خوێندنی ئەلیکترۆنی؛ لە ڕکەبەرییەوە بۆ تەواوکاریی
2020-11-16 12:57:36
درەو:
شرۆڤە: د.هەردی مەهدی میکە -
پێش ئەوەی کەش و پۆلە ئۆنلاین و ئۆفلاینە پەروەردەییەکان ببنە ڕکابەری پۆلە فیزیکییەکان، پێویستە وەک تەواوکار و بەشدار لە سیستم و پڕۆسەی ڕوودانی فێربووندا جێیان بکەینەوە، گەرنا بەو ژێرخانە یاسایی، پەروەردەیی و تەکنەلۆجییەی هەرێمی کوردستانەوە؛ هەردوو بارەکە لەدەست دەردەچن و هەردوو مۆدێلەکە وەک دوو ڕکابەر دۆخەکە لە فێرخواز ئاڵۆزتر و ناپەروەردەیی دەکەن.
جۆرەکانی خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی و پاکێجی، لەو مۆدێلانەن لە بنەڕەتەوە بۆ هاوکاریی و فراوانکردنی ڕوودانی فێربوون. لە کوردستان و عێراقدا، ساڵانێکی زۆرە دڵسۆزان و پسپۆڕانی پەروەردەیی هاواریان بوو کە هەم لە یاسا بچەسپێت، هەم بکرێتە بەشێکی نەریت و ڕێکخستنی خوێندن و لە سیاسەتی پەروەردەییشدا جێی بکرێتەوە، بەڵام هێشتا هەم یاسا و هەم بڕیاردەران و نەریتی پەروەردەیی کلاسیکی و هەم پاشخانی ئەلیکترۆنی ڕێگەی ئەم پێشڤەچوونە گرنگەیان نەداوە و وا ئێستا ناچار و درەنگوەخت، دەبێت بە پەلەکاری ئەو دنیا تازەیەی خوێندن (کە لای وڵاتان وا دەبێتە دێرین) بەچەقێنینە ناو ڕێکارە پەروەردەیی و فێرکارییەکان.
چیتر لە سەردەمی کۆرۆنا و پۆست کۆرۆناشدا ئیتر هەریەک لە جۆرەکانی خوێندنی ئۆنلاین، ئۆفلاین و پاکێجیی یان هاوبەشی پۆلەکانن. لە ڕاستیدا ئەوەی هەڕەشەی لەسەرە؛ پۆلەکانن نەک خوێندنی ئۆنلاین و ئۆفلاین و پاکێجە ئەلیکترۆنییەکان. ئیتر ئێرە سەردەمێکە و ژێرخانی تەکنەلۆجی و ئینتەرنێتی لە گریمانە و ئەگەری بەشداری لە ڕوودانی پڕۆسەی فێربووندا کردە واقیعێکی داسەپاو. کۆمپانیا و دنیای سەرمایەدارییش لە قۆستنەوەی ئەو هەلەدا دەستهەڵگر نین و جۆرەکانی خوێندنی سەرهێل و پشت هێڵ لە ئۆفلاین و ئۆنلاین دەبنە کاڵای بەکارهێنەران و لە مامۆستا و تۆمارکردنی وانەکانیەوە بیگرە تا دەگاتە پڕۆگرامی سەرەکی و هاوکار و جۆری گرێبەستی مامۆستایان کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت. پێشتر ئەمە هەبووە، بەڵام بەشێک نەبووە لە پەروەردەی فەرمی بۆ وڵاتێکی وەک کوردستان و یاسابەرکارەکانیش ڕێگر بوون، بەڵام لێرە بەدوا یاسا و دەزگاکان بەدوایاندا دەگەڕێن و دەیانکەنە هاوبەش. بۆیە دوور نییە ئەم دۆخە تازەیە مامۆستایانی دامەزراو و جۆری گرێبەستەکانیان نەخاتە مەترسییەوە و لە ئایندەشدا بە جۆرێک بکەوێتەوە فێرخواز خۆی ئارەزوومەندانە ئەو مامۆستایە لە هەر جێیەکی جیهاندا هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت، نەک ئەوەی خوێندنگایەک بەسەریدا دەسەپێنێت. ئەمەش کێبڕکێی هەم سەرمایەداری و هەم زانستی گەرمتر دەکات.
