Draw Media

شار لەوپەڕی ناشارییدا

شار لەوپەڕی ناشارییدا

2020-11-16 13:33:18


پەیكار عوسمان

شار لە مانایەکیدا، یەعنی فرەیی پیشەکان و چینەکان. یەعنی تۆزێ ئەولاتری کشتوکاڵ و کۆمەڵگای جوتیاریی. وەلێ شاری ئێمە، بە هەموو پیشەکانییەوە، هەر یەك چینی بەرهەمهێناوە، کە چینی بەکاربەرە. شارییەکانی ئێمە، یان بێکارن یان لەناو بەتاڵەی موقەنەعدان. کە هەردوکی هەر یەك شتە. کار ئەوەیە کە بەرهەمی هەیە، جا بەرهەمەکە مادی بێت یان خزمەتیی.کار وەبەرهێنانە لە کاتدا، نەك کاتکوشتن. ئەو کارەی کە بەرهەمی نیە، هەر ناکارو بیکارییە. کار ئەوەنیە کە ئەکرێ، ئەوەیە کە ئەدرێ. کاری ئێمەش هیچ نادات و لەکاریی کەوتووە!

شار لە مانایەکیدا، یەعنی دنیابینی جیاوازو گفتوگۆو پەیوەندی ئاسۆیی. لەکاتێکا گوند زیاتر هێمایە بۆ یەك دنیابینی و پەیوەندییەکی ستونی و سەمع و تاعەی جوتیار بۆ ئاغاو کوێخاو دەرەبەگ. پەیوەندی ستونی و ناگفتوگۆ، ئەگەرچی ستەمکارانەیە، بەڵام هەر هیچنەبێ کاری لەبەر ئەڕوا. وەلێ شاری ئێمە لەو بەینەدایە. نە لەناو سەمع و تاعەی گوندیدایەو کاری لەبەر بڕوا. نە لەناو گفتوگۆو هەماهەنگی شارییانەو کاری پێکەوەییدایە. بەڵکو لەناو چەلەحانێدایەو چەلەحانێکەش هەر بۆ ئەوەیە، کە هەریەك ئەیەوێ خۆی بسەپێنێ و ئەویتر بەرێتە ناو پەیوەندییەکی ستونیی. یەعنی بە هەمووان، خەریکی ئەوەین کە شار بکەین بە گوند!

ئەگەرچی لەمانایەکیدا شار پیشەیە، بەڵام لەمانەیەکی تریدا، شار بان پیشەیەو یەعنی پەراوێزێك بۆ ئەو شتانەی کە پیشەیی نین و عەقڵی و ڕۆحین. یەعنی بەرهەمهێنانی فکرو هونەرو ئەدەب و تۆزێ ئەولاتری ڕوکەش و بیناو نان و مادەو بژێوی. وەلێ شاری ئێمە، ڕۆحەکەی بووە بەژێر ڕووکەشەکەیەوە. دەی هەر ئەونەش بەس نیە بۆ شارو تا ئێرا ئەکرێ گوندێکی هاوچەرخ، یان ئۆردوگایەکی مۆدێرن بێت. شار بەقەت دیوە نامادییەکەی شارە، نەك بەقەت دیوە سلیکۆنییەکەی!

شار لەمانایەکیشیدا یەعنی ڕووکەشێکی فرەیی، لەکاتێکا گوند ڕووکەشێکی یەكڕەنگیی هەیەو ڕەنگە کاوبۆیەك لە گوند، شتێکی نەشازبێ، لەکاتێکا لە شار هەموو جلێك ئاساییەو هارمۆنییە. بەڵام کاتێ "جیاوازیی ڕووکەشیی"، ئەبێتە "ڕووکەشگەرایی"، ئیتر شتەکە ئەبێتە لێکچوون و فرەڕەنگییەکەی شار مانای نەماوە. چونکە "ڕووکەشجیایی" ئەبێ پەیوەندی بە سروشتی کەسەکەو زەوق و سەلیقەو دنیابینی کەسەکان و چینەکانەوە هەبێ و جیاوازییەکە لەناو ئەوانەوە هاتبێتە دەرەوە، نەك لە بازاڕەوە چووبێتە ناو ئەوان و ئیتر هەمووان لە مەسرەفگەراییدا وەکو یەكبن!

شار لەمانایەکیدا یەعنی کۆبوونەوەی ئەوانەی کە یەکتر ناناسن، لەکاتێکا گوند، هەمووی خزم و ناسراوی یەکن. لە شاردا ئەبێ پەیوەندیەکان، یاسایی و دامەزراوەیی و هاوڵاتییانەبێت، وەلێ لە شاری ئێمەدا، پەیوەندییەکان دیسان هەر ناسراویی و خزمییەو ئەمەش پەیوەندییەکی گوندییە نەك شاریی. مەسەلەن سیاسەت کردەیەکی شارییانەیە، بەو مانایەی کە کردەیەکی گشتی بان خوێنە. دەی سیاسەتی ئێمە پەیوەندی خوێن ئەیگێڕێ، لەکاتێکا پەیوەندی خوێن شتێکی ناگشتی و خێڵی و گوندییە.

