خەتای خەڵك، یان حزبەكان
2020-11-18 19:12:26
ئەبو كاروان
رۆژ لەدوای رۆژ فەشلی حوكمڕانی دەردەكەوێ، ساڵانیكە ئەم دەسەڵاتدارانەی كوردستان لەژێر ناوی شەرعیەتی شوڕشگێریو ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان، حوكمی ئەم گەلە زوڵملێكراو ستەمدیدە دەكەن، هەرچی رەفتارو كرداری دەسەڵاتێكی فاشیلی دونیا هەیە لەماندا كۆبوەتەوە، حزبایەتی تەسكو كاری نایاساییو نادادیو برسێتیو بێكاریو هەڕاجكردنی موڵكی گشتیو بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان تا دەگاتە نەدانی مووچەی فەرمانبەرانو مووچەخۆرانی هەرێم لەژێر ناوی پاشكەوتی مووچەو بڕینی مووچەو دانی مووچە بەپێی ئەوەی لەبەردەستدایە ئاراستەی كاری ئەمانن.
لەبەرانبەر تاوانەكانی ئەم دەسەڵاتدارانەدا سەندیكاو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی متو بێدەنگ بوونە، حزبەكانو سەركردەكانیان بەگژی دونیادا دەچن بەڵام بەرانبەر ئەم دەسەڵاتە ورتەیان لێوە نایەت، سەرباری ئەوەی ئێستا شەقام توڕەیەو خەڵك بێزارەو پێشرەوایەتێ دەوێ، ناكرێت حزبەكان لە ئێشو ئازاری خەڵك دابڕین، داكۆكی نەكردن لە خەڵك حزبەكانی دابڕیوەو هێناویەتیەسەر سفرو نەبوونیان باشترە لە بوون.
لەبەرانبەردا لەم ساڵانەی دوایداو بەتایبەتيش لەدوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018و بەتایبەتتر دوای ئەوەی دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكگرتووی ئیسلامی لەسەدا پەنجا دابەزی، حزبەكان هۆكارەكەیان خستە ئەستۆی جەماوەر بێئەوەی هەڵسەنگاندنیك بۆ كارەكانی پێشوویان بكەن، لە میدیاكان دەیانجار ئۆباڵی كەمكردنی كورسیو دەنگەكانیان فڕیدایەسەر خەڵك لەژێر ناوی بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردوەو نەهاتوون دەنگ بدەن بە لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات.
حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات لەبیریان چووە كاتێ بزوتنەوەی گوڕان بۆ یەكەمینجار بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد لە ساڵی 2009، جەماوەری ناڕازیی لە دەسەڵات گەورەترین سەركەوتنیان بۆ تۆماركردو 25 كورسییان بەدەستهێناو بوونە حزبی دووەمی هەرێمی كوردستان.
كاتێك جەماوەر لەسەدا پەنجا بایكۆتی هەڵبژاردن دەكەن، ئەوا سەنگەری دژە دەسەڵات هەڵدەبژێرنو مەسجێكی روونو ئاشكرایە بۆ حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵاتیش كە ئێوەش جێی متمانە نین بۆیە بەشداری ناكەین.
بڕواموایە دووركەوتنەوە لە جەماوەرو دیارینەكردنی ئەڵقەی ناوەندی لە سیاسەتی حزبەكاندا كە ئەویش یەكخستنی تواناكانو سەنگەرگرتن نەبێت لە دەسەڵاتو رژانەسەر جادە وەك كاری سەرەكی ئەم قۆناغە نەبێت لە ماهیەتی بوونی حزبەكان كەم دەكاتەوەو بوونیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
خەباتو تێكۆشان بەپێی واقعو كاتو سەردەم دەستنیشان دەكرێت، كاری هاوبەشو كاری بەرەیی دروشمی سەرەكی بوون بۆ تێپەڕاندنی قۆناغیك لە قۆناغەكان، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە ژیانو گوزەرانی خەڵكو مووچەی موچەخۆرانو ئازادییەكان دروشمو داخوازی ئەم قۆناغەنو خاڵی هاوبەشن، پاساوهێنانەوەو رێكنەكەوتن لەسەر ئەم خاڵانەو ئەنجامنەدانی كاری هاوبەش رووی هیچ حزبو لایەنێك سپی ناكاتەوە، مەحكومیان دەكات لەداهاتوودا.