Draw Media

رێگە ئاسانه‌كه‌ی به‌رده‌م هه‌رێمی کوردستان

رێگە ئاسانه‌كه‌ی به‌رده‌م هه‌رێمی کوردستان

2020-11-13 21:39:16


عارف قوربانی


ئه‌گه‌ر به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ كۆیبكه‌یته‌وه‌، پاره‌ی پاشه‌كه‌وتكراو و لێبڕینی مووچه‌ و ئه‌و مانگانه‌ی كه‌ نه‌دراون، ره‌نگه‌ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی كوردستان پاره‌ی دوو ساڵ مووچه‌ی لای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت. كه‌ له‌ راستیدا نه‌ خه‌ڵكی كوردستان شایسته‌ی ئه‌و سزایانه‌ بوون و نه‌ رێگەكانی به‌رده‌م حكومه‌تیش به‌و جۆره‌ كڵۆم درابوون كه‌ نه‌توانێت شتێك له‌و بارودۆخه‌ بگۆڕێت، به‌ڵام تازه‌ زه‌مه‌ن ناگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا پێیگه‌یشتووین وه‌ك ده‌رئه‌نجام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یبینین هه‌م خه‌ڵك و هه‌م حكومه‌ته‌كه‌شمان موفلیس بوون.

له‌ مێژوویی دوورو نزیكی گه‌ل و ده‌وڵه‌ته‌كانی دونیادا زۆر جار روویداوه‌ كه‌ قه‌یرانی دارایی رووی تێكردوون، به‌هۆیانه‌وه‌ له‌ هه‌ندێكیاندا حكومه‌ت رووخاوه‌، ئاڵوگۆڕیی سیاسی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، شۆڕش و راپه‌ڕین به‌رپابووه‌. زۆریشن ئه‌و میلله‌تانه‌ی توانیویانه‌ به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كاندا زاڵبن و قه‌یرانیان كردووه‌ به‌ ده‌رفه‌ت بۆ باشكردنی شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌تی دارایی وڵاته‌كانیان. به‌جۆرێك خۆیان گرتووەته‌وه‌ كه‌ چیتر قه‌یرانی دارایی چۆكیان پێدانه‌دات. ئێستاش به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر كه‌رتی ئابوریی، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌شی زۆری وڵاتان گیرۆده‌ی قه‌یرانی دارایی هاتوون، به‌ڵام زۆر كه‌م و ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌یان كه‌ هێشتبێتیان قه‌یرانی دارییه‌كه‌ به‌ قووڵیی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكه‌كه‌یان ره‌نگبداته‌وه‌. حكومه‌ته‌كان چوونه‌ته‌ژێرباری قه‌رزه‌وه‌ له‌پێناوی ئه‌وه‌ی كه‌ میلله‌ته‌كه‌یان قه‌رزار نه‌كه‌ون.

ئێستا هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌و كێشه‌ و گیروگرفتانه‌ی پێشتر هه‌یبوون به‌هۆی په‌سندكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق و بڕیاردان له‌سه‌ر مه‌حرومكردنی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان له‌و قه‌رزانه‌ی وه‌رده‌گیرێن و به‌دیوێكی دیکەشدا بڕینی ئه‌و به‌شه‌ كه‌مه‌ بودجه‌یه‌ی له‌ به‌غداوه‌ ده‌نێردرا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، هه‌رێمی کوردستان ده‌كه‌وێته‌ ناو گێژاوێكی دیکەی سیاسی و داراییه‌وه‌. ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ستكردن به‌ لێپرسراوێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌ و پێشهاته‌كانی نه‌كرێت ئه‌گه‌ری زۆره‌ زیانه‌كانی زۆر قورس بكه‌ونه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵك و ئاینده‌ی حوكمڕانییه‌كه‌ی.

ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌خێرایی به‌دوای ده‌روازه‌یه‌كدا بگه‌ڕێت بۆ خۆده‌ربازكردنی له‌و مه‌ترسییانه‌ی رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌. رێگه‌ی دروست و چاكسازیی هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانی داهات، له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و كه‌رتی نه‌وت، به‌ڵام ناتوانیت هیچ ئومێدێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بینابكه‌یت كه‌ ده‌توانرێت ده‌ست بۆ ئه‌م دوو كه‌رته‌ ببرێت كه‌ شاده‌ماری ئابوریی كوردستانن.

ئه‌زموونی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی قه‌یرانی دارایی و قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه ‌و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا، هه‌روه‌ها كێشه‌و ناكۆكی نێوخۆیی كوردستان و ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ هاووڵاتیان چه‌شتوویانه‌، هه‌مووی په‌یوه‌سته‌ به‌ گه‌نده‌ڵی كه‌رتی نه‌وت و ده‌روازه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم ئه‌م رێگە راست و دروسته‌ی چاكسازی له‌م دوو بواره‌، رێگەیه‌كی سه‌خت و دژواره‌ و داخراوه‌.

