کێ سەرۆکی ئەمریکایە؟
2020-11-01 17:17:04
دانا حەمەعەزیز
تا ئێستا نزیکەی لە ٧٠% ی کۆی ژمارەی ئەوکەسانەی لە هەلبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ ی ئەمریکا بەشداریان کردبوو، دەنگیان داوە.
بەپێی سەرجەم ناوەندەکانی ڕاپرسی و پێشبینی، جۆ بایدن بە نزیکەی لە ١٠% لەپێش دۆناڵد ترەمپ ەوەیە. بەڵام لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك ناڕەستەوخۆ و لە ڕێگەی دەنگدان بە نوێنەرەکانی کاندیدی سەرۆکایەتیەوە ئەنجام ئەدرێ، پرۆسەکە ئاڵۆزە. هەر کاندیدێك، هیندەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، نوینەری هەیە واتە ٥٣٨ نوێنەر.
ژمارەی نوینەرەکان بەپێ ی ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکان دیاریکراون، بۆ نمونە کالیفۆرنیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٠ ملیۆنە، ٥٥ نوێنەری هەیە، بە دوایدا تەکساس ٣٨ نوێنەر، فلۆریدا و نیویۆرك هەریەکەیان ٢٩ نوێنەر، پەنسلڤانیا و ئێلەنۆی(شیکاگۆ و دەوروبەری) هەریەکەیان ٢٠ نوێنەریان هەیە...، ویلایەتە کەم دانیشتوانەکانی وەك ئالاسکا، داکۆتکای باکور و باشور، دیلاوێر، وایۆمین، ڤێرمۆنت، مۆنتانا و ناوچەی واشنتن ی پایتەخت هەریەکەیان تەنها سێ نوێنەریان هەیە.
بەپێی میژووی تازەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ٣٤ ویلایەت بەسەر دیمۆکرات و کۆماریەکان دا دابەش بوون و، بەبێ ململانێ، هەڵبژاردنیان تیا ئەنجام ئەدرێ. بۆ نمونە کالیفۆرنیا و نیویۆرك و ئێلەنۆی بۆ دیمۆکراتەکان یەکلاییە و کۆماریەکان ناتوانن ململانێیان بکەن. کەواتە ململانێی سەرەکی لەسەر ١٦ ویلایەتە کە گەورەترینیان، فلۆریدا و هەندێ جار تەکساسە. بەگوێرەی ئەنجامی هەلبژاردنەکانی ٣٠ ساڵی ڕابردوو، ئەوەی فلۆریدا بباتەوە، کۆشکی سپی ئەباتەوە.
بەگوێرەی ڕاپرسیەکان و ئەنجامی ئەوانەشی تائێستا دەنگیان داوە لە فلۆریدا، بایدن نزیکەی سێ خاڵ لە پێش ترەمپەوەیە بەڵام هێشتا ترس هەیە کە ترەمپ نەدۆڕێ.
لەهەر ویلایەتێك تەنها بردنەوەی ڕەها و دۆڕانی ڕەها هەیە. بۆ نمونە لە فلۆریدا ئەگەر بایدن بیباتەوە، هەر ٢٩ نوێنەرەکە ئەبات، یان بەپێچەوانەوە.
هەر کاندیدێك بۆ ئەوەی ببیتە سەرۆك، پێویستی بە بردنەوەی ٢٧٠ نوێنەر هەیە لەسەرانسەری ئەمریکا دا.
لە سەد سەعاتی داهاتودا دەرئەکەوێ، کێ سەرۆکی ئەمریکایە بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
هەرچەندە پێداگریی هەردو کاندید لەسەر خزمەت و نەخشەی ناوخۆیە، بەڵام ئەگەر بایدن بیباتەوە، گۆڕانکاری گەورە لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و خۆرئاوا ڕوئەدات کە ئێستا فرەنسا بە تەنیا سەرکردایەتی ئەکات.