ناوھێنانی حکومەتی ھەرێم لەلایەن پارتیەوە بۆ ئامانجی سیاسی و تایبەتی!
2020-11-04 20:39:33
کاروان عەلی شامار
حکومەتی ھەرێم تەمەنی نزیک دەبێتەوە لە سێ دەیە و ھەشت کابینەی بەڕێکردووە، وەلێ ھیچ کابینەیەکی حکومەت بارتەقای ئەم کابینەیە ھەژمونی پارتی بەسەرەوە نەبووە!کابینەی نۆ لە سێ حیزبی سەرەکی پێک دێت کە ئەوانیش، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی و بزوتنەوەی گۆرانە.
ئەم کابینەیە سیمایەکی تەواو پۆلیسی پێوە دیارەو سەرباری ئەوەش تەواوی سێکتەرە گرنگەکانی لەلایەن پارتی دیموکراتەوە قۆرخ کراون، باشتر بڵێین پێکھاتەی سەرەکی حکومەتەکە لەیەک حیزب پێک دێ نەک سێ حیزب! ھەر ئەو حیزبەش حاکمی موتلەقە لە دەرکردنی بریارە ستراتیجیەکان و بەرێوەبردنی حکومەتەکەدا، دەنا حزبەکانی تر زیاتر لە میوان دەچن و ھیچ قورسایی و بەشدارییەکی حەقیقییان نییە!
خەڵکی کوردستان تارادەیەکی زۆر بێ ئومێدبوون لە بزوتنەوەی گۆران، تەنانەت زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی، رێککەوتن و پێکھێنانی بەرەیەکی ھاوبەش لەنێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆرانداو لە ئایندەیەکی نزیکدا بەدوور نازانن، ئاماژەکانی دروست کردنی ئەو بەرە ھاوبەشە ھەنوکە تارادەیەکی زۆر دەرکەوتووە! ئەوەی ماوەتەوە لە گۆرەپانی سیاسی ھەرێمدا، یەکێتی نێشتیمانی کوردستانە کە خەڵک تارادەیەک ئومێدی لەسەر ھەڵچنیوەو تاکە حیزبە کە بتوانێ سنورێک بۆ دەستدرێژی و تاکرەوییەکانی پارتی دابنێ لێ ئەو حیزبەش دابەشی دوو ئاراستەی جیاواز بۆتەوە! بەرەیەک بەتەواوی دژی ھەژمونی پارتین و ھەموو ھەولێکیان گەرانەوەی پارسەنگی ھێزەو بەرەیەکی تریش بێدەنگنیان ھەڵبژاردوەو کە ئەم بەرەیە کەمینەن و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانیانداو ھیچ ھەڵوێستێکی جدییان نییەو نابێ، لەھەمبەر جوڵە و ھەوڵە نێرجسیەکانی پارتی و مالباتی بارزانیدا!
ئەگەر فیدباک و خوێندنەوەیەکی بابەتی بۆ حکومەتی ھەرێم بکەین، ئەوا دەبینین تەواو کراوە بە ئامرازێک بۆ خزمەتی پارتی و مالباتی بارزانی بەجۆرێک لەھەمبەر ھەر گرفت و تەنگەژەیەک کە رووبەروی سادەترین بەرژەوەندییەکانی پارتی و ماڵبات بوبێتەوە بە بەیاننامەیەکی توند بەناوی حکومەتی ھەرێمەوە وەڵام دراوەتە، (بەیاننامەکانی دژ بە پەکەکەو دوای ریفراندۆم وەک نمونەیەکی سادە)! ئەگەرچی یەکێتیی لەھەفتەی پێشوو لەبەرامبەر راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا وەڵامێکی بابەتی دانەوەو تارادەیەک پاشەکشەی بە چەن ئاکتێکی پارتی کرد، یەقینم گەر ئەو رێگریی و بەیاننامە نەبایە دور نەبوو پارتی کردەیی خراپی لەھەگبەدابایە!
خولاسە، ئەگەر پارتی لەسەر ئەم میتۆدەی بەردەوام بێ ئەوا ھیچ ماھیەتێک بۆ بوونی بەشداری حیزبەکانی تر لە حکومەتی ھەرێمدا نامێنێتەوەو لەداھاتووش کابینەکەی مەسرور بارزانی دەرگیر بە دەیان گرفت و ئاڵنگاری ترو جۆراوجۆر دەبێتەوە!
لەدەرەنجامدا ھەر حزبێکی بەشدار لە حکومەتدا رۆژێک زوتر بەشدارییەکانی لەحکومەتدا ھەلپەسێرێ یاخود پاشەکشە بکا ئەوا ئایندەیەکی گەش و پرشنگدار بۆ خۆی و جەماوەرەکەی تۆمار دەکا.