ده‌بێت كوردستان به‌دوای رێگەیه‌كی ئاسانتردا بگه‌ڕێت تاوەکو مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان له‌وه‌ زه‌لیلتر نه‌كرێن، كه‌ به‌داخه‌وه‌ قوتی ئه‌وان و ماڵ و منداڵیان به‌ بارمته‌گیراوه‌ له‌ كێشه ‌و ململانێ‌ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا. وه‌ك چۆن به‌غداش قوتی مووچه‌خۆرانی خۆی به‌بارمته‌ گرتبوو تاوەکو په‌رله‌مان ناچار بكرێت به‌ ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ كه‌ له‌لایه‌ك بۆ لێدان بوو له‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌لایه‌كی دیکەشەوە‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگەیه‌كی كراوه‌یه‌ بۆ سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ به‌غدا، ره‌نگه‌ ساڵانی دواتر زانیاریی له‌و باره‌یه‌وه‌ زۆر ببیستین. حكومه‌ت ئاماده‌ نه‌بوو مووچه‌ بدات، ده‌یگوت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاره‌مان نییه‌، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ په‌رله‌مان یاساكه‌ی په‌سندكرد، بڕیاریدا دوو مووچه‌ پێكه‌وه‌ بده‌ن. كه‌واتە نه‌ك هەر پاره‌یان هه‌بوو، ئه‌وه‌تا پاره‌ی دوو موچه‌ش پێكه‌وه‌ له‌ خه‌زێنه‌كانیان هه‌یه‌، به‌ڵام راگرتنه‌كه‌ی بۆ ئه‌و ئامانجانه‌بوون. دوای ئه‌و نائومێدییه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستانیش كه‌ بڕیاری دوو مووچه‌ پێكه‌وه‌ ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌ر بۆ زیاتر قووڵكردنه‌وه‌ی كێشه ‌و لێكه‌وته‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ی به‌غدایه‌ له‌سه‌ر كوردستان. بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌ت زۆر به‌جیددی به‌دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێت.

رێگە ئاسانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رێمی کوردستانیش ئه‌وه‌ بكات كه‌ به‌غدا كردی. پێویسته‌ كوردستانیش به‌په‌له‌ قه‌رزێكی زۆر بكات، لانی كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی تاوەکو ساڵێك دڵنیایی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه‌ مووچه‌ به‌ته‌واوی و له‌كاتی خۆیدا بدات. هه‌رێمی كوردستان هه‌ر رۆژێك بێت هه‌ر مه‌حكومه‌ به‌وه‌ی ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدادا رێكبكه‌وێت، ئه‌وكات پاكتاوی قه‌رزی هه‌ردوولا پێكه‌وه‌ ده‌كرێن. ئێستا به‌غدا قه‌رزه‌كانی کە له‌سه‌رین نزیكبووه‌ته‌وه‌ له‌ 120 ملیار دۆلار، قه‌یرانی دارایی به‌رده‌وام بێت ساڵێكی دیکە ده‌چێته‌ سه‌رووی 150 ملیاره‌وه‌. هه‌ر رۆژێكیش هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێت ده‌بێته‌ هاوبه‌ش له‌ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی سه‌ر عێراق. ئه‌وان كه‌ قه‌رز ده‌كه‌ن یه‌ك دیناری لێناده‌نه‌ هه‌رێم، به‌ڵام دواجار ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان باجی ئه‌وه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ به‌شداربن له‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق. بۆیه‌ ناكرێت ئێستا مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان بێمووچه‌ بكرێن به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی به‌غدا له‌و قه‌رزه‌ی كردوویه‌تی یان كه‌ ده‌یكات به‌شی هه‌رێمی لێنادات. ناكرێت تۆ چاوه‌ڕێبیت به‌غدا پاره‌ قه‌رز بكات و بیداته‌ تۆ. بەغدا بۆ كورتهێنانی سێ‌ مانگ قه‌رز وه‌رده‌گرێت. فه‌رموون ئێوه‌ش بچن به‌ گوێره‌ی پێویستی كورتهێنانی یه‌ك ساڵ پاره‌ قه‌رز بكه‌ن، له‌ كام وڵات و كام بانك و كۆمپانیا قه‌رز ده‌دات به‌ كوردستان بیهێنن، هه‌رێمی کوردستان قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستورییه‌ و دوارۆژ هه‌ر عێراق ناچار ده‌بێت له‌گه‌ڵ قه‌رزه‌كانی سه‌ر خۆی پاكتاوی قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی کوردستانیش بكات. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بتوانن مانگانه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان دابین بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی ئێوه‌ چاوه‌ڕێ بوون به‌غدا بیداته‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌ڵێنی پابه‌ندێتی ئه‌وه‌تان دابوو هه‌موو 30 رۆژجارێك مووچه‌ له‌كاتی خۆیدا بده‌ن، چاوه‌ڕێی مانگانه‌ی 320 ملیاری به‌غدا بوون، كه‌واتا ئێوه‌ ئه‌گه‌ر سێ ملیار دۆلار قه‌رز بكه‌ن، مانای وایه‌ تاوەکو یه‌ك ساڵی دیکە ده‌توانن له‌گه‌ڵ داهاتی نه‌وت و ناوخۆ و ده‌روازه‌كان مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

فه‌رموون سێ‌ ملیار دۆلار قه‌رزبكه‌ن و پێویست ناكات شه‌ڕی ناسنامه‌ و جوگرافیا و كه‌ركووك له‌ پاره‌دا كورت بكه‌نه‌وه‌. سه‌ربه‌رزانه‌ رووبه‌ڕووی به‌غدا ببنه‌وه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، له‌سه‌ر دیاریكردنی سنووری جوگرافیا و خاك، له‌سه‌ر زمانی كوردی و ناسنامه‌ی كوردستانیه‌تی له‌ شنگال تاوەکو به‌دره ‌و جه‌سان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand