بارگرژی نێوان پەكەكەو پارتی خەتای یەكێتیو گۆڕانە !
2020-11-05 13:02:54
شوان محەمەد
ئەگەر هۆكارێكی بارگرژی نێوان پەكەكەو پارتی ئەو پەیوەندییە ناجۆرو ناڕۆشنە سەربازیو ئەمنیو ئابوریەی نێوان توركیاو پارتی بێت، ئەوا لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم، هۆكارێكی تری یەكێتیو گۆڕانە!
لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت لەلایەن مەسرور بارزانی، پۆستی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانیو لاهوری شیخ جەنگیەوە، سروشتی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا گۆڕانكاری بنەڕەتی بەسەردا هاتووە، سەردەمی پێش ئەم قۆناغە كە هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیو جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفاوە بەڕێوە دەبرا، سەرباری هەموو تێبینییەكان، ئەم كەسایەتیانە پێش ئەوەی هەر شتێكی تربن، كەسایەتی سیاسی بوون، بەڵام ئێستا لەم قۆناغە نوێیەدا دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەلایەن كەسانی (ئەمنی)یەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەم فیگەرانەی ئێستا جگە لە بێ ئەزموونی سیاسیان، هاوكات تێڕوانینێكی ئەمنیشیان بۆ سەرجەم كایەكانی سیاسەتو كۆمەڵگا هەیە.
ئەم دەسەڵات ئەمنییە لەناوچەكانی دهۆكو هەولێر بەتەواوی خۆی بەسەر كەشی سیاسیو حوكمیو حزبی ئەو ناوچانەدا سەپاندووە، بەڵام لە ناوچەكانی سلێمانی تا ئێستا بەهۆی ناكۆكی نێو خۆی بنەماڵەی تاڵەبانیو، نێوخۆی یەكێتیو، ئەو حزبە لەگەڵ لایەنەكانی ترو كۆمەڵگادا، نەیانتوانیووە بەتەواوی خۆی بسەپێنت، بۆیە تا ئێستا هەستدەكرێت كە جیاوازیەك لەنێوان هەردوو ناوچەكەدا (هەولێر- دهۆك، سلێمانی)دا بەدیدەكرێت.
ئەگەر لەم روانگەیەوە بڕوانینە ئەم پەرەسەندنو بارگرژیەی نێوان پارتیو پەكەكە، دەگەینە ئەو راستەیەی چەند ئەم بارگرژییە خەتاكەی بگەڕێتەوە بۆ فشاری توركیاو پەیوەندیە نهێنیو هەمەلایەنەكانی نێوان پارتیو ئەو وڵاتە كە هەمیشە هەوڵدەدات ماڵی سیاسی كوردی تێكبداتو، هەر ئەویش هۆكارە بۆ راوەستانی گفتوگۆكانی نێوان (ئەنەكەسە)و (پەیەدە) لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام دیوەكەی تری خەتاكە بۆ ناوخۆی هەرێم دەگەڕێتەوە، لەم سۆنگەیەشەوە ناكرێت سەرشانی بەرپرسانی یەكێتیو گۆڕان لە حوكمەتو سەرۆكایەتی هەرێمو پەرلەمان لە بەرپەرسیارێتی گەورە لە گەیشتن بەم ئاستەی ئێستای بارگرژی نێوان پارتیو پەكەكە، نادیدە بگرین.
ماوەی ساڵ زیاترە هێزە ئەمنییەكانی هەردوو پارێزگای دهۆكو هەولێر چالاكوانو سیاسیو رۆژنامەنووسی نزیك پەكەكەو حزبەكانی ترو سەربەخۆ دەستگیر دەكەن، رۆژێك لە رۆژان ئەم بابەتە نە لە ئەنجومەنی وەزیرانو نە لە پەرلەمانو نە لە سەرۆكایەتی هەرێم، نابێتە بابەتێكی گفتوگۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم، وێنەكە وا دەردەكەوێت كە پرسی دەستگیركردنی چالاكوانانو رۆژنامەنووسان پرسێكە هەر سێ لایەنی نێو حوكمەت بەشداربن تیایداو لەسەری رێككەوتبن، ئەگەر بەو شێوەیەش نییە بۆ رۆژێك بەدرێژای ئەو ساڵەی تەمەنی ئەم كابینەیە ئەم پرسە نەبۆتە جێگای مشتومڕ، بۆ كەس بە نهێنیو بە ئاشكرا بە سەرۆكی حوكمەت مەسرور بارزانی ناڵێت: تاكەی ئەم دەستگیركردنو ئازاردانە بەردەوام دەبێت، ئەم شێوازە لە حوكمڕانی بە كوێمان دەگەیەنێت؟.
چاوپۆشینو بەشداری نەكردنی یەكێتیو گۆڕان لە بڕیارە سیاسیو ئەمنییو سەربازییەكانی هەرێم، ئەم رۆژەی هێناوەتە ئاراوە، ئێستا دوای ساڵێك لەتەمەنی ئەم كابینە نوێیە، وێنەكە بەو شێوەیەیە: هەرچی گۆڕانە بەس خەمی پۆستیەتیو، هەرچی یەكێتیشە بە پلەی یەكەم لە خەمی ئەوەدایە كە پارتی خۆی لەقەرەی ناوچەكانی سلێمانی نەدەداتو خۆی (كل فی كل) بێت لە دەسەڵاتو لە ئابوری لەو ناوچانەدا. خۆزیا ئەم دەسەڵاتەشیان باش بەڕێوەببردایەو ببوایەتە نموونەیەك بۆ ناوچەكانی هەولێرو دهۆك لە سەروەری یاساو كەمكردنەوەی گەندەڵی، هەفتە نییە خودی پەرلەمانتارەكانی گۆڕانو یەكێتی باس لە گەندەڵی دەروازە سنوریەكانو داگیركردنی موڵكی گشتی لە ناوچەكانی سلێمانی نەكەن.
پێدەچێت ئەم سێ لایەنە رێككەوتبن، سەركوتكردنی ئازادی لەناوچەكانی دهۆكو هەولێر بۆ پارتیو، پۆست وەرگرتن بۆ گۆڕانو، (كل فی كل)یش لە دەسەڵاتی ئەمنیو ئابوریو دارایی ئەم ناوچەی سلێمانی بۆ یەكێتی وەك حیزب، نە بۆ حكومەتی هەرێم، تەنانەت نە بۆ حكومەتی خۆجێی سلێمانیش.
لەم پەرەسەندنو رووداوانەشدا، هەڵوێستەكانی پارتی كرێكارانی كوردستانیش بێ خەوشو كەموكوڕی نین، پێش ئەوەی هەر قسەیەك لەسەر ئەم هێزە بكرێت، نابێت پەكەكە بە پەرچەكردار مامەڵە بكاتو، بچێت بۆری نەوتی كوردستان لەناو خاكی باكوری كوردستاندا بتەقێنێتەوە، ئەو بۆریە چەند پارتیو توركیا سوودمەندن بن لێیو گەندەڵی تێدا بكەن كە كارێكی قێزەونو مەحكومكراوە، بەڵام بەشێكی داهاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە. ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیش هەر هێزێك بۆری نەوت بتەقێنێتەوە، زەرەو زیان بە ناو ناوبانگی خۆی دەگەیەنێت.
پارتی كرێكارانی كوردستان كە هەمیشە خۆی وەك هێزێك پیشان دەدات كە تێڕوانێكی نەتەوەیی بۆ هەر چوار پارچەكەی كوردستان هەیە، دەبێت هەڵوێستو كارو كردەوەشی لەوە گەورەتربێت كە بە پەرچەكردار كار بكاتو بۆری نەوت بتەقێنێتەوە.
تابلۆكە لە ئێستادا بەم شێوەیەیە، كوردستان لەژێر دەسەڵاتو هەژموونی هێزێكی سەركوتكاری وەك پارتیو، نا بەرپرسی وەك یەكێتیو گۆڕانو، حساب نەكردن بۆ كەسی وەك پەكەكەدایە، بۆیە دەبێت روو بكەینە ئاسمانو دوعا بۆ خەڵكی كوردستان بكەین تووشی چی بووەو، لە چ دۆخێكدا دەژی؟!.