هەرێمی سلێمانی وەك پرۆژەی دابڕانو رزگاری
2020-11-01 14:21:00
عەبدولڕەزاق شەریف
بیستو هەشت ساڵەو حوكمدارانی ئەم هەرێمی كوردستانە بەشێوەیەك بارودۆخی سیاسی، ئابوریو فەرهەنگی ئەم كۆمەڵگەیەیان تێكداوە، رایەڵەو تەونی پێكەوەبونیان بەجۆرێك هەڵوەشاندووە، هیچ گومانێك نەماوە لەوەی كە ئەوان بەرنامەی دوژمنەكانمان بە جێ ئەگەیەننو دەستی داگیركەران ئەیانجوڵێنێ.
بەدرێژایی سەدان ساڵو هیچ وێستگەیەكی بندەستیمان لەمڕۆ خراپتر نەبوە كە تێی كەوتوین، خۆ لە خۆڕا نیە، خەڵك هەناسە بۆ ژیانی بندەستی بەعس هەڵدەكێشێ. دوژمن هاتوەو پەلاماری خاكو نانو ئاوی داوین، بە عەرەبو توركو فارسیان كردوین، بە گازی ژەهراوی خنكاندویانینو بە كۆمەڵ لە گۆڕیان ناوینو ... هتد. بەڵام هەمیشە لە مێژودا، ئەو پەلامارانە خۆشەویستیو تەونی كۆمەڵایەتی، شكۆو كەرامەتی كۆمەڵی كوردەواریان بەهێزو بە هێزتر كردوە، بەعس توانی بە پارەو بۆ پارە سەدان هەزار كەس بەناوی جیا بە جاش بكات، بەڵام هەرگیز نەیتوانی خۆشەویستی پێشمەرگەو شۆڕش، رقی پیرۆزی گەل لە داگیركەران لە ناخی كۆمەڵی كوردەواریدا، نەهێڵێ یان كاڵ بكاتەوە، كە هەقیقەتی ئامانجی داگیركاری گەلان، شكاندنی شكۆو فەوتی تەونی كۆمەڵایەتیو خۆشەویستی نیشتمانە، كڕینی ویژدانو پۆستو پارە بەخشینەوە تەنیا وەسیلەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
گشت بیانو، بەهانەكان بۆ بەردەوامی ئەم حكومەتەی هەرێمی كوردستان، قیمەتی زبڵو زاخی زێرابیشی نەماوە، قەوارەی هەرێمو پیرۆزییەكانی، ئاڵاو ئاڕمی حوكمدارێتییەكەی، ئەوكاتە رێزی نەماو شكاو فەنا بو كە ژیانو بژێوی سەربەرزانەو متمانەو دڵنیایی نەما، كە لە سایەیاندا، شكۆو كەرامەتی كورد پارێزبەندی نەما، هەر كوردێكی بە ویژدان دۆخی كەركوكو دوزخورماتو لەگەڵ پۆزو پۆستو پوڵی مەسولەكانی كورد لە بەغدا ببینێت، هەزار جار ئەڵێ فەوتو فەنای حكومەتی هەرێمو قەوارەكەی هەر ئەمڕۆی لە سبەینێی باشترە، ئەمە بانگی هەق نیە بۆ پەلكێشكردنی بەغداو گەڕانەوە بۆ سەردەمە تاریكەكان، وەك حكومدارەكانی هەرێم بانگەشە ئەكەن، لە بنەڕەتدا ئەو حیزبانە خۆیانن، بە سەدان رایەڵەی ئابوری، ئەمنیو سەربازیی لەپێناوی مانەوەو بەرژەوەندی خۆیاندا، بە ئەنقەرەو بەغداو تارانەوە گرێدراون!
ئەو قسانەشی كە ئەڵێن (قەوارەی هەرێم بە خوێن بە دەست هاتوەو گەر نەمێنێ گورگ ئەمانخواتو كابە كەچ ئەبێ)، تەنیا بۆ گەوجاندنی خەڵكەو بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئامانجی داگیركەرانە، چونكە ئەوەی خوێنی بۆ دراو ئەوانەی خوێنیاندا، هەرگیز ئەم قەوارەیە نەبوەو بۆ هاوشێوەی ئەم قەوارەیە نەبوە، میلەتی ئێمە بۆ مانەوەو شكۆی خۆی خەباتی كردوە، بۆ ژیانو سەروەری خاكەكەی قوربانیداوە، بۆ عەدالەتی كۆمەڵایەتیو پێشكەوتنو ئازادی تێكۆشاوە، هەمو ئەو ئامانجانەش ئێستاو لەسەر دەستی ئەم حوكمڕانانەی هەرێم لە مەترسی گەورەدانو مامەڵەی كڕینو فرۆشتنیان لەگەڵ داگیركەراندا پێدەكرێت، كاریان گەیشتوە بە هەڵوەشاندنەوەی تەونی كۆمەڵایەتیو هەمو كایەكانی ژیانیان بێ بەها كردوە. وشیاركردنەوەی كۆمەڵ، خێزانو تاك لەو درۆو دەلەسانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەناوی پاراستنی قەوارەی هەرێمەوە ئەیكەن ئەركی سەرەكی قۆناغەكەیەو مەترسی گەورەی ئێستاو ئایندەی میلەتەكەمان مانەوەی ئەوانو كورسی حوكمدارێتیەكەیانە، بۆیە هەنگاوی رزگاری لەوان ئەكرێ لە خێزان یان گوندێكەوە كاری بۆ بكرێو سەرپێ بكەوێ، خۆ جیاكردنەوەشمان لەو بنەماڵە سیاسیانە هەرگیز بە مانای دابڕان لە خاكی نیشتیمان نیە، بەپێچەوانەوە هەنگاوی یەكەمی گەڕانەوەی ئینتیماو هەستی خۆشەویستی كوردو كوردستانە، ئەفەرۆزكردنی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم مانای رەتكردنەوەی حاكمیەتی ئەنقەرەو تارانو بەغدایە، رەتكردنەوەی ئەوان سەرەتای ژیانێكی نوێو ئایندەیەكی رونو گەشی نەوەكانی داهاتومانە.
پرۆژەی بە هەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی، ئەو هەنگاوی یەكەمەیەو تیایدا، بە نوسینی دەستوری هەرێمەكە، هەمو ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ حیزبو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیو ناوەندی بەغدا، رێكدەخرێتەوە. هەمو ئەو كەسو لایەنانەشی دەستیان لە وێرانەییو داگیركاری، یا زەوتكردنی موڵكو ماڵی گشتیدا هەبوە، لە دادگایەكی سەربەخۆدا، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ئەكرێت، ناكرێت كەسانێك مامەڵەی كڕینو فرۆشتنیان بە خوێنی شەهیدو قوربانییەكانی میلەتەكەمانەوە كردبێو بە كۆمەڵ تەسلیمی ئیرادەی داگیركەرانیان كردبینو لەو هەمو سەروەتەی كوردستان خێزان بە خێزان قەرزاریان كردوین، بە عەفو داواكردنێك وەك بەرزەكی بانان بۆی دەربچن.
دەستورو یاسا بەركارەكانی ئەمڕۆی عێراق بەهیچ دەقێك ئێمەی پابەندو ئیجبار بە بەشداری كردن لە پۆستو پایەكانی حكومەتی مەركەزیدا نەكردوە، بۆیە ئەمڕۆی هەنگاوی یەكەمی چارەسەر پێش دابڕان لە ناوەندی دەسەڵاتی هەولێر، لە دابڕان لەگەڵ ناوەندی دەسەڵاتی بەغداوە دەست پێدەكات.
شایستە داراییەكانی هەرێمەكانو ئیمتیازاتەكانیان بە دەستور پارێزراوە، هەر وەك چۆن دەسەڵاتە فیدراڵیەكانو ئەركەكان دیاریكراوە، هەرێم لە عێراقدا، جگە لە نوێنەرێك بۆ پەیوەندیو هەماهەنگی پێویستی بە لەشكرێ وەزیرو گزیر، پلەو پۆستی روگیر، لە بەغدا نیە! ئەوەی لەم حەڤدە ساڵەدا كورد لە بەغدا كردویەتی جگە لە هەڵەی كوشندەی نیشتیمانیو نەتەوەیی، شەراكەتو بەشداری لە دزیو تاڵانی هیچیتر نەبوە، بە كۆمەڵ نوێنەرەكانمان ئاویان بەو ئاشەدا كردوە كە سەد ساڵە گەلی ئێمە ئەهاڕێ. بۆیە ئەبێ دانیشتوانی پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجە، گەرمیانو راپەڕین ئەو راستیە بزانن كە پرۆژەی بە هەرێمكردنی پارێزگاكەیان كشانەوەو دابڕانە لە دوانەی دەسەڵاتە گەندەڵو تاوانكارەكانی هەولێرو بەغدا، دابڕانێك كە دەستورو یاسا بەركارەكانی عێراق رێگەی پێداوینو بە پشتیوانی خەڵكەكەی خۆمان جێبەجێی ئەكەین.