رووداوەکانی هەولێر چیمان پێ دەڵێن؟
2020-11-03 09:33:32
سەهین موفتی
لە چەند رۆژی رابرد، چەند رووداوێکی نەخوازراو دەنێو هەولێری پایتەخت، دڵی هاوڵاتیان و هاونیشتیمانییانی هێشاند..! چوونکێ هەولێرمان وەها ناسراوە، شارێکی ئارام و ئامێزکراوەیە لەبۆ خەڵکی دەرەوەی هەولێرو وڵاتانی دیکەیش، هەر لەوەتەی ئەم شارە هەیە، پەناگەو داڵدەدەری میوان و دۆست و یارو نەیاریش بووە...!
ئەم رووداوگەلەی ماوەیەکە تێیدا روو دەدات، بە ئاشکرا پێمان دەڵێت، هێزەکانی پۆلیس( سەرەڕای قوربانیدان و شەهید بوون و برینداربوونیشیان)، چ ناتوانن، چی ئەو هێزە پێویستەیان نییە، رووبەڕووی ئەم مافیاگەرێتی و عەنتەریاتە ببنەوەو پێویستە هێزە ئەمنییەکانی دی، بێنە فریایان، بەتایبەتی ( ئاسایش، هەواڵگری گشتی)، ش خۆ ئەگەر پێویست بکات، هەقە دژە تیرۆریش بەشدار بێت.
رۆشنبیران و خودان هزرو بیرکردنەوە پێشکەوتنخوازەکان، نێزیک دوو دەیەیە، هاوار دەکەن تکایە (چەک) داماڵدرێت، تکایە سنوور بۆ مافیاگەرێتی و راوو رووتی دابندرێت، ئەگەرچی لە دەستپێکی کابینەی نۆی حکومەت، بەشێکی بەرچاو لەم مافیاو جەردەو چەتانە راپێچی ژوورەکانی هەواڵگری گشتی و ئاسایش کران، لێ وا پێدەچێت، ئەگەر هێزە ئەمنییەکان تۆختر نەبنەوەو قوڵتر بەرەنگارییان نەبنەوە، ئەوا رووداوگەلی وەها لەوەیە دووبارە ببێتەوە.
با، راگەیاندن و دەزگای مێدیاییش لەبیر نەچێت، لەبری هۆشیارکردنەوەی رای گشتی و دینینەوەی رێی راست، خەریکە دەبن بە رێپێدراوی مافیاو چەتەگەرایی، ئاخر لە چی و کام وڵات رێگە بە چەتە دەدرێت لەسەر شاشە حکومەت بە فاشیل وەسف کات و پاشانیش بیکەن بە سەردێڕو هەواڵێکی سەرنجڕاکێش؟
ئێستێ، هەولێر بەتەنها هەولێریی و خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان و عێڕاقی تێدا نییە، بە سەدان هاوڵاتی بیانی وڵاتانی جیاوازی تێدا دەژییەت، لەبۆیێ هێزە ئەمنییەکان پێویستە بە چڕی سنوور بۆ چەتەگەری و جەردەیی، بە تایبەت هەڵگرانی چەک...! دا بنێن.