چەکی کورد لە جیهانی گۆڕاودا .
2020-11-06 20:58:00
عومەر عەلی
سەرەڕای ئەوەی کە جیهان لە هەموو ئاستەکاندا بەرەو پێش دەڕوات و بەردەوام گۆڕانکاری گەورە بەسەر دیدو بۆچوونی و جیهانبینی و پلانی زۆربەی پارت و ناوەندەکانی توێژینەوەو حکومەت و ...هتد دێت .بەجیهانی بوونیش ئەمەی زیاتر لە یەکدی نزیک کردۆتەوە و ڕۆژانە ئێمە هەست بەو بەرەو پێش چوون و گۆڕانکاریانە دەکەین ،بەڵام ئەوەی جێیگەی سەرنجە کورد لە ئاستی حکومەت و پارتە حکومڕانەکان و زۆربەی کەسایەتیە سیاسیەکان و سەرکردەکان هەست ناکەیت کە لە ناو ئەم فەزا سیاسیە نوێیەجیهانیەدا بژین و هاو شێوەی کەڕەی شەربەتن ،چونکە سیاسەت لای ئەم نوخبە حوکمڕانە و بەشێکی زۆری دەرەوەی ئەوانیش هەر بەهەمان ئالیەتی سەدەی ڕابردوە ،بەتایبەتیش لەلای پارتە چەکدارە شۆڕش گێڕەکان هەروا دەزانن سەردەمی گیڤاراو ماوتسی تۆنگ و بەرەی کوردوستانیە .ئەم دیدە ناواقیعی و چەقبەستویی و نالۆژیکیە لە سیاسەتی کاری پارتە کوردیەکان دا دەبینرێت.هەیانە لە حکومەت دایە هەیانە لە دەرەوەی حکومەتدایە،لای ئەمانە ئاڕاستەکە بەرەو دواوەیە نەک پێشەوە .چونکە ئەمانە بێجگە لە ئەدەبیاتی شەڕو پێکدادان و خوێن رشتن شتێکی تر نازانن ،لەبەرئەوە لای ئەمانە هێز لە توندو تیژی دایە و شتێک نازانن بەناوی هێزی مەدەنی و دیموکراسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی هاوڵاتی ،
هەتا ئێستاش ئەمانە بەتایبەتیش یەکێتی و پارتی و پارتی کرێکاران بوونی خۆیان لە بونی چەک و توندوتیژی و میلیشیادا دەبیننەوە و هەر هەنگاوێک بەرەو دیموکراسی و مەدەنیەت بە تیاچوونی خۆیان دەزانن ،بەم هۆیەشەوە بەردەوام گوتاری خۆیان بەرانبەر یەکتر پڕە لە هەڕەشە و توندوتیژی و ترساندن و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەن دەست لەگەڵ دوژمنان تێکەڵ بکەن بۆ دژایەتی و لەناوبردنی یەکتر.
ئەم ڕووداوانە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گۆڕانیان بەسەردانایەت .بەهۆی بونی هێزی چەکداری تایبەتەوە گوتاری یەکێتی و پارتی لە قەیرانەکاندا هەمان گوتاری قرناخان و پشت ئاشان و دۆڵی جافەتی و شەڕی ناوخۆیە .بە هەمان شێوە پەکەکەش دۆخی هەڵوێست و گوتارەکانی دژ بە پارتی و هێزەکانی تر هەمان گوتاری کۆتایی نەوەدەکانە.
لێرەدا دەتوانیت وەڵامی ئەو پرسیارە ت دەست بکەوێت کە بۆچی هەرێمی کوردوستان بوە بە گەندەڵستان و بۆچی هێزە چەکدارەکانی کورد بەردەوام پەنجەیان لە سەر بەلەپیتکەی تفەنگە کانیانە بۆ کوشتنی یەکتر .
لەبەر ئەوەی پارتە چەکدارەکانی کورد نازانن لە چ زامەنێکدا دەژین ،بەو هۆکارەش ناتوانن بەرپرسیارێتی چەک لە ئێستادا بزانن.ئەگەر لە پێش ڕاپەڕیندا پاساوێک بۆ بونی پارتی شۆرشگێڕو چەکدار هەبوبێت بەڵام ئایە لە ئێستادا پاساو چیە؟
چەنکە لە ئێستادا هەرێمی کوردوستان حکوومەتی هەیە .کەواتە لە ناو حکومەتدا دەبێت هێزی چەکدار لە چوارچێوەی دامەزراوەی نیشتیمانیدا بێت و ئەرکی سەرەکیشی پاراستنی نیشتیمان و ئاسایش گشتی بێت نەک حیزب و بەرپرسەکانی.هەروەها پەکەکەش دەبوایە بیزانیایە کە ئێستا زەمەنی شۆڕشی پیشەسازی چوارەمە نەک شۆڕشی ڕۆشنبیری و کەوتنە ژێر کاریگەری بۆچونەکانی ستالین .
بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و مەترسیە ئەوەیە ئێمە ئاسۆیەک نابینین بۆ بەخۆداچونەوەو گۆڕانکاری .بەڵکو بەبەرچاوی هەمو گەلانی جیهان و وڵاتە زلھێزەکان و گەلانی ناوچەکە، لە ئێستادا دەبینین ئەو هێزانە خاوەنی گوتارێکی زۆر نالۆژیکی و نا نیشتمانین، زۆر ئاساییە بەلایانەوە کە خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژ ێت.بەمەش خزمەتی گەورە بە دوژمنان بکەن.