چۆن روونتر لە داتاو زانیارییەكان بگەین ؟
2020-11-16 13:55:51
سەرتیپ وەیسی كەریم
رۆژانە لەلایەن بەشێك لە پەرلەمانتارانو میدیاكانەوە، زانیاریو داتا لەبارەی دۆخی (دارایی هەرێمی كوردستان، ناوەڕۆكی رێككەوتنی هەرێمو بەغدا، چۆنیەتی ناوەڕۆكی گرێبەستە نەوتییەكانو قەرزەكانی سەر هەرێمی كوردستانو ژمارەیەكی دیكەی داتاو زانیاری) دەخرێنەڕوو، كە زۆرێك لەو داتایانە بوونەتە بەلارێدانو زۆرجاریش وەرگرو خوێنەر نازانێ حەقیقەتی بابەتەكان چۆنە.
بۆئەوەی بەرچاو روونتر بن لێرەوە كۆمەڵێك داتاو زانیاری بەشێوەی سەرەقەڵەم دەخەمەڕوو، كە لە ئەنجامی بەدواداچوون دەستم كەوتووە بەمشێوەیە:
* گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان لەڕووی ناوەڕۆكەوە یەكێكن لە باشترین جۆری گرێبەستە جیهانییەكان، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیو قورسی تێگەیشتن لە ناوەڕۆكەكەی لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانو خەڵكانی پسپۆڕ، زۆرجار ناوەڕۆكی ئەو گرێبەستانە بەشێوەیەكەی هەڵەو ناڕوون دەخرێنەڕوو.
باس لەوەدەكرێت بەپێی گرێبەستەكان قازانجی ئەو كێڵگە نەوتیانە لەسەدا 80ی بۆ كۆمپانیاكانەو لەسەدا 2ی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لەڕاستیدا بەمشێوەیە نییە، بەڵكو بەجۆرێكی دیكەیە. بۆ نموونە گرێبەستییە نەوتییەكانی عێراق بەشێوەیەكە هەر كێڵگەو فیلدێك كاتێك دەدرێت بە كۆمپانیاو گرێبەستی لەگەڵ دەكرێت، حكومەتی عێراق لەبری گەڕانو دۆزینەوەی نەوت بڕێك پارە دەدات بە كۆمپانیاكە، لە حاڵەتی دۆزینەوەو نە دۆزینەوەی نەوت ئەو كۆمپانیایە پارەی خۆی وەردەگرێتو پاشان كۆمپانیاكە كێڵگەكە رادەستی حكومەت دەكاتەوە (گرێبەستەكە شێوازی كۆنە). هەرچی گرێبەستە نەوتیییەكانی هەرێمی كوردستانە كۆمپانیا هیچ بڕە پارەیەك وەرناگرێت، بەڵكو دوای دۆزینەوەی نەوت لە كێڵگەكە قازانجی گەڕانو دۆزینەوەكە وەردەگرێت بەرێژەی لەسەدا 20 بۆ حكومەتو سەدا 80 بۆ كۆمپانیایەكە. كاتێك كۆمپانیاكە نەوت نەدۆزێتەوە هەرچی خەرجی گەڕانو دۆزێنەوەیە لەئەستۆی دەبێتو شوێنەكە جێدەهێڵێتو هیچ تێچووەك لەسەر حكومەت ناكەوێت زۆرجاریش كۆمپانیاكە لەنیوەی گەڕانەكە بەشی خۆی دەفرۆشێت، بەڵام ئەگەر كۆمپانیایەكە نەوتی دۆزیەوە ئەوكات كۆمپانیاكە لەسەدا هەشتای خەرجی گەڕانو دۆزینەوەی نەوت لە حكومەتی هەرێم بە رێژەیەكی دیاریكراو بە مانگانە دوای دەرهێنانو فرۆشتنی نەوت وەردەگرێت؛ واتە لەوكاتەی دەست دەكرێت بە دەرهێنانو فرۆشتنی نەوت، پارەكە دەدرێت بە كۆمپانیاكە تاوەكو خەرجیو تێچووی گەڕانو دۆزینەوەكە تەواو دەبێت، بەڵام كێڵگە نەوتییەكان هەر موڵكی حكومەتی هەرێمەو كۆمپانیایەكە بۆی نییە مامەڵەی پێوە بكات.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوودا، بەهۆی قەیرانی دارایی پارەی پێشەكی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە كۆمپانیای رۆزنەفتو كۆمپانیایەكی ئەمەریكی- ئیسرائیلیو چەند كۆمپانیایەكی دیكەو توركیا وەرگرتووە بە سعری ئەوكاتی رۆژ بەبێ زیادە، كە لە ئێستادا بڕی ماوە لەو قەرزە 3 ملیارو 500 ملیۆن دۆلارە. حكومەت لەبری ئەو قەرزانە مانگانە بە رێژەیەكی كەمو دیاریكراو بەشێك لە نەوتی هەرێمی كوردستان دەدات بەو كۆمپانیا نەوتیانە، تاوەكو تەواوبوونی قەرزەكان، بەڵام ئەو قسەیە راست نییە كە دەڵێت تەواوی نەوتی هەرێم بۆ سێ بۆ چوار ساڵ فرۆشراوە.
* هۆكاری كەمی نرخی نەوتی هەرێمو كەمی داهاتی مانگانەی بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كە بریتین لە:
1- جۆرو كوالیتی نەوتی هەرێم (API) باش نییە، بۆیە بە نرخێكی كەمتر دەفرۆشرێت.
2- بەشێك لە هەناردەی نەوتی هەرێم، كە رۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوتە دەدرێتەوە بە قەرزی پێشەكی فرۆشتنی نەوت.
3- بەشێكی داهاتی نەوت دەدرێتەوە بە شایستەی كۆمپانیاكانی نەوت لەبری دەرهێنان.
4- بەشێكی داهاتی نەوت دەرێتە كرێی گواستنەوە لە بۆری ناوخۆی هەرێم (كە لەسەدا 60ی هی كۆمپانیای رۆز نەفتەو لەسەدا 40ی هی كۆمپانیای كارە) بەشێكی دەدرێت بە كرێی بۆری لەسنووری توركیا (كە هی كۆمپانیای بوتاشە).
5- كڕیاری نەوتی هەرێم بە نرخێكی كەمتر نەوتی هەرێم وەردەگرن، لەبەرامبەردا كۆمپانیاكان تەحەمولی بەرپرسیاریەتی یاسایی نەوتی هەرێم هەڵدەگرن كە دەوڵەت نییە.
* هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی لە رادەستكردنی نەوتەكەی خۆی نییە، بەڵام بەغدا نایەوێ ئەو دۆسیەیە وەرگرێت، چونكە نایەوێ بچێتە ژێر باری پێدانی شایستەی دارایی كۆمپانیاكانو دانەوەی قەرزی پێشەكی كرێی فرۆشتنی نەوتو جۆری ئەو ئیلتیزامانەی هەرێم لەگەڵ هەندێ كۆمپانیا هەیەتی كە لە سەرەوە باسمان كرد.
* بەپێی یاسایی بودجەو ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمو بودجەی بەكاربردنو زیندانی سیاسیو بەرگریو وبەرهێنان، پێویستە شایستە دارایییەكانی هەرێمی كوردستان مانگانە لە بەغداوە بەنزیكەی زیاتر بێت لە یەك تریلۆن دینار، بەڵام بەپێی رێككەوتنی هەردوولا تاوەكو یاسای بودجەی 2021و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، دوای دەرهێنانی پارەی داهاتی نەوتی هەرێمو داهاتە نانەوتییەكان، بەغدا تەواوكەرەكەی دەنێرێت، كە بڕەكەی (320) ملیار دینارە، لەكاتێكدا دەبێ لەو رێژەیە زیاتر بنێرێت، چونكە كورتهێنان بۆ هەرێمی كوردستان دروستبووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت؛ كەواتە ئەوەی لە بەغداوە دەنێردرێت خێركردنو پیاوەتی نییە، بەڵكو تەواوكەری بودجەو پێویستی هەرێمە (وتەبێژی حكومەتی عێراقیش دوێنێ شەو بەڕوونی ئەمەی خستەڕوو).
* ترسی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رادەستكردنی نەوت ئەوەیە، كە ئەگەر لە حاڵەتێكدا هەرێم هەموو نەوتیش رادەست بكاتو نیوەی داهاتی ناوخۆش بەپێی یاسایی بەڕێوەبردنی دارایی بگەڕێنێتەوە، بەغدا تەنها (320) ملیار دینار بنێرێت لەبری (900) ملیار دینار، جگە لەوەش پابەندیش نەبێت بە دانەوەی قەرزەكانو ئیلتیزامی هەرێم بەرامبەر كۆمپانیاكان.
* بەغدا خۆی لەئێستادا نایەوێ نەوتی هەرێمی كوردسان وەربگرێت، چونكە كێشەی بۆ دروست دەبێت.
* هەرێمی كوردستان ناتوانێت هیچ جۆرە فێڵێك لەبڕی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بۆرییەوە لە كۆمپانیای سۆمۆو بەغدا بكات، چونكە ئەوان لەڕێگەی عەدادو ژمێریارییەكانی سەر بۆرییەكانو كۆمپانیا نەوتییەكان ئاگاداری وردو درشتی هەناردەی نەوتی هەرێمن.
* پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بانكێكی ئیماراتی، دواتر ئەو پارەیە لەڕێگەی بانكی ناوەندی عێراقی دەگەڕێتەوە ئاڕتی بانك، بۆیە حكومەتی عێراق بەتەواوی ئاگاداری ئەو بڕە پارەیە كە مانگانە دێتەوە خەزێنەی هەرێم.
* ئاڕتی بانك لە گۆڕینەوەی ئەو پارەیەی نەوت لە دۆلارەوە بۆ دینار بۆ هەر (360) ملیۆن دۆلار، سەد هەزار دۆلار قازانج دەكات.
* تاوەكو ئێستا جگە لە ئاشتی هەورامیو نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانیو ماڵی بارزانی، هیچ كەس ناوەڕۆكی گرێبەستە 50 ساڵییەكەی هەرێمو توركیای نەدیوە، بەڵام ئەوەی تاوەكو ئێستا روون بۆتەوە گرێبەستەكە بەجۆرێك لە بەرژەوەندی توركیایە، كە كۆمپانیا نەوتییەكانی توركیا سوودمەندن لەو گرێبەستەو ئاسانكاریان بۆ كراوە لە داشكانی نەوتو لێخۆشبوونی باجو رسومات، هەروەها هەرێمی كوردستان بۆی نییە بۆ ماوەی 50 ساڵی دیكە جگە لە توركیا نەوت لە هیچ شوێنێكی دیكە بۆ دەرەوە هەناردە بكات. ئاماژەش بەوەدەكرێت لەو گرێبستەدا ئاسانكاری كراوە لە حاڵەتی هەناردەی غازی سروشتی بۆ دەرەوە لەلایەن هەرێم، توركیا پشكی شێری بەربكەوێت.
* حكومەت پلانی دانابوو ئاستی بەرهەمهێنانو هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل، بەڵام شەڕی داعشو هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناو هەرزانبوونی نرخی نەوتو كەمكردنەوەی ئاستی هەناردە لەلایەن (ئۆپیك)، وایكرد كۆمپانیاكانی نەوت نەتوانن ئاستی وەبەرهێنان بەرزبكەنەوە پارە لە پەرەپێدانی كێڵگەكان خەرج بكەن، چونكە ئەوكات گفتووگۆكان لەگەڵ بەغدا ئاسانتر دەبوون.
* قەرزەكانی حكومەتی هەرێم راستە (28) ملیار دۆلارە، بەڵام لە راستیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها زیاتر لە 3 ملیارو نیو پارەی پێشەكی فرۆشتنی نەوتو شایستە داراییەكان قەرزارە، ئەوەی دەمێنێتەوە بریتییە لە پارەی كۆمپانیا ناوخۆییەكانو بەڵێندەرو بانكە ناوخۆیییەكانو تی بی ئای لەگەڵ پارەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، كە هەرێم زۆربەیانی لەسەر بەغدا حساب كردووە، بەڵام بەغدا نایەتە ژێرباری ئەو قەرزانە.
* بەپێی دانوستاندنەكانی هەرێمو بەغدا، هەرێم رازییە هەموو شت رادەستی بەغد بكات، بەومەرجەی بەغداش پابەند بێت بە تەواوی قەرزەكانو ئیلتیزامەكان، جگە لەو قەرزانەی كە وەكو پێشەكی فرۆشتنی نەوت وەرگیراوە.
* حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی یاسای چاكسازی، ناتوانێت ژمارەیەكی گەورە لە داهاتەكەی بگێرێتەوە، چونكە ئەگەر دەرماڵەش رێكبخاتەوە بە بڕینی تەواوی دەرماڵە ناجێگیرەكان كە (44) ملیار دینارە لەگەڵ تەواوی جێبەجێكردنی بڕگەكانی دیكەی یاساكە، لە باشترین حاڵەتدا تەنها 100 ملیار دینار دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا هەرێم بۆ مانگێك تەنها بۆ موچە پێویستی بە 890 ملیار دینارە.