لێرەدا کە شارو گوندم بەرامبەر یەك داناوە، مەبەستم شوێن نیەو ناڵێم شار لە گوند باشترە. مەبەستم کەسەکان نیەو ناڵێم شارییەکان لە گوندییەکان باشترن. بەڵکو مەبەستم عەقڵیەت و دنیابینیی و پەیوەندییەکانە. لێرەشەوە ئەکرێ شارێکی گەورە، عەقڵیەت و پەیوەندیییەکانی گوندییانەبێ و گوندێکی بچوكیش، عەقڵیەت و پەیوەندییەکانی شارییانەبێت. ئەکرێ شوانێك شارییانە بیربکاتەوەو مامۆستایەکی زانکۆ گوندییانە بیربکاتەوە. بەکورتی مەبەستم جیاوازیی نێوان عەقڵێکی تاکڕەهەندو عەقڵێکی فرەییە. مەبەستم جیاوازی نێوان پەیوەندییەکی ئاسۆیی و پەیوەندییەکی ستوونییە. عەقڵی تاكڕەهەندو پەیوەندی ستوونی لەکوێبوو ئەوە گوندەو عەقڵی فرەیی و پەیوەندی ئاسۆیی لەکوێبوو ئەوێ شارە.

ئێستا شارو گوندی ئێمە فەرقی نیەو هەردوکی لەناو هەمان عەقڵیەت و پەیوەندیدایە. (هەردوکی هەر گوندە بەو مانایەی کە لە خاڵی پێشوودا ئاماژەی پێدراوە.) پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن هەردوکیان بکەین بە شار "شار بە مانای فرەیی"؟ چۆن هەردوکیان بکەین بە گوند "گوند بەمانای بەرهەمهێنان"؟

ئێمە ئەبێ لە بەکاربەریی و بەتاڵەی موقەنەع دەرچین و گوندییانە قۆڵی لێهەڵماڵین بەرەو بەرهەمهێنان. ئەمەش چەنێك وەزیفەی دەسەڵاتە، ئەونەش وەزیفەی تاك خۆیەتی، کە چیتر بە کارێك ڕازی نەبێت، کە ناکارو بێبەرهەمە. ئێمە ئەبێ لە چەلەحانێ و ڕقەبەرایەتی و خۆسەپاندن و زاڵێتی دەرچین و شارییانە بچینە ناو عەقڵیەتی یەکترقبوڵکردن و گفتوگۆو کاری پێکەوەیی. یەعنی تا لە عەقڵا نەبین بە شاریی و تا لە کاردا نەبین بە گوندیی، هەر ئەوەین کە هەین و خراپتریش.

پەیوەست بە سلێمانیش، سلێمانی ئەو کاتە شاربوو، کە نەیئەزانی یادی سلێمانی چیە. شانازیکردن بە سەروەرییەکانی رابردوو، وەکو خوێندنی فاتیحەیە لەسەر مردو. زیندو شانازی بە سەروەریی دوێنێوە ناکات، زیندو ئێستا لەناو سەروەریدایەو سەروەرانە ئەژی. ئێمەش بە هەموومان ڕۆحی شارییانەو سەروەرانەی سلێمانیمان کوشت و هاتووین شیعرو شانامە بە باڵای ڕووکەش و جەستەو تەرمەکەیدا هەڵئەدەین!

ڕۆحی سلێمانی ئەوەیە کە کراوەیەو هی هەمووانەو بۆ هەمووانە. نەزعەی سلێمانیچێتی و داخرانی سلێمانی بەسەر خۆیدا، کوشتنی ئەم ڕۆحەی سلێمانییە. ئێستا سلێمانی لەناو دوو هەستدایە، شانازی دوێنێ و کڕوزانەوەی ئەمڕۆ. هەردوکی کۆکەرەوە ئەکاتە سلێمانیچێتی. دینچێتیش چەنێك نامۆیە بەڕۆحی دین، قەومچێتیش چەنێك ناکۆکە لەگەڵ ڕوحی کوردبوون، سلێمانیچێتیش هێندە دژە بە ڕۆحی سلێمانی.

ڕۆحی شتێك بوونە لەو شتەدا. بەڵام کە پاشگری "چێتی" چووە سەر، ئیتر ئەبێتە نمایش و پیاهەڵدانی شتەکە "لە دەرەوەیدا". ئیتر لە دەرەوەی ڕۆحی دین، خەریکی نمایشی دینداری و فرۆشتنەوەی دینیت بەوانیتر. لە دەرەوەی ڕۆحی نەتەوە، خەریکی فرۆشتنەوەی کوردایەتیت بەوانیتر. لەدەرەوەی ڕۆحی شار، خەریکی موزایەدەی شارچێتیت بەسەر شارەوە!

شار لە مانایەکیدا یەعنی تۆزێ سەرتر لە عەقڵی بەرژەوەندی و موڵکایەتی و سەرکەوتن بۆ عەقڵیەتی خەمی گشتی. لەسەردەمی داگیرکردن و بە موڵكکردنیدا، لەوێدا کە دەسەڵاتدار هەر داگیری ئەکاو بێدەسەڵات بەس موچەکەی خۆی ئەوێ. لەوێدا کە لە حیزبەوە تاکو تاك، هەمووی بە مەبدەئی ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی ئەژی. ئیتر شتێك هەیە بە ناوی سلێمانی، بەڵام شتێك نەماوە بە ناوەڕۆکی شار.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand