Draw Media

ئایا كات ماوه‌ بۆ رزگاركردنی عیراق لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ؟

ئایا كات ماوه‌ بۆ رزگاركردنی عیراق لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ؟

2020-10-30 06:19:07


سابیری سه‌ندیكا 

ئه‌مریكا به‌و هه‌موو توێژینه‌وه‌ زانستی و پێشكه‌وتنانه‌ی له‌بواری پێكوته‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنادا كردوێتی، ئه‌وا وه‌كو هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی سیاسی ‌و ئیداریی هه‌رێم به‌ره‌هایی مژده‌ی چاره‌سه‌ری رانه‌گه‌یاندووه‌، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش هه‌مان ئه‌و به‌رپرسه‌ ئیدارییانه‌ رایانگه‌یاند كه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ر خۆپارێزییه‌.
ئه‌و شوێن و جێگایانه‌ وه‌ك ماڵی خۆت نییه‌، یه‌ك كه‌س به‌ متمانه‌ و پاك و خاوێنییه‌وه‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ت بۆ ئاماده‌ بكات، یان ته‌نیا ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ت له‌چوار ده‌ورت بن، ده‌یان و سه‌دان كه‌س ده‌چنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ به‌بێ خۆپارێزیی.
خه‌ڵكانێك هه‌ن به‌ڕۆژ سه‌رمای بووه‌، كه‌چی شه‌و دره‌نگ خۆی ده‌كات به‌ یانه‌یه‌كدا تا به‌خه‌یاڵی خۆی كه‌شێكی خۆش بۆخۆی بڕه‌خسێنێت داوای بیره‌ی سارد و خواردنه‌وه‌ی كهولیی سارد ده‌كات. ئیدی بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و سه‌رمای بووه‌ و پێویسته‌ قاوه‌ و نیسكافه‌ و خواردنه‌وه‌ی گه‌رم بخواته‌وه‌، نه‌ك بیره‌و خواردنه‌وه‌ی سارد، له‌كاتێكدا له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌موو جیهان هه‌ر ئه‌وه‌ی وتووه‌، خۆپارێزی باشترین چاره‌سه‌ره‌، تا ئه‌مڕۆش ئه‌وه‌ هه‌روایه‌.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان بێت، له‌ شارێكی وه‌ك سلێمانی یان شاره‌كانی تری باشووری كوردستان رۆژانه‌ چه‌ند كه‌سێك به‌هۆی ئه‌و ڤایرۆسه‌وه‌ گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌شی كه‌ په‌تاكه‌یان گرتووه‌، پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌، پێشبینیش ده‌كرێت، په‌تاكه‌ زیاتر په‌ره‌بسێنێت و قوربانیی زیاتریشی لێ بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسانی ته‌ندروستیی هه‌رێم، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك ده‌ڵێن له‌ مانگی 11 دا جاریكی تر ئه‌م ڤایرۆسه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كاته‌وه‌.
جا هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی له‌به‌رده‌می په‌رستگه‌ و چایخانه‌ و بازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا كۆده‌بنه‌وه‌ چ بۆ نوێژی جه‌ماعه‌ت، یان چایی ده‌خۆنه‌وه‌ یاخود به‌حساب له‌ شوێنه‌ ته‌رفیهییه‌كاندا جه‌وێك ده‌گۆڕن، هاكا ڤایرۆسه‌كه‌ خۆیكرد به‌ناو ده‌م ‌و لوتیاندا و ئه‌وانیش گواستیانه‌وه‌ بۆ خێزان ‌و ده‌وروبه‌ریان.
هه‌ندێك كه‌س گومانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌رپرسانی ئیداریی هه‌رێم دۆخی كۆڕۆنایان قۆستبێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی ده‌رماندا رێككه‌وتبێتن، به‌ناوی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ڤایرۆسی كۆڕۆناوه‌، له‌ژێره‌وه‌ چه‌ندین ساتوسه‌ودای تریان كردبێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و هه‌ندێك به‌رپرس له‌نه‌زانیینه‌وه‌ كه‌وتبنه‌ ته‌ڵزگه‌وه‌، كه‌ بۆخۆم هیوادارم ئه‌وه‌ وانه‌بێت.
له‌ هه‌ندێك میدیاوه‌ وا باس ده‌كرێت كه‌ ئێستا ته‌نها سلێمانی هێنده‌ی چه‌ند پارێزگایه‌كی تری عیراق گیانله‌ده‌ستدانی به‌و ڤایرۆسه‌ تێدا تۆماركراوه‌ و گوایه‌ پارێزگاری سلێمانی له‌سه‌ر ئاستی عیراق رێزبه‌ندیی یه‌كه‌می گرتووه‌ و به‌غدا له‌ پله‌ی دووه‌مدایه‌ و هه‌ولێرش به‌ پله‌ی سێیه‌م دێت.
جێگه‌ی داخ و ئازارێكی زۆره‌ و ئێمه‌ی مرۆڤ رانه‌هاتووین له‌گه‌ڵ ئه‌مجۆره‌ تاقیكردنه‌وه‌ قورسه‌دا مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی خه‌ڵك تێیدا كۆده‌بنه‌وه‌، داخران و راگیران، ژیان و كه‌سابه‌ت له‌ زۆرینه‌ی وڵاتانی دنیادا وه‌ستێنرا. كافیتریا و چایخانه‌كان، دوكانی له‌فه‌ و چێشتخانه‌كان، عه‌ره‌بانه‌ و ده‌ستگێڕه‌كان هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت ببنه‌ هۆی تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌كخران.
ئه‌گه‌ر وابێت كه‌ هه‌ندێك له‌ میدیاكان باسی ده‌كه‌ن، ئێستای عیراق به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش كوردستان سه‌باره‌ت به‌ كۆرۆنا له‌ دۆخی سه‌ره‌تای ئیتاڵیا ده‌چێت و پێویسته‌ فریای خۆیان بكه‌ون، پێوسته‌ هاووڵاتیان كه‌لتووری خۆپایزیی په‌یڕه‌وبكه‌ن. ناشێت تۆ تووشی نه‌خۆشییه‌ك بوویت كه‌ پژمه‌و كۆكه‌ت هه‌یه‌ و لووتت ته‌ڕه‌، به‌ڵام به‌ عینادی هاتوچۆی مزگه‌وت ده‌كه‌یت ‌و ده‌چیته‌ نوێژی هه‌ینی، یان گازینۆ و كافیتریا ‌و شوێنی قه‌ره‌باڵغ. ئاخر كه‌ی ره‌وایه‌ و چۆن ده‌بێت هۆڵه‌كه‌نی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستانی عیراق به‌گشتی و به‌تایبه‌تی هۆڵی نوێژخوێندنی مزگه‌وته‌كان دووسه‌د كه‌س ده‌گرێت، چوارسه‌د كه‌س خۆیان تێ بترنجێنن؟
به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی ده‌وترێت رۆژ به‌ڕۆژ عیراق مه‌ترسیدارتر ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ڵكشانی هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشی گروپه‌ چه‌كداره‌كان بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا ‌و نێرده‌ بیانییه‌كان رۆژبه‌ڕۆژ له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، ئابووریی عیراق و كوردستان تووشی شكستێكی گه‌وره‌بوون، گروپه‌ شیعه‌كان ئێستا كۆنترۆڵی به‌شی زۆری عیراقیان كردووه‌ له‌ڕووی ئه‌منی ‌و سیاسی ‌و ئیداریی ‌و ئابوورییه‌وه‌، سونه‌كانیش له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتدا خۆیان به‌ په‌راوێزخراو ده‌زانن، بۆیه‌ پێناچێت مسته‌فا كازمی وابه‌ئاسنی چاكسازیی پێبكرێت وه‌ك له‌میدیاوه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات.
جگه‌ له‌ویش به‌رپرسه‌كانی دیكه‌ی عیراق خۆیان راستییه‌كان ده‌دركێنن له‌باره‌ی كێشه‌و ئاریشه‌كانه‌وه‌، لێره‌دا پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ كات ماوه‌ بۆ رزگاركردنی عیراق؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand