بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارە لە حكومەتدا یان گرێگرتەی پارتیە؟؟.
2020-11-05 21:23:44
ساڵح ژاژڵەیی
بزوتنەوەی گۆڕان لە هە ل و مەرجێكدا دروستبوو كە نەڕەزاییەكی ئێجگار زۆری جەماوەر هەبوو لە دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی . هەر لەبەر ئەوەبوو كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كرد لە 25/7/2009 بە هۆی ئەو پشتیوانیە زۆرەی جەماوەرەوە ، بوو بە خاوەنی 25 كورسی پەڕلەمان و حیزبی دووەمی هەرێمی كوردستان . بزوتنەوی گۆڕان بوو بە جێگەی گرینگی پێدانی هاوڵاتیانی هەرێم و وڵاتانی ناوچەكەو وڵاتانی دەرەوە . زوربەی سیاسەتمەدارانی ناوچەكەو جیهان، بزوتنەوەی گۆڕانیان بە جێگرەوەی پارتی و یەكێتیان دەزانی .
بەڵام لەبەر ئەوە لە بنەڕەتدا بزوتنەوەی گۆڕان بە پێی بەرنامەیەكی نەخشە داڕێژراو دانەمەزراو زیاتر كاردانەوە بوو ، نەیتوانی ئەو جەماوەرە زۆرەی پشتیوانییان لێكرد ، باش ڕێكیان بخات و ئامادەیان بكات بۆ گۆڕانكاری ، بۆیە كە بۆ یەكەم جار بەشداری حكومەتی كرد تا ئێستا لە پاشەكشەی بەردەوامدایەو ئەوەی ماوەتەوە بۆ بزواتنەوەی گۆڕان هەر ناوەكەیەتی و تازە بوو بە ڕابوردو و هیچ ئایندەیەكی نەماوە لە گۆڕەپانی سیاسیدا .
جییی خۆیەتی پرسیار بكەین بزوتنەوەی گۆڕان لە كوێوە دەستی پێكر دو بۆكوێ ڕویشت ؟. یان چی چاندو چی دروەوە ؟. بزوتنەوەی گۆڕان جێگەی هیواو موتمانەی خەڵك بوو ، بەڵام دواجار پشتی كردە جەماوەر . بزوتنەوەی گۆڕان دژی بە بنەماڵەكردنی حیزب بوو ، بەڵام دواجار خۆشی بوو بە حیزبی بنەماڵە .
بزوتنەوەی گۆڕان داوای عەدالەتی كۆمەڵایەتی دەكرد ، بەڵام خۆشی نەیتوانی عەدالەت لە ناو خۆیدا جێ بەجێ بكات و هەموان بەیەك چاو سەیر بكات . بزوتنەوەی گۆڕان داوای موچەی دەكرد بۆ كابانی ماڵ. بەڵام ئیستا نوێنەرەكانی لە حكومەت و پەڕلەمان ئێمزا لەسەر بڕێنی موچەی خەڵك دەكەن . بزوتنەوەی گۆڕان دژی تەكەتل و كیتلەو كیلە بازی بوو . بەڵام ئێستا ئەمە بۆتە نەریتی خۆی .
بزوتنەوی گۆڕان دروشمی چاكسازی بەرز دەكردەوە . بەڵام ئێستا پشتیوانی لە گەندەڵی دەكات . . بزوتنەوەی گۆڕان دروشمی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی بەرزدەكردەوە ، بەڵام ئێستا بۆتە كرێگرتەی پارتی . بزوتنەوەی گۆڕان بە حساب حیزبێكی ئۆپۆزسیۆن بوو . پشتیوانی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەكرد . بەڵام لە ئێستادا نە ئۆپۆزسیۆنەو نە پشتیوانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنیشە و گەورەترین زیانی بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن گەیاند. بزوتنەوەی گۆڕان لەئێستادا دژی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە . ئێستا كاتی ئەوەیە بپرسین ئایا بزوتنەوەی گۆڕان ، شەریكی دەسەڵاتە ، بەشداری دەسەڵاتە یان كرێگرتەی پارتییە ؟؟. بەپێی بۆچونی خۆم بزوتنەوەی گۆڕان نە شەریكی دەسەڵاتە و نە بەەشداری دەسەڵاتە ، بەڵكو كرێگرتەی پارتیەو پارتیش چۆنی بوێت ئاوا مامەلەیان لە گەڵ دەكان بەم دەلیلانەی خوارەوە :
یەكەم : كاتێك بزوتنەوەی گۆڕان بریاری بەشداریكردنیان لە حكومەت دا شانازیان بە ئەوەوە دەكرد گوایە بە 12 كورسی پەڕلەمان بەقەدەر 24 كورسی پەڕلەمان پۆستیان وەرگرتوە . هەر لێرەوە دەردەكەوێت كە بزوتنەوەی گۆڕان تەنها بۆ مەبەستی وەر گرتنی پۆست بەشداری حكومەتی كردوە . ئەوەش لە ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەوانەی بڕیاری بەشداری كردنیان لە حكومەتدا، تەنها لەبەر بەرژەوەندی خۆیان بوو . ئەو پۆستانەشی كە بڕیارە وەریان گرن بۆ ئەوەیە ناڕەزایەتی كادیرەكان كەم بكەنەوە و هیچیتر .
دووەم: كاتێك بڕیاری چونە ناو حكومەتیان دا وایان بڵاو كردەوە كە بە مەبەستی چاكسازی بەشداری حكومەتیان كردوە و بە مەرجێكیش لەگەڵ پارتی ڕێككەوتون ئەگەر تا 6 مانگ هیچ چاكسازی نەكرا ، هەڵوێستیان دەبێت تا ئاستی كشانەوە لە حكومەت . ئەوە نزیكەی ساڵ و نیوێكە ئەم كابینە دروست بوە و نەك هیچ چاكسازیەك نەكراوە ، بەڵكو تەنهاو تەنها موچەی موچەخۆران كەم كراوەتەوەو مانگانەش دوا دەخرێت و لە كاتی خۆیدا نادرێت . ئاستی گەندەڵی و تاڵانیش لە زیاد بوندایە .
سێیەم : بزوتنەوەی گۆڕان لە پەڕلەمان لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و كەمایەتیەكان ، موتمانەیان بە حكومەت دایەوەو ڕەزامەندیش بون لە سەر ئەوەی موچەی فەرمان بەران كەم بكەنەوە . ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی چاكسازی و بەرگری لە مافی هاولاِتیان بەشداری حكوەتیان كردوە ، دەبوو لەگەڵ فراكسۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئیمزایان لەسەر لێ سەندنەوەی موتمانە لە حكومەت بكردایە .
چوارەم : لە كاتێكدا بە دوو مانگ موچە بە لێبڕینەوە دەدرێت ، بەڵام بە ئاشكرا داهاتی گومرگەكان تاڵان دەكرێت . ئەوەتا ئاشكرا بوە لە مەرزی پەروێزخان بایی دەیان ملیۆن دۆلار هەر وەسڵ تەزویر كراوە . ناوی تۆمەتبارەكانیش بڵاو كراوەتەوە . بەڵام لەبەر ئەوەی بەرپرسی گەورەی تێدایە دڵنیام دیزە بە دەرخۆنە دەكرێت : لە كاتێكدا وەزیری دارایی گۆڕانە ، بۆچی هەڵویستیان نییە داوای دادگایی كردنی ئەوتۆمەتبارانە ناكەن ؟. گەورەترین دزی و تاڵانی و گەندەڵی لە كەرتی نەوتدا هەیە ، ئەی كوا هەڵویستی بزوتنەوەی گۆڕان ؟. ئەگەر قسەیان هیچ بڕناكات ، ئەی بۆچی لە حكومەت ناكشێنەوە ؟.
پێنجەم : دوا موچە كە دراوە 640 ملیاری عێراق هاتوە بۆ كوردستان . واتە كەمێك پارەی دەوێت بۆ تەواوكردنی موچە . ئەی بۆچی ناپرسن داهاتی ئەو دوو مانگەی هەرێمی كوردستان چی لێهاتوە، یان هەر نەبوە ؟ئەوە بۆ مانگی سێەم دەڕوات كەس نازانێت داهاتی هەرێم چەند بوەو چی لێكراوە؟؟.
شەشەم : هەر لە ئێستاوە باسی ئەوە دەكرێت كە بەم نزیكانە موچە نادرێت چونكە بۆری نەوتی هەرێم تەقێنراوەتەوەو بڕی 250 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی هەرێم گەیشتوە . هاولاِتیانی ئازیز سەیری ئەم سیناریۆیە بكەن چۆن ڕێكیان خستوەو دەیانەوێت بەم بەهانە بێ مانایە موچەی خەڵك نەدەن و دوای بخەن:
پێشتر كە باسی داهاتی نەوتیان دەكرد بە شێوەیەك حسابیان بۆ دەكردین كە لە كۆی داهاتی یەك مانگی نەوت ئەگەر 500 ملیۆن دۆلار بوایە ، دەیان گوت پشكی هەرێم تەنها 200 ملیۆن دۆلار بوە . ئەوی تر دراوە بە حەقی بۆری و قەرزی كۆمپانیاكان . بەڵام ئێستا كە بۆ ماوەی تەنها 3 ڕۆژە بۆری نەوتی هەرێم تەقێنراوەتەوە جەنابی جوتیار عادل وتە بێژی حكومەتە دزەكەی هەرێم بی ئەوەی هیچی پی عەیب بێـت و شەرم بكات دەڵێت : بڕی 250 ملیۆن دۆلار زیان بە داهاتی هەرێم گەیشتوە .
ئەگەر بە 3 ڕۆژ بڕی 250 ملیۆن دۆلار زیان بە هەرێم گەیشتبێ ، دەبێ داهاتی هەرێم مانگانە 2500 ملیۆن دۆلار بوبێت . واتە دوو ملیار و نیو دۆلار . پرسیار ئەوەیە ئەو پارەیە چی لێهاتوە ؟؟. باشە وتمان درۆكردن هەر هەیەو هەبوە ، بەڵام درۆی ئاوا گەورەو شاخدار وێنەی كەمە و لە كۆێدا جێی دەكەنەوە . جاری ئەمە بە هانەو پاساوێكە بۆ دواخستن و پێنەدانی موچە ، لە لایەكی تریشەوە دەڵێن : موچە دوا دەكەوێت چونكە بەغدا پارەی نەناردوە .
بەڕێزان هەرێمی كوردستان هیچ حەقێكی لەسەر بەغدا نییە و بەغدا مولزەم نییە بە پێدانی هیچ بڕەپارەیەك بە هەرێمی كوردستان ، چونكە هەرێمی كوردستان پیشتر ئیعلانی سەربەخۆیی دارایی خۆی كردوە . نە هیچ بڕە نەوتێك و نە هیچ بڕە پارەیەكیشی بە بەغدا نەداوە . بەڵام ئێستا كەمانگانە بەغدا بڕی 320 ملیار دینار دەنێرن كۆمەڵێك فاكتەری ناو خۆیی و دەرەكی لە پشت پێدانی ئەو بڕە پارەیەوە هەیە . بەڵام بەغدا كەی ویستی هیچ پارە نادات و كەسیش ناتوانێت قسەیەك بكات و بەغدا تۆمەتبار بكات . ئەی ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێـت و بۆری نەوتیش تەقێنرابێتەوەو بە درۆی خۆیان بێت مانگانە بڕی 2500 ملیۆن دۆلار زیان بكەن ، ئەی موچە خۆران دەبی چی بكەن ؟؟. ئایا یەكێتی و پارتی پارە دزراوەكان دەهێننەوە ؟؟.
كەواتە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بۆ مەبەستی چاكسازی بەشداری حكومەتی كردبێت و وەكو خۆشیان لە سەرەتاوە فەرمویانە ئەگەر چاكسازی نەكرێت هەڵوێستمان دەبێت تا ئاستی كشانەوە لە حكومەت ، باشە قەیران لەمەی ئێستا گەورەتر هەیە ، باشە تاڵانی نەوت و داهاتی گومرگەكان و ناوخۆ ، هەر بەردەوام نییە ؟. ئەی كەی بزوتنەوەی گۆڕان ڕقیان هەڵدەستێ و لە حكومەت دەكشێنەوە؟؟. هیچ گومانێك نییە كە ئەمانە لە حكومەت ناكشێنەوە . هەر لەسەرەتاشەوە لەبەر خاتری ئەو پاروە چەورەی ئێستا لەبەر دەمیانە بەشداری حكومەتیانكردوە و هەرگیز ئامادەنین دەست بەرداری ئەو پاروە چەورە ببن كە زۆر دەمێكە هەوڵی ئەوەیانە پێی بگەن .
كەواتە : كورت و كرمانجی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا لەلایەن پارتییەوە بەكرێ گیراوە . واتە كرێ گرتەیە . سەیركەن چۆن پۆستی بەناو گەورەو بە ناوەرۆك بۆشیان پی َدەدەن ئەویش بە گرێبەست و تەنها بۆ ڕازیكردنیان و بەڕێكردنی ڕۆژگار . ئەیباشە بۆچی بە یەك جار پارتی ئەو پۆستانە بە گۆڕان نادات كە لەسەری ڕێك كەوتون و وەكو چۆن دەرزی بە جورعە لێدەدرێـت ، بە هەمان شێوەش پۆستەكان بە گۆڕان دەدەن ؟؟. پارتی بزوتنەوەی گۆڕانی بەكری گرتوە بە مەبەستی پشتیوانی كردنیان لەم قەیرانەدا . بۆیە پارتی چی بوێت ، گۆڕان ئەوە دەكات . ئەگەر گۆڕان لە قسەی پارتی دەرچێت ، بە یەك سەعات شڕو شیتاڵیان پی َدەپێچنەوەو ئەم دیو دیگەڵەیان دەكەن . خاوەن ماڵ كەی لە كرێچی ڕازی نەبوو ، بۆی هەیە دەری بكات .
پەیامێك بۆ هەموو گۆڕان خوازانی ئازیز:
لە بیرتانە كە پارتی هێزی بردە زینوی وەرتی بۆ بندەستی پەكەكە . ئەوە بە بەرنامە بوەو لە خۆوە نەبوەو بۆئەم ڕۆژەی ئێستابوە . لە ماوەی پێشوشدا بەرپرسی ئاسایشی سەریزێری شەهید كراو خستیانە ملی پەكەكەوە . ئەوەش بە بەر نامە بوەو هەر خۆشیان ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە بۆئەوەی بیكەنە بەهانە بۆ دەست پێكردنی شەڕ لەگەڵ پەكەكە . چەند ڕۆژێكیش لەمەو بەر زۆر بەگەرمی و حەماسەوە بڵاویان كردەوە كە 3 كردەوەی تیرۆریستییان پوچەڵ كردۆتەوە ، كە ویستویانە پارێزگارێك و بەرپرسێكی تر و قونسوڵێك تیرۆر بكەن . گوایە ئەوانەیان گرتوەو هەمویان تیرۆریستن و سەر بە پەكەكەن .
هەر دوای دەركردنی ئەو بەیانە لە لایەن پارتیەوە یەكێتیش بەیانێكی دەركرد و دەڵێت: لە كۆی 5 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش 3 ئەندامیان یەكێتین . باشە چۆن كردەوەیەكی تیرۆریستی ئاوا گەورە لە ئارادابێت و یەكێتی نەزانێت . ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە ئەوەی پارتی دەیڵێت ، سەرتاپای درۆیە . لە ڕاستیشدا هەر لە بنەڕەتەوە ئەمە درۆیەو سیناریۆیە و ڕێكخراوەو ئەمانە زەمینە خۆشكەرن بۆ دەست پێكردنی شەڕ لەگەڵ پەكەكە . بۆ پارتی زۆر ئاسانە هەرچی داوای مافی خۆیی و ئازادی و موچە بكات ، بیگرێت وبیخاتە زیندانەوەو بەوە تۆمەتباریان بكەن كەئەندامی پەكەكەن .
شەڕكردن لەگەڵ پەكەكە دوو هۆكاری گرینگی لە پشتەوەیە . یەكەم : بۆ ئەوەی نەبونی موچە لە بیر خەڵك بەرنەوەو مێشكی خەڵك بەشەڕەكەوە مەشغوڵ بكەن و ئەگەر كەسێك قسەی كرد ، پێی بڵێن : ئێستا كەی وەختی ئەوەیە باسی موچە بكەن و ئێو ە دەزانن ئێمە لەشەڕداین . دووەم : داواكاری و ئەجیندای تورك جێ بەجێ دەكەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان . ئەگەر بەقسەی تورك نەكەن ، هەرچی پارەو بەرژوەوندی لە توركیا هەیانە لە لایەن توكیاوە دەستی بەسەردا دەگیرێت .
كاتی خۆشی بنەماڵەی بارزانی پارەیەكی زۆریان لە توركیا دانابوو . كاتێك پارتی و توركیا پەیوەندیەكانیان تێك چوو ، توركیا دەستی بەسەردا گرت ، پارتی هەر نەوێرا باسیشی بكات بۆ ئەوەی دزیەكانیان ئاشكرانەبێت . هەر وەها نزیكی یك ملیار دۆلاریشیان لەبانكێكی لوبنانی دانابوو ،حیزبوڵڵای لوبنانی دەستی بەسەر دا گرت و ئەویش خورا . ئێستا پارتی پارەو بەرژەوەندی زۆری لە توركیایە ، بۆیە ئەگەر شەڕی پەكەكە نەكات دەستی بەسەردا دەگرن . لەبەر ئەوە بەنەماڵەی بارزانی بە وەكالەتی توركیا شەڕی پەكەكە دەكەن .
ئەگەر پارتی شەڕی پەكەكەی دەست پێ بكات و بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستی نەبوو لەحكومەت نەكشایەوە ئەوا بزوتنەوەی گۆڕانیش ڕاستەو خۆ دەبێتە شەرێكی ئەوخیانەتە چونكە بەشدارە لە حكومەتدا . هێوادارم شەڕ ڕونەدات و خوێن لە لوتی كەس نەیەت . بەڵام ئەگەر شەڕەكە كراو بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت نەكشایەوە ، باشترین بژاردە بۆ هەڵسوڕاوە دڵسۆزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە واز لە بزوتنەوەی گۆڕان بهێنن .
بەوكارەیان سەروەرییەكی مێژویی گەورە بۆخۆیان تۆمار دەكەن . هیوادارم هەموو حیزب و لایەنەكانی تریش هەڵوێستیان هەبێت ، ئەگەر پارتی شەڕی پەكەكەی كرد . دەبێ هەموو لایەك وریابن و ئەم جارەش نەكەونە داوی پارتیەوە ، چۆن كڵاوی كردە سەری چەند لایەنێك و بەشداری پێكردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەو كارەساتەی بەسەر كوردا هێنا .