیان لە تویتەر بڵاوكردەوە. ئەم چوار كەسە كە بەپیاوی دەوڵەتی قوڵ لە قەڵەم دەدرێن و لە قۆناغە جیاوازەكاندا دەستیان سوورە بە سەرمایەدار و سڤیلی كورد، لەناو توركیا وەكو پاڵپشتی باخچەلی و رەوتە نەتەوەپەرستەكەی لە قەڵەم دەدرێن، بڵاوكردنەوەی ئەم وێنەیەش لەناو توركیادا وەكو هەڕەشەكردن لە ئەردۆغان دەخوێندرێتەوە، ئاگادار كردنەوەیە تاوەكو درێژە بە هاوپەیمانیەتیەكەی بدات لەگەڵ باخچەلی.
لەم گۆشە نیگایەوە دەكرێت بڵێین ئەگەری بادانەوەی ئەردۆغان بەرەو ریفۆرمخوازی ئەگەرێكی بەهێزە. ئەمەش لەگەڵ خۆیدا پرسیارە سەرەكیەكە دێنێتە ئاراوە كە پەیوەستە بە كورد و بزاڤە سیاسیەكەی!
لە ئەگەری جاڕدانی ریفۆڕم لەلایەن ئەردۆغان هەڵوێستی بزوتنەوەی سیاسی كورد چی دەبێت؟ بەبێ بانگەشەكردن بۆ چارەسەری كێشەی كورد هیچ هەڵمەتێكی ریفۆڕم لە توركیا بەجدی وەرناگیرێت. ئایا كورد ئەم كاتە چی دەكات؟
ئەزموونی ساڵانی رابردوو ئەوەی بۆ كورد سەلماندووە كە ئەردۆغان هی متمانە نیە! باشە خۆ ناشكرێت كورد پڕۆسەیەك رەتبكاتەوە هەرچەندە بزانێ پڕۆسەكە جدی نیە! چونكە رەتكردنەوەی كاریگەری لەسەر رەوایەتی مەسەلەی كورد دەبێت. هەروەها ناشكرێت بێ سێ و دوو بچێتە ژێر باڵی پڕۆسەیەك كە دەزانێ مەبەستی بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسیە بۆ توێژێكی دەسەڵاتدار.
لە ئێستادا وەڵامی پرسیاری هەڵوێستی كورد چی دەبێت نادرێتەوە، پێموایە خودی بزوتنەوەی كوردیش ئەم وەڵامەی لەلانیە، بەڵام تاسەر ئەم بێ وەڵامیە درێژەی نابێت، چونكە بێ وەڵامی یەكسانە بەبێ چارەیی، كە ئەمەش هەڵوێستێكی مەترسیدار دەبێت و لێكەوتەی خراپی دەبێت.