مەترسییە ئاییندەییەکانی پاکێجە ئەلیکترۆنییەکان
پەروەردە و پەروەردەی ڕەخنەگرانە هەم بە پرۆگرام و هەم بە خوێندکار-تەوەریی لە پرۆسەکەدا دەبێت هانی هەمەڕەنگی و ئازادیی و بەشداریی خوێندکار بدات، جۆن دیوی وتەنی دیموکراسیەتی کۆمەڵگە لە دیموکراسیەتی بچووکی پۆلەکانەوە وەدی دێت، بەڵام درێژەکێشانی وانەی تەلەفزیۆنی و یەکمامۆستایی ئەلیکترۆنی و یەک ستایڵی و قسەکەری مامۆستا و بێدەنگی خوێندکار، ئاییندەیەکی مەترسیداریی کو‌لتووریی و زەینی دەسازێنێت گەر بە وریاییەوە هەمەڕەنگ و فرە ئەگەر و گریمانە نەکرێت، چونکە هەم مەترسی لەسەر ئازادیی کۆمەڵگە و هەم لەسەر ئەو تاکانەش کە ڕەخنەگرانە پەروەردەنەکراون دروست دەکات.
بۆیە ناکرێت لە سیاسەتی پەروەردەییدا، تەنها لە دیوی خۆشبینییەوە لە ئۆنلاینکردن و وانە ئامادەکراوە ئەلیکترۆنییەکان بڕوانین، چونکە دواجار پاکێجی گشتگیر و یەکدەستیی ئەلیکترۆنی مەترسی بۆ دروستکردنی یەکزیهنی و کۆمەڵگەی شموولی و یەکڕەنگیی مەعریفی دەسازێنێت و بە جۆرێک هەر دەسەڵاتێک دەتوانێت لە ڕێی گوتاری پەروەردەیی و بایۆدەسەڵاتە کولتوورییەکانی نێو پەروەردەی پاکێجی ئینتەرنێتییەوە مەترسیی نادیار لەسەر ئازادی و تاکگەرایی بسازێنێت.
پرۆسەیەکی نادڵنیا
ئێستا دۆخی پەروەردە بەنیمچەکراوەیی کار دەکات و هاوتا لەگەڵ نیگەرانی و ناڕوونی لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی دۆخەکەشدا دیارە، گۆڕینی بڕیارەکان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردن لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەدا؛ ڕاڕایی لە شێوەی بەڕێوەبردن ڕوونتر دەکەنەوە. لە چەند مانگی ڕابردوودا دوو کەشی پەروەردەیی و دوو مۆدێلمان بەنیوەچڵی و بەنیگەرانییەوە لە هەرێمی کوردستاندا ئەزموون کرد، هەروەها وەرزێکی داخراویی هۆڵەکانی خوێندن و دەستپێکی وەرزی نوێی نیوە ئۆنلاین و نیوە ئامادەیی نێو پۆلەکان گوزەرا، بەڵام هێشتا دڵنیایی نەداوەتە بەرپرسان و حکومەت و تەندروستی کە کام ڕێگا و شێواز دەتوانێت زانستی، تەندروستی و واقیعییش بێت! بەڵام لانیکەم لەوە تێگەیشتین، کۆمەڵگە و حکومەتیش بەناچارییش بێت ئەوەیان پەسەند کرد کە سیستمی پەروەردە بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ لە سەردەمی کۆرۆنا و بگرە پۆست کۆرۆناشدا زیانبارە و پێویستە هەر چی زووە ژێرخانی پەروەردەیی و تێکەڵکردنی خوێندنە هاوچەرخەکان و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ و پەرەدان بە فێرکردنی خودی و خێزانی لە ئەرکە لەپێشینەکان بێت.
لە ئێستادا خوێندنی ڕەسمییش هاوتا لەگەڵ خێزان و هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوبەش و بەشداری پڕۆسەکەن، تەنها لە دەستی وەزیر و وەزارەت و مامۆستایان‌دا قەتیس نەماوە. بۆیە هەم یاسا بەرکارەکان و هەم ڕێکارەکانی پڕۆسەی فێربوون پێویستیان بە جێکردنەوەی هاوبەشە نوێکانی پڕۆسەکە هەیە و بەڕەسمی دانیان پێدا بنێت و ئەرک و هەنگاوەکانیشیان دیاری بکات.
بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆڤید 19 وه‌كوو په‌تایه‌كی ڤایرۆسیی جیهانی، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كانی ژیان دروست كرد و لێكه‌وته‌كانی تا ماوه‌یه‌كی درێژخایەن بەردەوام دەبن و كاریگهرییش له‌سه‌ر شێواز و چۆنێتیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كردنیدا ده‌بێت، چونكه ڕه‌فتاری ڤایرۆسه‌كه و نه‌بوونی وەڵام و چارەسەرێکی زانستیی یەکلاکەرەوە له لایه‌ك ئاسۆی لێڵ كردووه، له لایه‌كی تر كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئه‌رك و ڕۆڵه‌كان دروست كردووه و بڕیاردانی له‌سه‌ر ئایندهی هه‌ر سێكته‌رێك سەخت کردووە تا ملكه‌چی هه‌ڵسه‌نگاندنه ته‌ندروستییه‌كان بێت، ژینگه‌ی سایكۆلۆجیای كاركردن و بڕیاردانی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان وەرچەرخاندووە. كه‌رتی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی له جیهان به‌گشتی و له كوردستان به‌تایبه‌تی، له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م دۆخه تازه‌یه‌دا ڕووبه‌ڕووی چەندین بەربەست بووەتەوە کە شایەنی ههڵوهستهلهسهركردنن.
یاسازی بۆ واقیعێکی نوێ
كه‌رتی خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ی هه‌رێم به‌سه‌ر كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌تدا دابه‌ش بووه، به دوو یاسای جیاواز په‌یكه‌ره كارگێڕی و داراییه‌كانیان دیاری كراوه، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا یاسا سیستمی خوێندنی ئه‌م دوو كه‌رته‌ی ڕێك خستووه، هه‌ردوو كه‌رته‌كه له‌ژێر چه‌تری چاودێریی یاسا و ڕێنماییه‌كانی ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌دا ئاڕاسته ده‌كرێن.
سیستمی فێركردن و یاساکانی له كوردستاندا لە ماوەی ڕابردوودا خۆی له پشتیوانی و پشتئه‌ستووربوون به ته‌كنه‌لۆجیای فێركاریی ئه‌لیكترۆنی لە دوورەوە (التعلیم عن بعد) به‌دوور گرتووه، ئه‌مه‌ش له لایه‌ك به هۆی ئاسته‌نگه یاساییهكانیەوەیەتی، بۆ نموونه وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا پشتئه‌ستووره به یاسای ژماره (10)ی ساڵی 2008 کە تا ئێستا هه‌موار نهكراوەتەوە، هه‌روه‌ها یاسای ژماره (2)ی ساڵی ٢٠١٣ی زانكۆ تایبه‌ته‌كان، گۆڕانكارییه خێراكانی بواری ته‌كنه‌لۆجیای بۆ پڕۆسەی فێربوونی ئۆنلاین و "لە دوورەوە"ی ڕەچاو نەکردووە، لە کاتێکدا لە خوێندنی مۆدێرندا وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و پاڵپشتكار له ڕوودانی فێربوون و گواستنه‌وه‌ی مه‌عریفە و ئاڵوگۆڕی زانیاری‌دا چەسپاوە. بەڵام بەپێچەوانەوە، فێربوونی ئۆنلاین و لە دوورەوە به‌پێی یاسا و ڕێنماییه به‌ركاره‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا و بەتایبەت لە ئانی یهكسانكردن و متمانەدان بە بڕوانامه و فێرگەکان دەچێتە ژێر پرسیارەوە، جیا لە ڕێگرییە یاساییەکانی، لاوازیی ژێرخانی ته‌كنه‌لۆجیا و خراپیی هێڵەکان و توانای مرۆیی بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ؛ هۆكارێكی ترە بۆ کەمیی بەکارهێنانی كلیل و زمانه سه‌ره‌كییه‌كانی ئەم بوارە و سوودلێوەرگرتنی، وەک بەشێک لە چارەسەر، بەپێچەوانەوە خودی پڕۆسەی بەکارهێنانەکە وا خەریکە دەبێتە بەشێک لە کێشەکە.
بۆیە گرنگە بیرێک لە زەمینەی هاوبەش و تەواوکار بۆ هەردوو مۆدێلەکە بسازێنرێت، کە ببنە تەواوکاری یەکدی و هاوکات ڕەچاوی ناوەرۆک و دنیای ئازادی و ئەخلاقی و زانستیی کۆمەڵگە و فێرخوازیش بکرێت.