Draw Media

كوردایه‌تی چییه‌؟

كوردایه‌تی چییه‌؟

2020-11-14 18:14:11


د.سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم
سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ چه‌ند پیرۆز بوو، هێنده‌ش له‌گه‌ڵیدا وشه‌ی كوردایه‌تی پیرۆز بوو، به‌جۆرێ ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بوون، وه‌لێ كاتێ هاتنه‌ شار، ئیدی ورده‌ ورده‌ تێكه‌ڵاوی بزنس‌و بازرگانی‌و به‌م ساڵانه‌ش ئاوێته‌ی گرێبه‌سته‌ گرانبه‌هاكانی نه‌وت بوون له‌گه‌ڵ وڵاتان‌و كۆمپانیا جیهانییه‌كان‌و كۆشك‌و ته‌لاره‌ شاهانه‌كانتان بڵند كرد‌و چینه‌ ره‌شو رووته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیتان فه‌رامۆش كرد، ئیتر كوردایه‌تییه‌كه‌ی ئێوه‌ش پیرۆی نه‌ما، ئه‌ڵبه‌ت ئێوه‌ پیرۆزیتان نه‌هێشت، سه‌ره‌تا هه‌رچی به‌عسی‌و به‌چكه‌ به‌عسی‌و جاش‌و موسته‌شار بوو، كه‌ده‌ستی به‌خۆی هه‌زاره‌ها پێشمه‌رگه‌‌و رێكخستن‌و ئه‌نفالكردنی گه‌نج‌و پیر‌و ژن‌و مناڵی كورد هه‌بوو له‌تاوانه‌كانیان به‌خشی‌و له‌نزیكی خۆتان‌و له‌نێو حزبه‌كانتان جێگه‌‌و پێگه‌تان كردنه‌وه‌، ئیدی كوردایه‌تی بووه‌ ناوێكی بێناوه‌ڕۆك، بووه‌ دروشمێكی بێبه‌ها.
پێشتر له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ره‌خنه‌یه‌كی بونیاتنه‌ران‌و هه‌ر خه‌مخۆرییه‌كی دڵسۆزانه‌ له‌ئاست كارو كرده‌وه‌ ناشیرن‌و قێزه‌ونه‌كانتان‌و وێرانكردنی داهاتووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌، چه‌مكی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕیتان قوت ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و شۆڕشگێڕییه‌ی كه‌بووه‌ خێر‌و به‌ره‌كه‌ت بۆ خۆتان‌و حه‌وت پشتی نه‌وه‌كانتان، كه‌رۆژانه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌پایته‌خته‌ گه‌وره‌‌و خۆشگوزه‌رانه‌كانی دونیا به‌پێڵاو‌و جل‌و تڕۆمبێلی گرانبه‌ها ده‌ماشنه‌وه‌. ئێستاش كه‌پێیان ده‌ڵێی چیدی ده‌ست له‌م دزی‌و فزی‌و گه‌نده‌ڵی‌و خاك فرۆشتن‌و رێكه‌وتنی ژێر به‌ژێر‌و به‌تاڵانبردنی نه‌وت‌و داهاتی ئه‌م وڵاته‌ به‌م وڵات‌و به‌و كۆمپانیا راگرن‌و فریای قوت‌و بژێوی‌و موچه‌ی خه‌ڵك بكه‌ون، یه‌ك راست ده‌ماری ملیان گرژ ده‌بێ‌و پۆزی كوردایه‌تیت به‌سه‌را لێده‌ده‌ن. ئه‌زیزم كوردایه‌تی واته‌ توانه‌وه‌ بۆ خاك‌و خه‌ڵك، واته‌ خزمه‌تكاری میلله‌ت، واته‌ دابینكردنی ساده‌ترین مافه‌كانی ژیان له‌ئاوو كاره‌با‌و خزمه‌تگوزاریی‌و دابینكردنی موچه‌‌و ماف‌و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌دزین‌و تاڵانی پاره‌ی خه‌ڵك، كوردایه‌تی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌شاشه‌‌و باره‌گا‌و میدیاكانتانه‌وه‌ پۆزی پێوه‌ لێبده‌ن، به‌ڵام كوڕ‌و كچ‌و نه‌وه‌‌و كچه‌زا‌و كوڕه‌زاتان له‌ژیانی شاهانه‌ی وڵاتانا بن، كوردایه‌تی ئه‌وه‌ نییه‌ زستانان نه‌وت‌و سوته‌مه‌نی به‌خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆت نه‌ده‌یت، به‌ڵام به‌گرێبه‌ستی چه‌ندان ساڵا بیده‌یته‌ دوژمنی نه‌ته‌وه‌‌و میلله‌ته‌كه‌ت، خه‌ڵك نه‌وت نه‌بێ خۆی پێ گه‌رم بكاته‌وه‌، نان نه‌بێ بیخوا، كه‌چی پێیان بڵێن خۆڕاگرن بن كوردایه‌تی قوربانی ده‌وێ! كام كوردایه‌تی‌و كام قوربانی؟! ئه‌و كوردایه‌تییه‌ی تۆ خێرو بێره‌كه‌یت تاڵان كردووه‌ بۆخۆت‌و حزب‌و ئه‌ندام‌و كادیر‌و یاساوڵی به‌رده‌رگاكه‌ت‌و نه‌گبه‌تی‌و كوله‌مه‌رگی‌و ژیانی رسواییت به‌خشیوه‌ به‌چین‌و توێژه‌كانی خه‌ڵك؟! فه‌رمون وه‌ك ئێمه‌ بژین، وه‌ك خه‌ڵكی ره‌شو رووت بژین، باپێكه‌وه‌ قوربانی بده‌ین، نه‌ك جه‌نابتان هه‌ر له‌م مانگه‌دا دوو موچه‌ی ئه‌و ئیحتیلانه‌ وه‌ربگرن‌و كوردایه‌تیش به‌خه‌ڵك بفرۆشنه‌وه‌، له‌خۆتانه‌وه‌ ئێوه‌ هه‌مووتان بێجیاوازی فه‌رمون ده‌ستبكه‌ن به‌كوردایه‌تی‌و قوربانی كرداری بامیلله‌تیش قبوڵی بكات، وه‌زیره‌ بێده‌سه‌ڵات‌و سه‌ركزه‌كانتان له‌و عێراقی ئیحتیلاله‌ بكشێننه‌وه‌ گه‌ر بڕیاره‌ له‌خه‌می موچه‌‌و بژێوی هاوڵاتیانی كوردستان‌و كوردایه‌تیدان. كوردایه‌تی له‌ژن‌و مناڵ‌و نه‌وه‌كانتانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ن، كه‌وه‌ك ئه‌و مناڵ‌و ژنی ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌شمه‌ینه‌ت‌و هه‌ژاره‌ بژین‌و له‌سه‌فره‌‌و سیاحه‌ت‌و رفاهیه‌تی وڵاتان بگه‌ڕێنه‌وه‌‌و ده‌ستهه‌ڵگرن، چونكه‌ كوردایه‌تی كرداره‌ نه‌ك دروشمی بێناوه‌ڕۆك‌و ناڕاست.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand