Draw Media

ئامانجی پەكەكە لاوازكردنی كەرتی ئابووری هەرێم نیە

ئامانجی پەكەكە لاوازكردنی كەرتی ئابووری هەرێم نیە

2020-11-01 19:46:20


عەبدولڕەحمان رەزگەیی
لە ساڵی 1973 عێراق‌و توركیا رێككەوتن لەسەر دروستكردنی بۆری گواستنەوەی نەوت لەنێوانیاندا بۆ هەناردەی نەوت لە عێراقەوە بۆ توركیا، هەر ئەو ساڵە دەست بە دروستكردنی كرا، لەساڵی 1976 كارەكانی تەواوكرا، لە مانگی 4 ساڵی 1984 لە گەرمەی جەنگی عێراق- ئێران دا، گواستنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە دەستیپێكرد، پەكەكە لە 28ی 3ی ساڵی 1984 دەستیكرد بە خەباتی چەكداری لەدژی سوپای توركیا، بۆیە لەگەڵ دەستپێكی پرۆژەكە پەلامارەكانی پەكەكەش بۆسەر بۆرییەكە دەستیپێكردوە، لەوكاتەدا پەكەكە تەنها 5 مانگ بوو دەستی بە خەباتی چەكداری كردبوو، وە تەنها دوای 4 مانگ لە كردنەوەی پرۆژەكەش لە 15ی 8ی هەمان ساڵدا پەكەكە بۆ یەكەمجار بۆرییەكەی تەقاندەوە، ئەمەش یەكەم هەنگاوی پەكەكە بوو بۆ بەئامانجگرتنی سێكتەری وزەی توركیا، دوای ئەوەش هەوڵەكانی پەكەكە بۆ لێدان لە كەرتی وزەی توركیا بەردەوامی دەبێت.
بەپێی توێژینەوەیەك لە زانكۆی ماریلاندی ئەمریكی لەماوەی نێوان ساڵانی 1992- 1994، پەكەكە زیاتر لە 5 جار پەلاماری كێڵگە نەوتییەكانی توركیای داوە لە پارێزگای باتمانی باكوری كوردستان، هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، بەگشتی لەنێوان ساڵانی 1988- 2016، پەكەكە 44 هێرشی جیاوازی بۆ سەر كەرتی وزەی توركیا ئەنجامداوە، لەو ژمارەیە 24 هێرشیان لەنێوان ساڵانی 2012- 2016 ئەنجامدراون.
دوای هاتنی "داعش"، مەلەفی نەوتی ناوچە جێناكۆكەكان كەوتە دەستی حكومەتی هەرێم، لە مانگی 4ی ساڵی 2014دا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی ئەوكات لە پەرلەمانی كوردستان رێككەوتنێكی 50 ساڵەی لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و توركیا راگەیاند، لە مانگی 5ی هەمان ساڵیشدا هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا دەستیپێكرد، بە راستەوخۆو بێ گوێدانە حكومەتی ناوەند، هەندێك لە چالاكیەكانی پەكەكەش لەم ماوەیەدان، بێگوێدانە رێككەوتنەكە، پەكەكە بەردەوامبوو لە بەئامانجگرتنی بۆری نەوتەكە، بەمەش لە مانگی 7ی ساڵی 2015دا جارێكی تر پەكەكە لە پارێزگای شێرناخی باكوری كوردستان بۆرییە نەوتەكەی تەقاندەوە، حكومەتی هەرێمیش رایگەیاند بەم هۆیەوە زیانی 250 ملیۆن دۆلار بەر حكومەتی هەرێم كەوتوە، لە مانگی 2ی ساڵی 2016دا لە پارێزگای ئورفا جارێكی تر پەكەكە بۆرییەكەی تەقاندەوە، حكومەتی هەرێمیش رایگەیاند بەم هۆیەوە رۆژانە زیانی 14 ملیۆن دۆلاریان پێكەوتوە، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو جارێكی تر هێزەكانی پاراستنی گەل (HPG) كە باڵی سەربازی پەكەكەیە، رایانگەیاند، دووبارە بۆرییەكی نەوتی هەرێمی كردۆتە ئامانج لە پارێزگای ماردین. 
ئامانجی پەكەكە لەم چالاكیانە ئەوەیە زیان بەكەرتی وزەی توركیا بگەیەنێت، پەكەكە دەیەوێت سود لەو قەیرانە ئابورییە قوڵەی توركیا ببینێت‌و بەئامانجی زیاتر لاوازكردنی ئابووری توركیا چالاكییەكانی ئەنجامدەدات، ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە پێناچێت ئامانجی پەكەكە لەم چالاكیانە زیانگەیاندن بێت بەكەرتی وزەی هەرێمی كوردستان وەك حكومەت‌و هەندێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم ئاماژەی بۆ دەكەن، چونكە پەكەكە تەنها چالاكی دژی ئەو بۆرییە نەوتەكەی هەرێم‌و توركیا نەكردوە، چالاكییەكانی پەكەكە دژی كەرتی وزەی توركیا گشتین نەك تایبەت بە بۆریی نەوتی ھەرێم، بۆ نمونە تائێستا پەكەكە زیاتر لە 10 جار پەلاماری بۆری گازی نێوان توركیاو ئێرانی داوەو تەقاندویەتەوە، زیاتر لە چوارجار پەلاماری بۆری گازی نێوان ئازەرباینجان‌و توركیای داوە كە ناسراوە بە (Baku-Tbilisi-Erzurum gas pipeline)، بەگشتی پەكەكە دۆخی ئابووری هەرێمی لەبەرچاوگرتوە، بەڵام لە ئێستادا پێیوایە پارتی‌و توركیا هەماهەنگیان كردوە بە ئامانجی زیانگەیاندن بە پەكەكە وەك ئەوەی ئێستا دەبینرێت كە پارتی هێزی جوڵەپێكردوە بە ئاڕاستەی بنكەو بارەگاكانی پەكەكە لە هەندێك ناوچەو لە دەڤەری برادۆستیش پێشتر هەماهەنگیان كرد بۆ نەهێشتنی هێڵی پەیوەندی لەنێوان پەكەكەی ناوچە بادینان‌و سۆران، پەكەكە پێیوایە لە دۆخێكی ئاوادا چیتر مەجبور نیه مراعاتی دۆخی ئابووری هەرێم بكات، بەردەوام دەبێت لە زیانگەیاندن بەكەرتی وزەی توركیا، ئەگەرنا پەكەكە ئەگەر ئامانجی كەرتی وزەی هەرێم بێت لە زۆر ناوچە بەتایبەت دەڤەری بادینان دەتوانێت زیانی گەورە بدات.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand