Draw Media

هەنــــاری هـــەڵــــەبـــجە

هەنــــاری هـــەڵــــەبـــجە

2020-10-29 10:52:35


ســــەرکۆ یونس*

پایزی هەموو ساڵێک تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵــەبجە و لایەنەپەیوەندیدارەکانی کشتوکاڵی هەڵەبجە بەهاوکاری میدیا و میدیاکاران کەرنەڤاڵ و ڤیستیڤاڵێکی ناوازەی هەنارو بەرهەمە پاییزیەکان وهەندێ کاری دەستڕەنگینی و خۆراک و خواردەمەنی پێشکەش  بەخەڵکی هەڵەبجە و میوانەکان دەکەن...

هەرێمی کوردستان بەگشتی و سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەتایبەتی زەوی وکەشوهەوایەکی لەبارو گونجاوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هەنار بەشێوەیەک کە تام و ڕەنگی تایبەتی هەیە و لەهەناری ناوچەکانی ترو هەناری هاوردەی وڵــاتان جیاوازترە.
لەم سنورە (11) جۆر هەنار بەرهەم دەهێنرێت و نزیکەی (30) هەزار تەن بەرهەمی ساڵــانەی پارێزگای هەڵەبجەیە و ڕووبەری هەشت هەزارو پێنج سەد دۆنم باخی هەنار هەیە و بەردەوام لەزیادبووندایە.

هەڵـــەبجەو هەنار دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاون و بەدرێــژایی مێژووی کشتوکاڵــــی ناوچەکە هەنار هەڵەبجەی بێ بەش نەکردوە لە جوانی و لەتەنیایـــدا بەجێ ی نەهێشتوە تەنانەت لە کارەساتی کیمیابارانکردنی (16 ئازاری 1988) هەنار هەر بەپێوە بووە و شاهێدحاڵێکی نەبیستراوی کارەساتەکەیە..

خواستی خەڵک و بەکاربەران بۆ هەناری هەڵەبجە خواستێکی تایبەتە و ساڵــانە لەشارەکانی تری کوردستانەوە خەڵکێکی زۆر وەک میوان و گەشتیار و کڕیاران دێنە هەڵەبجەوە پێوسیتیەکانیان لە هەناری سازان و گوێزی هەورامان و زەیتی زەیتونی ڕاسان و دۆینەو کەشک و ترخێنە و مرەبای میوەکان و هەنجیرو تووی ووشک و بنێشتی کوردی ڕەسەنی ناوچەی بۆین و دۆشاوی هەنار و توو و بەرهەمە پایزییەکانی تر پڕدەکەنەوە بەدیاری ناوازەی دەستڕەنگینانی ڤیستیڤاڵەکە دەگەڕێنەوە.

خواستی بازاڕەکانی شارەکانی هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراق خواستێکی گەورە و هەمیشە و بەردەوامە بەتایبەت لەم وەرزەدا ئەمەش بۆ لایەنی بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵــــی گرنگە و جێگەی بایەخە.

هەنار یەکێکە لەو حەوت میوەیەی کە خواستی بەردەوامی لەسەرە و بەهۆی ئەو سوودە تەندروستیانەی کەلە هەنارەوە دەست دەکەوێت بۆ لەشی مرۆڤ لەوانە بەرگری لەش بەهێز دەکات و سەرچاوەی سەرەکییە بۆ ڤیتامین(C) و بۆ خوێن و دڵ بەسوودە و یارمەتی زوو هەرس کردن دەکات و بۆ دابەزینی کێشی لەش بەسوودە..

خۆشبەختانە وەزارەتی کشتوکاڵـــی حکومەتی عێراق لە(22 ئۆکتۆبەر) هاوردەکردنی هەناری لەسەرجەم خاڵەسنورییەکان قەدەغەکرد و حکومەتی هەرێمیش هەمان بڕیاری دەرکرد،بێ گومان ئەم بڕیارە گرنگە و سوودی دەبێت بۆ خاوەن باخ و بەرهەمەکان ،بەڵــام بەداخەوە سەرەڕای دەرکردنی بڕیاری قەدەغەی هاوردەی هەنار هێشتا بە قاچاخ دێتە بازاڕەکانی هەرێمەوە بەتایبەت هەناری سووری و میسری،بۆیە پێویست دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی باشتر لەم لایەنەوە بنێن،لەگرنگترین هەنگاو سەپاندنی باجی گومرگی زیاترە بۆ هاوردەی ئەم بەرهەمە بۆ ئەوەی لەناوخۆ نرخی بەرز ببێتەوە و خواستی کەم ببێت..

گەورەترین گرفت ساغکردنەوەو بەبازاڕکردنی بەرهەمی هەنارە لەبازارەکانی کوردستاندا و لەئێستادا کێشەو گرفتەکانی ئەم بەرهەمەیە و بەداخەوە تا ئێستا چارەسەرنەکراوە،خۆشبەختانە بەپێ ی لێدوانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڕیارە کۆمپانیایەک هەنار هەناردەی دەرەوە بکات .

هەماهەنگی و بوونی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی کشتوکاڵــی و بازرگانی و دارایی هەرێم و بەغدا گرنگە و پێویستە بەتایبەت بۆ ئاسانکاری گواستنەوەی بەرهەمی ناوخۆی عێراق بۆ سەرجەم شاروشارۆچکەکان بەبێ باجی گومرگی و روسومات.


هەروەها نەبوونی ساردکەرەوە(براد) بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی هەنار یەکێکە لە ئاریشەکانی تر چونکە بەرهەمی هەنار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە زۆرە و بەڕێژەی گەورەیە و لە خواستی ناوخۆیی سنورەکە زیاترە...

ڤیستیڤاڵـــی هەنار و پایزی هەڵەبجە لەڕووی ئابوری و کۆمەڵـــایەتییەوە چەندین سوودو کەڵکی هەیە لەوانە:- 

* ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆی ناوچەکە کەساڵــانە خۆشبەختانە زیاد لە پێویستی خواستی دانیشتوانی هەڵەبجەی هەیە و خاوەن باخ و بەرهەمەکان بەدوای خواست و بازاری نوێ دا دەگەڕێن ئەمەش دەرفەتێکی باشە لەم لایەنەوە و دەبێتە دەرچەیەک بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان.
* سەردانکردن و هاتووچۆی هاونیشتیمانیان لە شاروشارۆچکەکانی ترەوە پەیوەندی کۆمەڵــایەتی دانیشتوانی هەڵەبجە و شوێنەکانی تر پتەوترو بەهێزتر دەکات .
* ئەم ڤیستیڤاڵە سەرچاوەیەکە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و لاوانی بێکارو بێ داهاتی شارەکە،بەتایبەتی ژنان و کچانی دەسترەنگین بەداخەوە لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕێژەی بێکاری بەرزە بەتایبەت لەناو چینی خاوەن بڕوانامەی زانکۆیی و دەرفەتی کارکردن لەم شارە کەمە بەهۆی دانەمەزراندن لەکەرتی گشتیدا و لاوازی کەرتی تایبەت لەشارەکە..
* جوڵــان و جموجوڵی بازاڕ بەگشتی و چێشتخانەو چایخانە و مارکێت و کافتریاکان،بەهۆی هاتنی میوان و گەشتیارو کڕیارو سەردانیکەرانی ڤیستیڤاڵــــەکە بەشێوەیەک چالاکی ئابوری لەبازاڕی هەڵەبجە پەیدا دەبێت.
* ناساندن و ئاشنابونی شوێنە گەشتیاریەکانی سنوری پارێزگای هەڵــــەبجە بە میوانەکان و کڕیاران بەتایبەتی ئەو شوێنەگەشتیاریانەی لەشارەوە نزیکن وەک چاوگی باوەکۆچەک و عەبابەیلێ و گوڵان.
* پیویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ هەناردەکردنی بەشێک لەم بەرهەمە ناوازەیە کە بەدڵنیاییەوە لەبازارەکانی دەرەوە خواستی باشی لەسەر دەبێت و نرخێکی بەرز دەکات بۆ ئەمەش هاوکاری و پاڵپشتی حکومەت گرنگە.
* پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی پلانی تایبەتیان هەبێت بۆ بەپیشەسازی کردنی بەرهەمی هەنار بەتایبەتی کارگەی شەربەت و سرکەی هەنار بۆ ئەوەی سودی زیاتری هەبێت بۆ خاوەن باخ و جوتیارەکان.
* ئەنجامدانی چالاکی هونەری وەک گۆرانی و مۆسیقا و خستنەڕووی وێنەکان و هونەری شێوەکاری و هتد هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ راکێشانی زیاتری گەشتیارو میوانی ڤیستیڤاڵــــەکە.
هیوادارین ئەم ڤیستیڤاڵـــە ببێتە هەنگاوێک بۆ ئاوڕدانەوەی زیاتر بەم پارێزگایەو حکومەتی هەرێم بەپلان و بەرنامەی درێــژ خایەن و ستراتیژی گرنگی بدات بە لایەنەکانی ئابوری بەگشتی و کەرتی کشتوکاڵی و باخداری بەتایبەتی بۆ ئەوەی بتوانرێت فرە سەرچاوەی داهات بۆ خەڵک برەخسێنرێت... 

*ئابوریناس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand