Draw Media

کورد و ئیدارەی نوێی جۆبایدن

کورد و ئیدارەی نوێی جۆبایدن

2020-11-15 09:13:46


عومەر عەلی
ئەگەر سەیری هەڵوێستی سەرکردەی سیاسی پارتەکان و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستە باڵاکاندا بکەین، هەموویان زۆر بە گەرمی پیرۆزباییان لە هەڵبژاردنی جۆبایدن کرد بە ٤٦ مین سەرۆکی ئەمریکاو هەموویان چاوەڕێی هەڵوێستی ئیجابی دەکەن بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم و عێراق و ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆزی کورد.
هەڵوێستی سیاسی کورد بەرامبەر بەم ئیدارەیە هاوشێوەی ئیدارەکانی پێشوو، هەڵقوڵاوی دیدو تێڕوانینی سۆز ئامێزە و هەڵقوڵاوی توێژینەوە و تێڕامانی قوڵی سیاسی و ئەکادیمی نیە. چونکە لە سێ شاری شەش ملیۆن کەسیدا ناکرێت تەنانەت لە پیرۆزباییەکیشدا بە کۆمەڵێک بروسکەو هەڵوێستی جیاواز لەگەڵ ئەم پێشهاتە نوێیەدا مامەڵە بکرێت، بە تایبەت لەگەڵ زلهێزێکی وەکو ئەمریکا کە کاروبارە سیاسیەکانی لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە دەبات بەڕێوە و ڕۆژانەش لە ڕێگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاوەکانی تری لەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دام و دەزگا تایبەتیەکانەوە بەردەوام زانیاری نوێی پێ دەکات .
سەرکردە سیاسیەکانی کورد لەجیاتی ئەوەی لە ڕێگەی ئەزمونێکی سەرکەوتوی سیاسیەوە ، کە هەرێمی کوردستانە خۆیان فەرز بکەن بۆ ئەوەی ئەمریکا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات،  پێویستە خۆیان لەگەڵ پێوەرەکانی مافی و چەسپاندنی مافەکانی هاوڵاتی و دیموکراسی و شەفافیەت بگونجێنن و نمونەی حکومەتێکی چاک بن لە فەرمانڕەوایدا .
لە جیاتی ئەوە دەیانەوێت ئیدارەی نوێی جۆبایدن وەکو گۆدۆیەک سەیر بکەن و هەرخۆی بێت هەموو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و پشتیوانیان بکات بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لە لە عێراق و لە لەشکرکێشیەکانی تورکیا و ئێران بیانپارێزێت و ڕیفراندۆمی ۲۰۱۷یان بۆ زیندوو بکاتەوە و دەوڵەتی کوردیان بۆ دابمەزرێنێت!!.
 لە کاتێکدا کە ئەمریکیەکان لە ڕوانگەی ئەو زانیاریە وردانەی کە هەیانە لەسەر هەرێمی کوردستان، کاتێک بەرەو ڕوی ئەم داوایانە دەبنەوە توشی شۆک و سەرسوڕمان دەبن، چونکە ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە بەرچاوی هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و میدیا گەورەکان و وڵاتانی جیهانەوە دەیکەن و دەیخەنە ڕوو، وێنەیەکە گوزارشتە بۆ گەندەڵیەکی بێسنور و نەبونی شەفافیەت و ململانێیەکی توندی نالۆژیکی لەسەر دانانی بەڕێوەڕێک هەتا وەزیرێک و تەنانەت سەرۆک کۆمار و ململانێکان لە ناوئەنجومەنی ئاسایش و نەبونی دامەزراوەیەک کە تەعبیر لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بکات .
ئیفلیج بونی پەرلەمان و نەبونی شەفافیەت و بونی گەندەڵیەکی بێسنوور لە خاڵە سنوریەکان و داهاتی نەوت و ناوخۆ و نەبونی پلانی حکومەت بۆ بواری گەشەپێدان و دواخستنی مووچەی فەرمانبەران و پێدانیان بە دومانگ جارێک .لە هەمان کاتدا بونی شەڕێکی سوک و دزێویی یەکێتی و پارتی لە سۆشیال میدیاو دەیان شتی تر.
لە کاتێکدا کە پارتە دەسەڵاتدارەکان ئەم وێنەیان بۆ هەرێمی کوردستان و ئەزموونە سیاسیەکەی دروستکردووە، ئایا لەو بیروڕایەدان کە ئەمریکایەک بەو پێگە گەورە جیهانیەی کە هەیەتی بێت پشتیوانی لەم ئەزموونە بکات و ڕێگە خۆش بکات بۆ سەرکەوتنی؟.
بە بڕوای بەندە, دەسەڵاتدارانی کورد  پێش ئەوەی داوا لە ئیدارەی نوێی جۆبایدن بکەن بۆ پشتیوانی کورد و ئەزمونەکەی، با بگەڕێنەوە بۆ ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی خۆیان و گوێ لە داوای گەلەکەیان بگرن و گرفتەکانیان بۆ چارەسەر بکەن.
ئەو کاتە هەرئەم گەلە دەیانپارێزێت و پشتیوانیان لێ دەکات و هەر ئەم هاوڵاتیانەش دەبنە داینەمۆی گەشەپێدانی هەمەلایەنەی کوردستان. ئەگەر ئەم ئەزموونەش بکرێتە دیفاکتۆ ئەمریکا و ئەوروپاو هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان ئامادەن پشتیوانی لێ بکەن و بیپارێزن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن  و هاوکاری گەشەپێدانی بکەن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand