ڤاكسین هیوایەك بۆ ئابوری جیهان
2020-11-17 10:09:42
سەركۆ یونس
هەفتەی پێشوو هەردوو كۆمپانیای فایزەریو بایۆئێن تێكی ئەڵمانی بەهاوبەشی مژدەی بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكیان بڵاوكردەوە كە وادەردەكەوێت لەباشترین جۆرەكانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بێتو توانای لە (90%) كاریگەری لەسەر توشبوو دەبێت.
هەروەها ڤاكسینەكەی كۆمپانیای مۆدێرنای ئەمەریكیو بەرزیی كارای ڤاكسینەكە هەنگاوێكی گەورەیە بۆ چارەسەركردنی تووشبوان.
ئەم مژدە ئومێدبەخشانە هەرزوو كاریگەریان خستەسەر بازاڕو بۆرسەكانی جیهان بەگشتیو نرخی نەوت بەتایبەتیو نەوت لە سەرو (41) دۆلارەوە مامەڵەی پێ كراو بەڕێژەی (8%) بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی خواستیش زیاتر بوو، لەهەمانكاتدا نرخی زێڕ دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینیو بەبەرەوپێشچوونی زیاتری پێكۆتەكان نرخی زێر زیاتر دادەبەزێت.
ئابوریو دارایی ئەو وڵاتانەی كە سەرچاوەی سەرەكیان بەرهەمهێنانی نەوتو فرۆشتنی نەوتە لەجیهاندا، بەهۆی دەرئەنجامە خراپەكانی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی، بەجۆرێك هەندێ وڵات گەنجینەی داراییان تەواو كەمبووەوەو توانای پێدانی موچەی موچەخۆرانیان نەماو پرۆژە ئابوریو خزمەتگوزاریو كۆمەڵایەتییەكانیان وەستاندو پەنایان بردە بەر قەرزی گشتی وەك عێراق..
عێراق دەرئەنجامی كۆمەڵێك هۆكاری وەك گەندەڵیو كۆرۆناو زێدەخەرجیو شەڕی داعشو ململانێیە ناوخۆییەكانو دابەزینی نرخی نەوت، داهاتەكانی كەمی كردو لەسێ مانگی كۆتایی ساڵی دارایی (2020) پەنای بردە بەر قەرزو لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجومەنی نوێنەران بەیاسا مۆڵەتی قەرزكردنی دا بە حكومەت، هەتا بتوانێت قەرزی ناوخۆو دەرەكی بكات بەمەبەستی بەردەوام بوون لەپێدانی موچەو خەرجیەكانی حكومی، شایانی باسە عێراق نزیكەی (125) ملیار دۆلار قەرزارە چاوەڕێی موعجیزەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
لەگەڵ راگەیاندنی پێكوتەی كۆرۆنا بازاڕەكانی جیهان نەفەسێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیو زۆربەی بۆرسەكانی جیهان رەنگی سەوزیان تۆمار كردو بەهای پشكی كۆمپانیا تەكنۆلۆژییەكانیش بەرزبوونەوە. شایانی باسە لەماوەی چەند دەیەی رابردودا ئابوری جیهان داڕمانی بەم شێوەیەی بەخۆوە نەدیبوو. ئومێد هەیە ئەم پێكوتەیە ببێتە هۆی بوژانەوەی ئابوری جیهانی.
بەڵام بەداخەوە وا دەردەكەوێت ئەم ڤاكسینە تەنها وڵاتە دەوڵەمەندەكان بتوانن بیكڕنو دەوڵەتە هەژارەكان توانای بەدەستهێنانی ئەم پێكۆتەیان نییە بەهۆی بەرزی نرخو شێوازی هەڵگرتنو گواستنەوەی بۆ وڵاتەكانیان.
هەرچۆنێك بێت دۆزینەوەی پێكوتەكە كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر بوژانەوەو هەستانەوەو دەستپێكردنەوەی چالاكییە ئابورییەكان، هەرچەندە ئەگەر پێكوتەكە بەردەوام بێتو چالاك بێتو بگاتە دەستی زۆربەی حكومەتی وڵاتان، ئەوا بەلایەنی كەمەوە تا ساڵی (2023) ئینجا ئابوری جیهانی دەبوژێتەوە.
شایانی باسە حكومەتی هەرێم یەكێكە لەو لایەنانەی كە ئومێدو هیوای بەبەرزبوونەوەی نرخی نەوتە بۆ ئەوەی بتوانێت داهاتی دەستبكەوێتو بەبێ كێشە موچەو خەرجیەكانی پێ دابین بكات.!