Draw Media

كاك هەڤاڵ ئەبوبەكر سەفاو مەروا بە مێژووی سلێمانیەوە دەكات..!!

كاك هەڤاڵ ئەبوبەكر سەفاو مەروا بە مێژووی سلێمانیەوە دەكات..!!

2020-11-14 13:34:30


شوان محەمەد
كاك هەڤاڵ ئەبوبەكر، پێشنیاری كردووە كە 7ی ئازار رۆژی رزگاركردنی سلێمانی لە راپەڕینی ١٩٩١ بكات بە رۆژی دامەزراندنی سلێمانی، لەبری ١٤ی تشرینی دووەمی ١٧٨٤ كە رۆژی دامەزراندنی سلێمانی یە.
سەرەتا پێویستە ئەو راستیە زانستییە بووترێت كە دەستكاریكردنی مێژووی شارێك هەروا كارێكی ئاسان نییەو دەبێت لەلایەن خەڵكانی پسپۆری مێژووییەوە توێژینەوەی لەسەر بكرێت و دەبێت هەر هەنگاوێك لەو بوارەشدا بنرێت پشت ئەستوربێت بە دۆكۆمێنتی گەواهیدار كە هەڵگری بچووكترین گومان نەبێت، ئەو كارە نە ئیشی پارێزگارێكە كە ئیختساسی ئەوە نییە، نەكاری ئەنجومەنی پارێزگایە، هەروەك چۆن كاری رۆژنامەنووسێكی وەك منیش نییە.
كاك هەڤاڵ كە هەر تۆ دەتەوێت دەستكاری مێژووی ئەم شارە بكەیت، رۆژی مێژووی لەم شارەدا دژی داگیركەرانی دەرەوەو زاڵمانی ناوخۆ زۆرە، بۆ رۆژێكی مێژوویی وەك رێكەوتی ٦-٩-١٩٣٠ی راپەڕینێكی گەورەی بەردەركی سەرای سلێمانی ناكەیت، كە تیایدا خەڵك دژی هێزی داگیركەری ئینگلیزو حوكمی پاشای ئەو كاتی عێراق ئەنجامیان دا كە بۆ یەكەم جار وەكو داهێنانێكی نوێی خەباتێكی مەدەنی لەم شارەدا تۆمار كرا، كە ئەمەش لەڕووی زانستەیەوە هەر هەڵەیە.
ئەی تۆ پێشبینی ناكەیت سبەی خۆپیشاندانێكی ئاشتیانەی سەرتاسەری بەرپابێت و كۆتایی بە دەسەڵاتی سیاسی نا دادپەروەرانەی هەموو بنەماڵەكان لە سلێمانی و هەولێر بهێنێت، خۆ ئەگەر ئەم دەستكارییەی تۆ ڕەوا بێت، ئەوا پارێزگاری ئەو دەمەش رەوایەتی هەیە كە ئەم مێژووە بكات بە مێژووی شاری سلێمانی !.
كاكی برا سیمای شاری سلێمانی و هەموو هەرێمی كوردستان بەتەوای شێوێندراوە، سەرەكیترین شێواندنی سیمانی شاریش داگیركردنی گردو گردۆڵەكەكانە لەلایەن بنەماڵەو هەر سێ حیزبی دەسەڵاتداری كوردستانەوە، ئەو بەرزاییانە لەبری ئەوە بكرێت بە پارك و سەیرانگاو هۆلێ هونەری و ئەدەبی و سینەما، كەچی وەك (بالۆكە) بۆتە بارەگاو سوكنای عەسكەری بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەكان. جا تكات لێدەكەم ئیشی تۆ پارێزگاریكردنە لە ماڵ و موڵكی گشتی ئەگەر دەتوانیت ئەم گردانەمان بۆ وەبگریتەوە، یان بەلایەنی كەمەوە گردی حیزبەكەی خۆت، ئەگەر دەرۆستی گردەكانی تر نایەیت، ئینجا بیر لە شتی تر بكەرەوە، هەرچەندە ئیشی من و تۆ نییە سەفاو مەروا بە مێژووی شارەوە بكەین..!!
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand